بنەماڵەی شەنیاشار: حکومەت لە لێواری ڕووخانە
خێزانی شەنیاشار ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتی تا بەدیهاتنی دادپەروەری، دەڵێت: «ئەم دەسەڵاتە دڵڕەق و ستەمکارە لە لێواری ڕووخانە و ئێمە چاوەڕێی ١٤ ی ئایار دەکەین».
خێزانی شەنیاشار ڕایگەیاند بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتی تا بەدیهاتنی دادپەروەری، دەڵێت: «ئەم دەسەڵاتە دڵڕەق و ستەمکارە لە لێواری ڕووخانە و ئێمە چاوەڕێی ١٤ ی ئایار دەکەین».
خزمان و پاسەوانانی پەرلەمانتاری ئاکەپە لە ڕوحا ئیبراهیم خەلیل یەڵدز لە ١٤ ـی حوزەیرانی ٢٠١٨ لە شارۆچکەی پیرسوس سەر بە ڕوحا هێرشیان کردە سەر بنەماڵەی شەنیاشار، لە هێرشەکەدا هاوسەر و دوو لە کوڕەکانی ئامینە شەنیاشار کوژران. لە ئاکامدا، ئامینە و کوڕەکەی فەرید، لە ٩ ـی ئاداری ٢٠٢١ ـەوە چالاکی «ئێشکگرتنی دادپەروەری» بەڕێوەدەبەن لەبەردەم دادگای ڕوحا، ئێستەش چالاکییەکە پێی ناوەتە ڕۆژی ٧٥٩ ـەوە.
ئامینە شەنیاشار و مناڵەکانی لە ڕۆژی عەرەفە ڕوویانکردە گۆڕستانی پیرسوس، چوونە سەردانی گۆڕی هەردوو کوڕەکەی عادل و جەلال شەنیشار و گۆڕی هاوژینەکەی حاجی ئەسڤەت شەنیاشار، هەروەها دوعای لێخۆشبوونیان بۆ کردن.
فەرید شەنیاشار ویستی لەسەر گۆڕی براکەی و باوکی وتارێکی کورت پێشکەش بکات، بەڵام پۆلیس ڕێگری لێ کرد، هەروەها پۆلیس دەستیگرت بەسەر کامێرای پەیامنێری (MA) و ڕێگەی نەدا بە وێنەگرتن، بەڵام بنەماڵەی شەنیاشار بەگژ پۆلیسدا چوونەوە و لە دەروازەی گۆڕستانەکە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە:
«ئەمڕۆ هاتینە سەر گۆڕستان بە بۆنەی ڕۆژی عەرەفەوە، هێزە ئەمنییەکان پێچەوانەی یاسا و بە فەرمانی دەسەڵاتداران ڕێگەیان نەدا دایکێک گوزارشت لە ئازارەکانی بکات، ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە لە لێواری ڕووخانە، ئێمە چاوەڕێی ڕۆژی ١٤ ی ئایار دەکەین، ئەم زیهنیەتەی چەندەها ستەم و سەرکوت و پێشێلکاری دەکات و ئەندامەکانی دەپارێزێت، بێگومان دەدۆڕێت و دادگایەکی سەربەخۆ و بێلایەن دێتەپێش، ئەو کەسەی ئەم کوشتارەی ئەنجامدا لەلایەن دادگایەکی سەربەخۆوە سزا دەدرێت».
پاش سەردانی گۆڕستانەکە، بنەماڵەکە گەڕانەوە بەردەم دادگای ڕوحا بۆ درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکەیان تا بەدیهاتنی دادپەروەری.
ف.ق