بەرخۆدانی بنەماڵەی شەنیاشار لە ٣٤٩هەمین ڕۆژدایە

بنەماڵەی شەنیاشار بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ ئەندامانی خێزانەکەیان، کە کۆمەڵکوژکراون، لە چالاکی بەردەوامن و ڕایانگەیاند، داواکاری بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بووە بە هیوای کۆمەڵگا.

لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا، کەسوکار و پاسەوانەکانی پەرلەمانتاری ئاکەپە ئیبراهیم خەلیل یڵدز هێرشیان کردە سەر دوکانی بنەماڵەی شەنیاشار لە شاری پرسوسی پارێزگای رحا لە باکووری کوردستان. لەو هێرشەکەدا هاوژینی ئەمینە شەنیاشار و دوو کوڕی کوژران. هەروەها فەرید شەنیاشاری کوڕی بریندار بوو.

دایە ئەمینە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی بەمەبەستی دەستگیرکردن و دادگاییکردنی بکوژان و تاوانباران ماوەی ٣٤٩ ڕۆژە چالاکیی ئێشکگری لە بەردەم دادگای رحا ڕێوەدەبەن.

 لە بەر ئەوەى لە رۆژانی پشوودا دادگای رحا دادەخرێت، بنەماڵەی شەنیاشار لەو رۆژانەدا لە ماڵەکەی خۆیاندا درێژە بە چالاکییەکەیان دەدەن.

بنەماڵەى شەنیاشار لەبارەی ئەو بابەتەوە لە هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیاندا بڵاویکردەوە: "داواکاریمان بۆ دادپەروەری بووەتە هیوای کۆمەڵگا. هەموو ڕۆژێک لەبەردەم دادگا دادەنیشین، هەزاران کەس نەفرەتتان لێ دەکەن. ئایا وەزیری داد ئاگای لەو دایکە نییە، کە لەبەردەم دەرگای دادگای رحا داوای دادپەروەری دەکات؟".

ژ.ت