بە دیمەن

بەرنامەی 'دڵی چیا' هەموو ڕۆژانی شەممەیەک لە ستێرک تی ڤی پەخش دەکرێت

بەرنامەی 'دڵی چیا' کە باس لە ژیان و تێکۆشان لە تونێلەکانی شەڕ دەکات، هەموو شەممەیەک کاتژمێر ٢٠:٠٠ لە ستێرک تی ڤی پەخش دەکرێت.

تونێلەکانی شەڕ

بەرنامەکە لەسەر وردەکارییەکانی تێکۆشان و ژیان لە تونێلەکانی شەڕدا هەموو شەممەیەک کاتژمێر ٢٠:٠٠ لە ستێرک تی ڤی  پەخش دەکرێت.

زانایەک پەیوەست بە وەسفی وڵاتەکەی گوتبووی؛ "لە دڵی چیاکاندا تۆم شاردەوە". وڵاتەکەی و ئیشقی وڵاتەکەی بەمجۆرە پێناسە کردبوو. کورد چیایین، ئەوینداری چیان... بە ڕێبازی ئەویندارانە چووینە چیاکان و بۆ ئەو ئەوینەی کە لە دڵی چیاکاندا شاردرابوونەوە گەڕاین.

ئەمە ئامادەکردنی بەرنامەیەکی تایبەتە بۆ ڕاگەیاندنی ئازاد لە چیاکانی کوردستان. لە ڕاستیدا هەوڵماندا بەرهەمێکی هاوشێوەی بەڵگەفیلم ئامادە بکەین. بینیمان کە لە کەناڵەکانی پڕوپاگەندەی شەڕی تایبەتدا بۆ تێکۆشانی گەریلاکان لە دژی تونێلەکانی شەڕ چەندین هەواڵ و زانیاریی هەڵە هەیە. هەروەها لەبەر ئەوەی تا ئێستا بەرنامەکان زۆرتر لەسەر شەڕوپێکدادانەکان ئامادەکراون، زۆر شت هەیە کە گەلەکەمان مەراقی دەکەن و زانیاری زۆر کەمیان لەسەرە. وە لە ڕاگەیاندن/ئینتەرنێتدا زانیاری و دیمەنەکان سەبارەت بە تونێلەکانی شەڕ تەنانەت لەسەدا ١ی ڕاستییەکان نین. لەم تونێلانەی شەڕدا، دەوڵەمەندی هزری، زیرەکی مرۆڤەکان، قوڵایی تێگەیشتن لە شۆڕش، ئیرادەی هێڵی ئاپۆیی، گەرمی هاوڕێتی، مۆڕاڵی گەریلاکان، شێوازی ژیان و تێکۆشانی گەریلاکان... جیهانێکی ئەفسوناوی هەیە. گەریلاکان نەیاندەویست هەندێک شوێن و خەباتیان نیشان بدەن، هەروەها ڕێگە نەدرا لە نزیک هەندێک شوێن ببینین. چونکە لە تێکۆشانی گەریلادا، لە شەڕی نوێدا کۆمەڵێک نهێنی سەربازی هەیە و ئێمەش پێداگریمان لەسەر ئەوە نەکرد کە بچینە هەموو شوێنێک و دیمەنی هەموو شتێک تۆمار بکەین.

قۆناغی تۆمارکردن و ئامادەکردنی ئەم بەرنامەیە بۆ ماوەی سێ وەرز بەردەوامبوو. لەم پڕۆسەیەدا گەواهیدەری پێشهاتە مێژووییەکانی وەک کۆنگرەی ١٢ی پەکەکە بووین و تۆمارمانکرد. بێگومان ئەمانە بابەتی ئەم بەرنامەیە نین، بەڵام ئەم پێشهاتانە هۆکاری درێژبوونەوەی ئەم پرۆسەیە بوون. لە تەواوی بەرنامەکەدا چەندین جار لە هەڤاڵانی گەریلا پشتگیریمان وەرگرت. هەندێک جار ڕووناکیان بۆ دەگرتین، هەندێک جار کامێراکانمانیان هەڵدەگرت و هەندێکجاریش دەیانبردین بۆ هەندێک شوێن. هەندێ جار پێش ئەوەی بڕۆین مەودایەکی زۆر لە پێشمانەوە دەرۆشتن، بەمجۆرە توانیمان بە سەلامەتی بەرنامەکەمان ئامادە بکەین... لەم بەرنامەیەدا ڕەنجی سەدان گەریلا هەیە، بەڵام بەداخەوە هەموویان نیشان نادەین و ناوەکانیان بە بیرناهێنینەوە. هەندێک لە هەڤاڵان داوایانکرد ڕوخسار و ناویان نەبینرێت، ئێمەش ڕێزمان لە بڕیارەکەیان گرت. لێرەوە سوپاسی هەموو ئەو هەڤاڵانە دەکەین کە ڕەنجیان داوە.

تا ئەوەی توانیمان دیمەن، سروشتی ژیانی گەریلاکانمان بە کورتی نیشان دا. هەوڵماندا هەموو گفتوگۆکان لەسەر خەباتی هەموو گەریلاکان، وەڵامەکانیان بۆ پرسیارەکانمان و دیمەنەکانیان تۆمار بکەین. زۆر جار پێش بەرنامەکە مایکەکەمانمان بەبێ زانیاری هەڤاڵان دەخستە پێشیان. ماڵی هەموویان ئاوا بێت داواکانیانی ئێمەیان قبوڵ دەکرد و وەڵامی پرسیارەکانمانیان دایەوە... نەمانتوانی هەموو دیمەنەکان تۆمار بکەین؛ هەندێک دیمەن لە لایەن گەریلاکانەوە بۆمان نێردراوە کە دوور بوون لە ئێمەوە، لە هەندێک دیمەن هەڤاڵانی شەهید هەبوون و هەندێکیش وردەکاری ژیانی خۆیان بوو. هەروەها چەندین دیمەنمان لە ڕاگەیاندنی هەپەگە گرت و سوپاسی هەموو ئەو هەڤاڵانە دەکەین.

هیوادارین ئەم بەرنامەیە تونێلەکانی شەڕ و  هەندێک مەراق، بۆچوون، هەست و هەڵوێستی گەریلاکان بخاتە پێش چاوان... ئەم پرسیارەمان لە خۆمان کرد؛ لە دڵی چیاکاندا چی هەیە؟ چی دەدۆزینەوە؟ لە دڵی چیاکاندا بینیمان؛ فیداکاری، هۆشیاری، ڕەنج، زانست، داهێنان، جوانی، پەروەردە، حەقیقەت، ئەڤین، ڕۆحی ئازادی، سەرکەوتن و هونەر هەیە.