ڕێبوار تەها: کەرکوکییەکان باجی ململانێ سیاسیەكانیان داوە
پارێزگاری کەرکوک لە یەکەم وتاریدا ڕایگەیاند: "نامەوێت ئایندەی ڕۆڵەکانی کەرکوک وەک ئێمە بێت و لەنێو ململانێی سیاسیدا بن".
پارێزگاری کەرکوک لە یەکەم وتاریدا ڕایگەیاند: "نامەوێت ئایندەی ڕۆڵەکانی کەرکوک وەک ئێمە بێت و لەنێو ململانێی سیاسیدا بن".
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێبوار تەها پارێزگاری شاری کەرکوک، دوای سوێند خواردنی لە سەرۆکایەتیی دادگای شارەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وەک پارێزگاری نوێی کەرکوک دەستبەکاربوونی خۆیی ڕاگەیاند و داوای پشتیوانی و کاری پێکەوەیی لە تەواوی پێکاتەکانی شارەکە کرد و ڕایگەیاند، لەمەودوا تاکە ناسنامەی کەرکوکییەکان، کەرکوکبوونە، هەروەها ناوبراو ووتیشی "بۆ پێکەوەژیانی ڕاستەقینە و سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک کار دەکەین، بۆ ئەوەی چیتر خەڵکی شارەکە باجی ململانێ سیاسییەکان نەدەن".
"لەپێناو بنیاتنانی کەرکوک و پێکەوە ژیانی ڕاستەقینە کاردەکەین"
لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، لە یەکەم وتاریدا وەکو پارێزگاری کەرکوک، ڕێبوار تەها پەیامێکی ئاڕاستەی کەرکوییەکان کرد و وتی: "خوشک و براکانم هەموو هاوڵاتییانی کەرکوک، ئەمڕۆ لێرە لەدوای سوێند خواردنی یاسایی لە سەرۆکایەتی دادگایی کەرکوک دەست بەکار بووم وەک پارێزگاری نوێی کەرکوک، لێرەوە پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کەرکوک دەکەم بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەبێ جیاوازی، دڵنیاتان دەکەمەوە کە دەمانەوێت پێکەوە کاربکەین لەپێناو سەقامگیری و ئاسایشی کەرکوک، لەپێناو بنیاتنانی کەرکوک و پێکەوەژیانی ڕاستەقینە لە کەرکوک کە ئەوە خەونی هەر هەموومانە وە دەیهێنینە دی".
"ئێمە یەک ناسنامەمان هەیە ئەویش کەرکوکی بوونە"
هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا، ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، جەختی لە پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان کرد و ڕایگەیاند: "نامانەوێت ئایندەی منداڵانی کەرکوک وەکو ژیانی ئێمە بێت لەم شارەدا لە ململانێ لەگەڵ یەکتری و ئەنجامەکەشی هاوڵاتییانی کەرکوک باجەکەیاندا، دەمانەوێت پێکەوە بژین و پێکەوە کاربکەین، دەمانەوێت کچ و کوڕەکانی ئێمە لە پەیمانگاکان، زانکۆکان و خوێندنگاکان پێکەوەبن دژبە یەکتر نەبن وەکو کورد، تورکمان و عەرەب پێکەوەبن تاوەکو هەمووان بڵێن ناسنامەکەمان کەرکووکییە، پێم خۆشە کە هەمووان وا بیرکەینەوە".
"ئەنجامی ململانێی سیاسی ماڵوێرانی بوو"
پارێزگاری کەرکوک وتیشی: "پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان، لە بەرژەوەندی کورد،عەرەب، تورکمان، کلد و ئاشور و کریستیانە، ناسنامەی کەرکوکی بوون و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە بەرژەوەندی لایەنێک نییە لەسەر حیسابی لایەنێکی دیکە، وە لە ڕابردوودا بینیمان سیاسەتی تاکڕەوی زۆر بەکارهات و ئەنجامەکەشی ماڵ وێرانی بوو بۆ کەرکوییەکان، کە گەنجەکان و گەڕەکەکان و شارەکەمان دواکەوت لە ئەنجامی ململانێ، بەڵام ئەگەر پێکەوە کاربکەین وە پێکەوە هەنگاو بنێین بەبێ جیاوازی ئەوە شارەکەمان پێشدەکەوێت".
"لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو کاری ڕاگەیاندن لە شارەکە سەخت بووە"
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند ووتی: "ئەزانم کاری ڕاگەیاندن لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بۆ ڕاگەیاندکاران قورس بووە، من لێرەوە داواتان لێدەکەم ئێوەی ڕاگەیاندکار هاوکارمان بن لە کارەکانمان چونکە ڕاگەیاندکاران ئەڵقەی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵکن، ئێمەش هەوڵ ئەدەین بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی هەمانە هاوکارتان بین لەپێناو بە دیهێنانی مافەکانی ڕاگەیاندکاران، جارێکی دیکە دەمەوێ سوپاسی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کەرکوک بکەم، وە سەری ڕێزو نەوازیش بۆ سەرجەم شەهیدانی کەرکووک لە هەموو پێکهاتەکانی شارەکە دادەنەوێنم".