دوێنێ لە بەردەم دادگای هەولێر، بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، لە گردبوونەوەکەدا، فەرمان ڕەشاد، بەناوى بەشداربوانەوە بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، بەردەوامی ئەم دۆخە و ئەو هەموو پێشێلکارییانەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، وامان لێدەکات بەردەوام بین لە کارکردن بۆ فراوانکردنی ناڕەزاییەتییەکان و گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێک بۆ گەیاندنی دەنگمان و کۆتایی هێنان بەم دۆخە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، سزادانی شێروان شێروانی و ئازاد نەکردنی گوهدار زێباری، نوێترین زنجیرەی خراپ بەکارهێنانی یاسایە دژی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان، بە جۆرێک دەستێوەردانی سیاسیی بە ڕوونی لەم کەیسە دیارە و ئامانج لێی هێشتنەوەی شێروان و گوهدارە، بۆ ماوەیەکی زیاتر.
ئاماژە بەوەشکرابوو، هەرێمی کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار لە زەوتکردنی ئازادییەکان و بە ئەندازەیەکی بەرچاو دۆخەکە بەرەو سیستەمێکی دیکتاتۆری ئەمنیی هەنگاو دەنێت.
هاوکات هەر دوێنێ ، لەبەردەم دادگای سلێمانی، دەستەی داکۆکی لە ئازادی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئازادیخوازان، گردبوونەوەیەکی ناڕازییان ئەنجامدا.
لاى خۆشیانەوە بەشێك لە چالاكوانان و ڕۆژنامەنووسان لە بەردەم دادگای هەڵەبجە، گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمەوە، سەرەڕایی بەڵێنەكانی چاكسازیی و فراوانكردنی پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین، دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادیی بیروڕا و ڕۆژنامەگەریی و كاری ڕێكخراوەیی، لە هەرێمی كوردستان، كە كۆڵەكەی هەر سیستەمێكی دیموكراسین بە شێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە پاشەكشە كردووە.
لە پارێزگاى دهۆکیش هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییانکرد لە گردبونەوەى چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان.
ئەم ناڕەزایەتییانە لەکاتێکدایە بنەماڵەی گوهدار زێباری، زیندانیکراوی بادینان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوەدەدەن، بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێر رێگری لە گواستنەوەی وتە و بەڵگەنامەکانی گوهدار زێباری دەکات و ڕەزامەندی نەداوە بنێردرێت بۆ دادگا.
بەپێی زانیارییەکانیش تائێستا گوهدار زێبارى بەهۆ پێشێلکردنى مافەکانى و ئازادنەکردنى مانى لەخواردن گرتووە.
هـ . ب