چالاکی ئێشکگری مەخمور ٥٩ ڕۆژی تێپەڕاند

چالاکوانانی چالاکیی ئێشکگری لە مەخمور لەبارەی گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕایانگەیاند، "ئێمەی گەلی کورد تا ئەو کاتەی ڕێبەرەکەمان بە شێوەیەکی جەستەیی لە نێو خۆماندا دەبینین، لە چالاکییەکان بەردەوام دەبین".

مەخمور

دانیشتوانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخمور)، بۆ تێکشکاندنی ئەو گۆشەگیرییە توندەی بەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێندراوە، لە ڕۆژی ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣ دەستیان بە چالاکی ئێشکگری کردبوو. ئەو چالاکییە بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە، بە نۆرە، واتە هەر پێنج ڕۆژ جارێک لەگەڵ گروپێکی نوێ بەردەوامە. چالاکیی ئێشکگری ٥٩ ڕۆژی تێپەڕاندوە. لەوبارەیەوە چالاکوانانی گرووپی١١ی چالاکی ئێشکگری قسەیان بۆ ئاژانسی فورات (ANF) کرد.

'لەبارەی تەندروستی و سەلامەتی ڕێبەرایەتی نیگەرانی و گومانمان هەیە'

یەکێک لەو چالاکوانانە بەناوی ڕوخۆش عەفرین، لە سەرەتای قسەکانیدا ئیدانەی ئەو گۆشەگیرییە توندەی کرد، کە بەسەر ڕێبەری گەلی کورددا سەپێنراوە و وتی: ماوەیەکی زۆرە هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ڕێبەر ئاپۆوە پێنەگەیشتووە، چونکە دەوڵەتی تورکیا ڕێگە نە بە بنەماڵە و نە پارێزەرانی دەدات، دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدەن. ئێمە لەبارەی تەندروستی و سەلامەتی ڕێبەرایەتی گومانمان هەیە، ھەربۆیە ​​ھەم وەک ژنان، ھەم وەک خەڵکی کەمپی شەهید ڕوستەم جودی و ھەمیش وەک گەلی کورد، تا ئەو کاتەی لەبارەی ڕێبەرمانەوە زانیارییمان دەست دەکەوێت، لە چالاکییەکانمان بەردەوام دەبین و بە هەموو شێوەیەک درێژەیان پێدەدەین".

ڕوخۆش عەفرین وتیشی: "داوا لە هەموو گەلی کورد لە هەر چوار لای کوردستان و ئەوروپا دەکەم خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن. بە تایبەتی بانگەواز ئاراستەی کوردانی باکووری کوردستان، بنەماڵەی شەهیدان و شەڕڤانان دەکەم، کە نابێت بێدەنگ بن، تا کەی بێدەنگ دەبن؟ پێویستە ھەموو کات لەو پێناوەدا لە نێو ڕێپێوان، گردبوونەوە و هەموو جۆرە چالاکییەکدا بن".

'ڕووناکییە بۆ ھەموو گەلانی چەوساوە'

لای خۆیەوە چالاکوان میکائیل ئیسماعیل بەمشێوەیە باسی ئامانجی چالاکییەکەی کرد و وتی: "ئەمانجی چالاکییەکەمان بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریی توندی سەر ڕێبەر ئاپۆیە. بۆ تێکشکاندنی ئەو گۆشەگیرییە، دەبێت هەر کوردێک لە هەر کوێیەک بێت، هەمیشە لە چالاکی و جموجۆڵدا بێت، ئەوەی لە توانایدا بێت ئەنجامی بدات. چونکە ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی چەوساوە و بن دەست ڕووناکییە. لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە گەلی کورد و هەموو گەلانی دیموکراتیکی جیهان بە خێرایی دەستی یەکبگرن بۆ ئەوەی بتوانین ئەم گۆشەگیرییە لەسەر ڕێبەر ئاپۆ تێکبشکێنین.

میکائیل ئیسماعیل لە کۆتاییشدا داوای لە گەلی کورد و هەموو گەلانی جیهان کرد، لە پێناو ھەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد هەمووان ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر شانیان جێبەجێ بکەن.

ژ.ن