"چارەسەرەکە ڕوونە، گۆشەگیری هەڵبگرن، با لەگەڵ ئۆجالان گفتوگۆ دەست پێ بکات"

لە دژی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە و هێرشی قڕکردن لە ئامەد ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش خوێنرایەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا پەیامی "بۆ دیموکراسی دەبێت گۆشەگیری هەڵبگیرێت، لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان گفتوگۆ دەست پێ بکات" درا.

کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی

لە ئامەد ڕێکخراوی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی قڕکردن و دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا. ڕاگەیاندراوەکە لە بەردەم  AZC PLAZA خوێنرایەوە و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان، پەرلەمانتاری دەم پارتی عەدالەت کایا، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەلێک هاوڵاتی بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون. لە چالاکییەکەدا لە دژی هەوڵدانەکانی پۆلیس بۆ دروستکردنی ئاستەنگی، دروشمی "شان بە شان، لە دژی فاشیزم" بەرزکرایەوە و پانکارتی "نا  بۆ دەستبەسەرکردن، زیندانی کردن و قەیوم، بەڵێ بۆ ئاشتی شکۆدار" هەڵگیرا.

هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) محەمەد شیرین گوربوز لەوێدا ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ هەڵگیرێت.

پاشان وتەبێژی پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسی فاروق بوداکیش قسەی کرد و ناڕەزایەتی لە دژی دەستبەسەرکردن پیشاندا. بوداک بانگەوازی تێکۆشانی کرد.

"گۆشەگیری هەڵبگرن، دانوستان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دەست پێ بکەن"

هەروەها پەرلەمانتاری دەم پارتی عەدالەت کایا هێرشەکانی وەک "قڕکردنی کوردان" پێناسە کرد و بانگەوازی کرد "سەرمان لە بەرانبەر ئێوەدا نەوی نەکردوە و هەرگیز سەر دانانەوێنین. ئیدی کۆتایی پێ بێنن. چارەسەرەکە ڕوونە. ئیرادەی گەلی کورد ڕوونە. داوای ئاشتییەکی شەرەفمەندانە دەکەین، دەست بەجێ گۆشەگیری هەڵگرن و دانوستان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەست پێ بکەن".

ڕاگەیاندراوەکە بە بەرزکردنەوەی دروشم بە کۆتا هات.