محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەداری دیاری شاری کەرکوک، سەبارەت بە سەردانەکەی مەسرور بازرانی بۆ تورکیا و هۆکارەکانی و پرسی هەڕاجکردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و پەڵکێشکردنی سوپای تورکی داگیرکەر بۆناو خاکی هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.
پەڵکیشکردنی تورکیا بۆ خاکی هەرێم هۆکارێک بوو بۆ سەردانەکەی مەسرور بارزانی
سەبارەت بەخوێندنەوەیان بۆ سەردانەکەی مەسرور بارازنی بۆ تورکیا، محەمەد نەسڕدەین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار ووتی: "سەردانەکەی مەسرور بارزانی وەکو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، بەپێی سەرچاوەکان بۆتاوتوێکردنی دوو پرس سەردانی تورکیای کردووە، کە یەکێکیان پرسی گازی کوردستانەوە و ئەوەی دیکە پرسی خاکی کوردستانە، کە هەر دوو پرسەکە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانیی کوردەوە، چونکە یەکێکیان سەروەرت و سامانی کوردستانە و ئەوەی دیکە پەلکێشکردنی تورکیایە بۆسەر خاکی کوردستان کە ئەمەش چەندین جارە دووبارە دەبێتەوە".
ئەو لایەنە کوردییە چارەنووسیان هەر شەرمەزاری بووە
سەبارەت بە هاوکاریکردنی دوژمنێکی وەکو لەلایەن حزبێکی کوردییەوە، محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی ووتی: "مێژوو پێمان دەڵێت کە ئەوانەی دەستیان تێکەڵ بەدەست دوژمن دەکەن چارەنووسیان هەر شەرمەزاری بووە، بۆیە بە هەڕاجکردنی سەرەوەت و سامانی هەرێمی کوردستان و دووبارە دەست خستنە ناودەستی دوژمنانی کوردستان و پەلکێشکردنی هێزی تورکیا بۆسەر بەشێکی گرنگی خاکی باشوری کوردستان، شەرمەزاریەکی گەورە بەسەر ئەو کەس و لایەنانە دەهێنێت کە بەرپای دەکەن".
پێویستە لەدەستکردنە ناودەستی دوژمنان دوربکەونەوە
هەروەها لە درێژەی قسەکاندا ناوبراو ووتیشی: "لە ئەمڕۆدا لەجیهان شەڕی وزە هەیە و ووڵاتان سەروەت و سامان و خاکی خۆیان دەپاریزن، شەرمێکی گەورەیە بۆ کەسێک، کە خۆی بەسەرکردەیەکی کورد دابنێت ئەمڕۆ پێشەنگبێت لە هەڕاجکردنی سەروەت و سامانی کورد و هاوکاریی دوژمن بکات، پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی کورد لە تەواوی کوردستان ئەرکی ئەخلاقی هەموو سەرکردەیەکی کوردە، پێویستە سەرکردەکان دوربکەونەوە لەدەستکردنە ناودەستی دوژمنان و بەیەکڕیزی دەتوانین تەواوی دەستکەوتەکانمان بپارێزین لە هەموو کوردستان".
بەهۆی هاوکاریکردنی دوژمن ئەو دەسەڵات پێگەیان لەدەست دەدەن
ئەو چاودێرە، باسی لە چارەنووسی ئەو کەس و لایەنانە کرد کە هاوکاری دوژمنانی کورد دەکەن، و ووتی: "زەرەمەندی یەکەم لە هەڕاجکردنی سەروەت و سامانی کوردستان و پەڵکیشکردنی دوژمنان ئەو کەسانە دەبن، کە ئەمڕۆ پێشڕەوی و چاوساغی بۆ لەشکری تورکیا دەکەن، مێژوو رەحم بەکەس ناکات و ئەو دەسەڵات و پێگەیە، کە ئەمڕۆ هەیانە لە هەرێمی کوردستان لەسایەی ئەم هەڵوێستانەیانا هەمووی لەدەستدەدەن".
کە خاک بفرۆشیت تورکیا بەوشێوەیە پێشوازیت لێ دەکات
سەبارەت بەشێوازی پێشوازیکردن لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبێ پرۆتۆکۆڵی پێشوازی لەسەرکردەکان، ئەو چاودێرە ووتی: " کاتێک وەکو نوێنەری ووڵاتێک بچیت داکۆکی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و خاک و سەروەت و سامانەکەت بکەی، ئەوە ووڵاتان رێزت لێ دەگرن و بەپێی پرۆتۆکۆڵی سەرکردەکان رێزت دەگرن و هەڵسوکەوتت لەگەڵ ئەکەن، بەڵام کاتێک بچیت بۆ هەڕاجکردنی سەروەت و سامانت و خاکی ووڵاتەکەت پێشکەش بە دوژمنان بکەی، ئەوە تورکیا بەو شێوەی بێ پرۆتۆکۆڵە پێشوازیت لێ دەکات، هەموو سەرکردەکان بەو ئاستەی داکۆکی لە دەستکەوتەکانیان دەکەن و پێشوازیان لێ دەکرێت، بەڵام کە خاک بفرۆشیت تورکیا هەر بەوشێوەیە پێشوازیت لێ دەکات".
هیچ دەستکەوتێکی گەلی کورد بە پارێزراوی نامینێت
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی شەری ناوخۆ و کاریگەرییەکانی لەسەر پرسی نەتەوەیی کورد، ناوبراو ووتی: "دوژمنی ڕاستەقینەی سەرجەم دەستکەوتەکانی کورد لە هەرچوار پاچەی کوردستان دوو بەرەکی و ناتەبایی و شەڕی ناوخۆی دەبێت، کاتێک شەڕی ناوخۆی دەستپێبکات ئەوە هیچ دەستکەوتێکی گەلی کورد بە پارێزراوی نامینێت، تەنها ڕێگە بۆ پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی نەتەوەکەمان بە یەکڕیزی و تەبایی و دورکەوتنەوەیە لە داگیرکەران و دوژمنان".
بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، خاکی کوردستان داگیردەکرێت
لەکۆتایدا سەبارەت بە ڕێکەوتنی گاز لەگەل تورکیا، محەمەد نسرەدین چادێری سیاسی و سیاسەتمەدار ڕایگەیاند: "پێشتر بەناوی ئابوریی سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆ بووە هۆی بەهێزکردنی دوژمنی کورد و لێدانی بوو لە پرسی نەتەوەیی کورد، هەروەها لەبری نیعمەت فرۆشتنی نەوتی سەربەخۆ بۆ مایەی نەهامەتی بۆ هاووڵاتیانی کوردستان، لەئیستاشدا پێدانی گاز بەدوژمن، بەسوود بینین لە نەوت و غازی هەرێمی کوردستان دەیکەن بە چەک و تەقەمەنی بۆ داگیرکردنی خاکی کوردستان، بۆیە بەهۆی ڕووداوەکانی ناوچەکە پێویستە پرسی نەوت و غاز بکرێتە پرسی پارێزگاری لەدەستکەوتەکان بۆ خزمەتی گەلی و نیشتمان، نابێت نەوت گازی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێت بۆ بەهێزکردن و خزمەتکردنی دوژمنانی کوردستان".
ژ.ت