چەند زیندانییەک بەهۆی ئەنجامدانی هەڵپەڕکێ سزادران

بە پاساوی فیکەلێدان و چەپڵە و هەڵپەڕکێ، سزای ژووری تاکەکەسی بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بەسەر ١٥ زیندانی لە زیندانی جۆری M ی ئێلح سەپێنرا.

لە زیندانی جۆری M ی ئێلح بە پاساوی فیکەلێدان و چەپڵە و هەڵپەڕکێ و بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخستن" ، سزای ژووری تاکەکەسی بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بەسەر ١٥ زیندانی سەپێنرا.

زیندانییەکان بەشێوەی نووسراو دژی بڕیارەکە بەرگریان لە خۆیان کرد، گوتیان ڕاستە بەدەم گۆرانی کوردییەوە هەڵپەڕکێیان کردووە، چەند جارێک لە باخچەی زیندان هەڵپەڕکێیان کردووە و بەشێوەیەکی سرووشتی چەپڵەیان لێداوە.

لیژنەی دیسپلینی ئیدارەی زیندان پاش بەرگرییەکە بڕیاری دا، ڕایگەیاند هەڵپەڕکێیەکە لە کامێراکانەوە تۆمارکراوە، لە پاساوی بڕیارەکەدا باس لەوە کراوە زیندانییەکان بەهۆی "ئەندامێتی پەکەکەوە گیراون"، "زیندانیان بە گۆرانی کوردی هاوسۆزی بۆ پەکەکە نیشان دەدەن"، "گۆرانییەکان پرۆپاگەندەن بۆ پەکەکە". لە درێژەی بڕیارەکەدا گۆرانی و هەڵپەڕکێ وەک "تاوان" نیشاندراوە و گوتراوە: "ئەگەر سزا نەبێت، ئەمە دەبێتە نموونەیەکی خراپ بۆ زیندانییەکانی تر. بۆیە سزای دیسپلین دراوە".

پەرلەمانتاری دەم پارتی، زەینەب ئۆدونجو ئەم سزایەی خستە ڕۆژەڤی پەرلەمان و پێشنیاری کرد پەرلەمان لەم بارەیەوە پرسیار لە وەزیری داد یەڵماز تونچ بکات.