چەپی سەوز: ڕێز لە ئیرادەی گەل بگرن لە جولەمێرگ

پارتی چەپی سەوز لە جولەمێرگ هەر سێ نوێنەرەکەی بەدەستهێنا، هەوڵی گۆڕینی ئەنجامەکان ڕەتدەکاتەوە و داوا دەکات ڕێز لە ئیرادەی گەل بگیرێت.

پاش هەژمارکردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ١٤ ی ئایار، دەرکەوت پارتی چەپی سەوز سێ کورسی لە جولەمێرگ بردۆتەوە.

پارتی چەپی سەوز لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە جولەمێرگ ٦٤.٦٧٪ ی دەنگەکانی بردۆتەوە، ئاکەپە ١٩.٧٥٪، جەهەپە ٦.٦٧٪ ی دەنگەکانی هێناوە.

ئۆزنور بارتین لە پارتی چەپی سەوز، لەگەڵ ئەندامی مەجلیسی هەدەپە عەبدوڵا زەیدان، و هاوسەرۆکی هەدەپە لە گەڤەر شۆڕش دیری، ڕاگەیاندراوێکیان سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بڵاوکردەوە.

عەبدوڵا زەیدان، ئەندامی مەجلیسی هەدەپە، سوپاسی گەلی شارەکەی کرد، داوای کرد بەرپرسان ڕێز لە ئیرادەی گەل بگرن.

زەیدان ئاماژەی بەوە کرد، بە تێکەڵکردنی دەنگی گومرکەکان پارتی چەپی سەوز ٢٨٠٠ دەنگ زیادی کرد و سێ کورسی بردەوە، گوتی: «داوا لە سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنی شارۆچکەکە و بەرپرسان دەکەین بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان کاربکەن، زیادبوونی دەنگەکانی ئاکەپە لای گەل و یاسا و دادپەروەرییەوە قبووڵ ناکرێت، چاوەڕێ دەکەین هەمووان ڕێز لە ئیرادەی گەلی جولەمێرگ بگرن».

ف.ق