چوار کۆڵبەر لە ئەنجام تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی دەوڵەتی ئێران بریندار بوون

کۆڵبەر نیوز بڵاویکردووەتەوە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی دەوڵەتی ئێران، لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە و نەوسود، ٤ کۆڵبەر لە کاتی جیاجیادا بریندار بوون.

بە پێی زانیارییەکانی کۆڵبەر نیوز، لە ماوەی ھەفتەیەکدا، چوار کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی بانە و نەوسوود لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بریندار بوون.

لە زانیارییەکاندا ھاتووە، ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە، لە ناوچەی سنووری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان، ھێزەکانە سەر بە دەوڵەت دەستڕێژی گولـلەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بەناوی "شایان زەحمەتکێش" بریندار بووە.

ھاوکات ڕۆژی ١٣ی ئاب، کۆڵبەرێکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی "تاھیر ئیسماعیل توانا"، بە ھۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی ئێران، لە ناوچەی سنووری ھەنگەژاڵی شاری بانە بریندار بووە.

ھەروەھا ڕۆژە پێنجشەممەی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی "جەلال سۆھرابی" خەڵکی گوندی تاژەبانی بانە لە ناوچەی سنووری سوورکێوی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە سنوورییەکانی دەوڵەتی ئێران بریندار بووە.

لەلایەکی دیکەوە، دوێنی لە ناوچەی سنووری بڕوشکانی بانە، کۆڵبەرێک بەناوی "ڕەئوف ڕەسووڵی لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ھێزە سنوورییەکانی دەوڵەتی ئێران بریندار بووە و لە زانیارییەکاندا ھاتووە ئەو کۆڵبەرە بە چەکی جەنگی کراوەتە ئامانج.

بە پێی ئامارێکی کۆڵبەر نیوز، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم ١١ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ورمێ، سنە و کرماشان بە هۆکاری جیاجیا لەوانەش تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران، هەرەسی بەفر، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزاییەکان و تەقینەوەی مین و هتد.. گیانیان لەدەستداوە و ٥٠ کۆڵبەریش بریندار بوون.

ژ.ن