گه‌نجانی كورد مه‌زڵوم دا‌غ و عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌ر كه له باشوری كوردستان به هۆی ئه‌و رووداوه‌ی له ١٧ی ته‌موزی ٢٠١٩ له هه‌ولێر روویدا، له ژێر فشاری ده‌وڵه‌تی توركدا زیندانی كران و سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.
مامی عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌ر نه‌جمه‌دین ئه‌ر و كوڕهپوری ئه‌ر یه‌ڵماز پۆڵات له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه نامرۆڤانه‌یه بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) قسه‌یان كرد و داوایان كرد كه پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ له دژی گه‌نجانی كورد كۆتایی پێبهێنرێت.
ئه‌ر: با به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌ولێر ده‌ست له دوژمنایه‌تی هه‌ڵبگرێت
نه‌جمه‌دین ئه‌ر وتی، "مه‌زڵوم دا‌غ و عه‌بدولڕه‌حمان ئه‌ر به بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی سیخۆڕی میت عوسمان كۆسهیان كوشتووه دادگایی كراون و سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، له مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی مرۆڤ بێ به‌ش كراون"
نه‌جمه‌دین ئه‌ر وتیشی، "له زیندانه‌كه كه له ژێر ده‌ستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌ولێردایه، له دیداری بنه‌ماڵه، مافی ناردن و وه‌رگرتنی نامه، هاوكاری به پاره و جلوبه‌رگ بێبه‌ش كراون".
نه‌جمه‌دین ئه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه ئه‌ر و دا‌غ له دژی كرده‌وه نامرۆڤانه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌ولێر له رۆژیی شه‌ممه‌وه له مانگرتن له خواردنی ماوه نادیاردان. نه‌جمه‌دین ئه‌ر داوای له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌ولێر و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد و وتی، "ده‌ست له‌و سته‌مه‌ی له رۆڵه‌كان گه‌لی كورد ده‌كرێت هه‌ڵبگرن".
پۆڵات: به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تی تورك ده‌جوڵێنه‌وه
یه‌ڵماز پۆڵاتیش باسی له‌وه‌كرد كه بڕیاری له‌سێداره‌دان له دژی دا‌غ و ئه‌ر سه‌پێنراوه بڕیارێكی دروست نییه و وتی، "ئه‌و بڕیاره بڕیاری خودی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌ولێر نییه. له بنه‌ڕه‌تدا بڕیارێكه كه به پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك دراوه".
پۆڵات وتی، "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌ولێر مامه‌ڵه‌یه‌ك كه به‌رامبه‌ر به زیندانیانی داعش‌یش نایكات، له دژی ئه‌ر و دا‌غ ئه‌نجامی ده‌دات".
پۆڵات له درێژه‌دا وتی، "پێویسته گه‌نجانی كورد به ده‌ستی كورد نه‌كوژرێن و زیانیان پێنه‌گه‌یه‌نرێت. هه‌روه‌ها به‌تایبه‌تی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، ئێمه داوا له رای گشتیی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ین كه گرنگی به‌و بابه‌ته بده‌ن".
هـ . ب