داگیرگەران کەلوپەلەکانیان بەجێدەهێڵن و رادەکەن

سوپای تورکی داگیرکەر لە ١٤ی ئایارەوە لە دژی گوندی کێستە لە مەتینا دەستی بە هێرشی داگیرکەری کرد و بەهۆی بەرخودانی گەریلاکانەوە کەلوپەلە سەربازییەکانیان بە جێدەهێڵن و لە ناوچەکە رادەکەن.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە بەردەوامیی ئۆپراسیۆنەکەى ٢٣ی نیسان بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا، لە ١٤ی ئایار دەستیکرد بە هێرشی داگیرکەری بۆ سەر گوندی کێستە لە مەتینا. هێزەکانی گەریلا کاتێک هەستیان بە سەربازانی تورک کرد بە ناوچەکەدا بڵاوبوونەوە و دەستیانکرد بە ئەنجامدانی چالاکی لە دژی ئەو داگیرکەرانە. لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا ٣ سەربازی داگیرکەر کوژران.

یەکێک لە گەریلا بەشداربووەکان لە چالاکییەکەدا وتی، "بەرەبەیان دەستمان بە شەڕ کرد. با دوژمن باش بزانێت، کە ئێمە ئەم ناوچەیە بۆ ئەوان دەکەینە گۆڕستان. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دوژمن هێشتا بەسەر سەرمانەوە بوون، کە چالاکییەکەمان ئەنجامدا، بۆیە چی دەکەن با بیکەن بە دڵنیاییەوە ناتوانن بەرخودانی ئێمە تێکبشکێنن".

دوای ئەوەى شەڕ کۆتایی پێهات گەریلاکان وێنە و ڤیدیۆی کەلوپەلە سەربازییە بە جێماوەکانی سوپای تورکی داگیرکەریان تۆمار کرد. بەپێی دیمەنەکان ئەوە روون دەبێتەوە، کە داگیرکەران کەلوپەلە سەربازییەکانیان و پێداویستییەکانی ژیانیان و خواردنەکانیان بە جێدەهێڵن و رادەکەن.

ژ.ت