دانیشتنی دادگایکردنى ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دەستیپێکرد
ئەمڕۆ دانیشتنی دادگایکردنى ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دەستیپێکرد، کە ماوەی ٢٧٩ ڕۆژە لە لایەن ئاسایشی پەدەکەوە گیراوە.
ئەمڕۆ دانیشتنی دادگایکردنى ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد دەستیپێکرد، کە ماوەی ٢٧٩ ڕۆژە لە لایەن ئاسایشی پەدەکەوە گیراوە.
هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز سلێمان ئەحمەد رۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەمەبەستی سەردانیکردن پرسەی باوکی چووبووە لای بنەماڵەکەی لە گەڕەکی شێخ مەقسودی حەڵەب. سلێمان رۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەم لە کاتی گەڕانەوەی بۆ باشووری کوردستان لە دەروازەی پێشخابور (سێمالکا) لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە رفێندرابوو و دوای حەوت مانگ پاڕێزەران توانیبوویان دیداری لەگەڵ ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆ ٢٧٩ ڕۆژ بەسە ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد تێدەپەڕێت، کە دوای ٢١١ ڕۆژ ڕێگە بە پارێزەرانی درا سەردانی بکەن. بڕیاربوو بە هۆیی تۆمەتە ناڕەواکانی ئاسایشی پەدەکەوە، سلێمان ئەحمەد لە ٣٠ی حوزەیران دادگای بکرێت، بەڵام بەهۆی ئامەدەنەبوونی دادوەرەوە دانیشتینەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا و لەمڕۆدا دادگایکردنە بەڕێوەدەچێت.
بەشدار حەسەن، یەکێک لە تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە: دوای بینینی ڕێگە دراوە کە ببینە پارێزەری و هەروەها بۆ ماوەی دوو خولەک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ خانەوادەکەیدا کردووە.
هەروەها وتیشی: سلێمان ئەحمەد، لە ئێستادا بەپێی مادەی (١) لە یاسای ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ـی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان تۆمەتبار کراوە کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی، لە داهاتوودا هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە، چونکە بە وتەی خۆی هیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساغ نەبووەتەوە و لە لێپرسینەوەکانیشدا، دەرکەوتووە کە بە شێوەیەکی فەرمی چووەتە ڕۆژئاوای کوردستان و گەڕاوەتەوە و مافى مانەوەى هەیە.
لە دیدارەکەدا، سلێمان ئەحمەد، لە ڕێگەی پارێزەرانییەوە تاکە داواکاری ئەوەبوو، کە فشارەکان بەردەوامی پێ بدەن تا ئازاد کردنی.
شایەنی باسە پێشترئاژانسی ڕۆژنیوز لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە تەواوی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و وەک لە کاتی ڕفاندنەکەشیدا ڕایگەیاند، ئەو تۆمەتانە بێبنەمان و پەدەکە دەیەوێت سیناریۆی بۆ دابڕێژێت و سزای بدات، لە ئێستاشدا ڕۆژنیوز داوا دەکات ئاسایشی پەدەکە بە زوویی سلێمان ئەحمەد ئازادبکات و چیتر نەبێتە ڕێگر لە بەردەم کایەی ڕۆژنامەنووسیی ئازاد و ئاستەنگیی بۆ ڕۆژنامەنووسان دروست نەکات.
جێگەى ئاماژەیە، بە تۆمەتێکی ناڕەوا پەدەکە ڕۆژى ٣٠ى حوزەیران ویستى سلێمان ئەحمەد دادگاى بکات و سزای بەسەردا بسەپێنن، بەڵام بەهۆى ئامادەنەبوونى دادوەر و نەناردنى پێداویستیە ڕۆژنامەوانیەکانى دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ دواخرا و کەمێک پێش ئێستا دانیشتنى دادگا دەستیپێکرد.