"دەبێت واز لە ناکۆکییەکانی ڕابردوو بهێنین تا بە ئاشتی پێکەوەبژین"
لەژێرناونیشانی 'هەڕەشەکانی سەر پێکەوەژیان و تێکدانی پەیوەندی'، لە کەرکوک کۆڕێک بەڕێوەچوو.
لەژێرناونیشانی 'هەڕەشەکانی سەر پێکەوەژیان و تێکدانی پەیوەندی'، لە کەرکوک کۆڕێک بەڕێوەچوو.
ئێوارەی دوێنێ لەشاری کەرکوک لە باشوری کوردستان، کە ناسراوە بە شاری "پیکەوە ژیان"، لەژێرناونیشانی 'هەڕەشەکانی سەر پێکەوەژیان و تێکدانی پەیوەندی'، لەتیف فاتح فەرەج ڕۆژنامەنووس و نووسەر و کەسایەتیی رۆشنبیری شاری کەرکوک کۆڕێکی پێشکەش کرد.
کۆڕەکە لە ساڵۆنی شەقامی جمهوری بەڕیوەچوو و لە کۆڕەکەدا ژماریەکی بەرچاو لە کەسایەتیی رۆشنبیر، رۆژنامەوانان و چالاکوانانی هەردوو ڕەگەز ئامادە بوون.
لە سەرەتای کۆڕەکەدا لەتیف فاتح فەرەج نووسەر و رۆشنبیری دیاری شاری کەرکوک باسی لەو دابەشکردنە کرد رژێمی بەعسی پێشوو دروستی کردبوو لە نیوان نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی شاری کەرکوک و ووتی: "رژێمی بەعس قوتابخانەکان و تیپەکان و نووسەرەکانیشی جیاکردەوە، بەڵام تەواوی نەتەوەکان هیوایەکیان هەبوو کە رژێمی بەعس لەناودەچێت و لەگەڵی دا جیاوازی تەواو دەبێت و پێکەوەژیان نێوان پێکهاتەکان بەردەوام دەبێت".
هەروەها ناوبراو ووتیشی: "نەتەوەکان تەنها بۆ خۆیان قسە ئەکەن لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە گفتوگۆ ناکەن و کەرکوکییانە دانوستاندن ناکەن، نەیەکارەکانی پێکەوەژیان، کە لەدەسەڵاتن بەلایانەوە گرنگە، کە نەتەوەکان پێکەوە گفتوگۆ نەکەن، چونکە قازانج لە ناکۆکییەکان ئەکەن".
بۆ ئاشتبوونەوەی نێوان نەتەوەکان لەتیف فاتح فەرەج ڕایگەیاند: "دەبێت واز لە ڕابردوو بهێنین بەبێ ئەوەی برینەکانمان لەبیر بکەین، پێویستە واز لە ناکۆکییەکانی ڕابردوو بهێنین تا داهاتوومان باش بێت و پێکەوەبژین، لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ هیوامان هەبوو، کە برینەکان سارێژ بکەین و دەبوو داوای ئاشتبوونەوەمان لە عەرەب و تورکمانەکان بکردایە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی شەڕکردن لەسەر پۆستی بچووک لە شارەکە گەیشتنە ئەو ئاستە، کە پێویست بوو داوای ئاشتبوونەوە لە کورد خۆی بکەین".
لە کۆتایدا بۆ چارەسەری کێشەکان و چەسپاندنی ئاشتیی پێكەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکوک لەتیف فاتح فەرەج کەسایەتیی رۆشنبیری شاری کەرکوک ڕایگەیاند: "دەوڵەتی هاووڵاتیبوون چارەسەرە بۆ کێشەی ناسنامە، کاتێک دەڵێن کەرکوکیبوون هاووڵاتی بوونە، کە بەداخەوە نیمانە، پێکەوەژیان و هاووڵاتیبوون پێویستی بە کارکردنە، کەڵەکەبوونی ئازارەکان بە زەرەری خۆمان ئەشکێتەوە، لەڕابردوودا بیرمان لە داهاتوو نەکردووەتەوە، بەڵام ئیستا کاتی ئەوەیە، کە بیر لەوە بکەینەوە داهاتوویەکی باشتر دروست بکەین بۆ نەوەکانی داهاتوو، ئێمە پێویستمان بە قوڵکردنەوە و یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیانە و دەبێت ناسنامە و زمانمان کەرکوکیانە بێت پێش هەموو شت".
ژ.ت