دۆخی تەندروستیی گۆرگین ئۆكتاری زیندانیی سیاسی تادێت خراپتر دەبێت

گۆرگین ئۆكتار ٢٧ ساڵه لە زینداندایە و تادێت دۆخی ته‌ندروستیی دژوارتر ده‌بێت. بنه‌ماڵه‌ی ئۆكتار رایانگه‌یاند، "رۆژ له‌دوای رۆژ دۆخی تەندروستیی گۆرگین زیاتر قورس ده‌بێت. به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ری بۆ بكرێت و ئازاد بكرێت".

به‌هۆی ئه‌شكه‌نجه‌ و سیاسه‌تی گۆشه‌گیریی ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌ر زیندانیان، له‌ ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین زیندانیی نه‌خۆش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. له‌مڕۆدا ‌سه‌دان زیندانیی نه‌خۆش له‌ گرتووخانه‌کاندان، کە ناتوانن خۆیان بە تەنها کارەکان و پێداویستییه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن، بەڵام هاوکات زیندانییه‌ نه‌خۆشه‌كان نه‌ ئازاد ده‌كرێن نه‌ چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌كرێت.

له‌پێناو ئازادكردنی زیندانیانی نه‌خۆش ئێشكگریی دادپه‌روه‌ری له‌ توركیا و كوردستان ده‌ستیپێكردووه‌. ئه‌و چالاكیانه‌ی بنه‌ماڵه‌ی زیندانیان ده‌ستیان پێكردووه و‌ تادێت به‌ربڵاوتر ده‌بێت و بنه‌ماڵه‌كان داوا له‌ هه‌مووان ده‌كه‌ن، كه‌ پشتیوانی له‌ زیندانیانی نه‌خۆش بكه‌ن.

گۆرگین ئۆكتار یه‌كێك له‌و زیندانییه‌ نه‌خۆشانەیە‌، كه‌ تادێت دۆخی ته‌ندروستیی خراپتر ده‌بێت. گۆرگین ئۆکتار‌ ماوه‌ی ٢٧ ساڵه‌ به‌ بارمته‌ گیراوه‌.

ئۆكتار‌ خه‌ڵكی ناوچەى گمگی پارێزگای موشه‌ و له‌ گرتووخانه‌ی ماڵته‌په‌ی ئیسته‌نبوڵ راگیراوە. ٥ جار نه‌شته‌رگه‌ریی بۆكراوه‌. دوو له‌سه‌ر سێی جگه‌ری لێكراوه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها نه‌خۆشییه‌كانی گه‌وره‌بوونی دڵ، شه‌كره‌، رۆماتیزمه‌، ئاوسانی له‌ش، شین و مۆربوونه‌وه‌ی له‌شیشی هه‌یه‌.

ئۆكتار له‌ ماوه‌ی رابردوودا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو و بەو هۆیەوە و بەو نەخۆشیانەوە له‌ ژووری تاكه‌كه‌سیدا راگیرابوو.

ئۆكتار به‌ ته‌له‌فون قسه‌ی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵەكه‌ی كردبوو و رایگه‌یاندبوو، "به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ زۆر ده‌كۆكم. به‌هۆی كۆكەکانه‌وه‌ خوێن له‌ قوڕگمه‌وه‌ دێت".

خاتون بینگۆل خوشكی ئۆكتار وتی، به‌ هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ جه‌رگی براكه‌ی زیانی پێگه‌یشتووه‌ و وتیشی، "براكه‌م تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووه‌ و به‌ باشی چاره‌سه‌ریی بۆ نه‌كراوه‌. پزیشكه‌كان پێیان وتووه‌، به‌ هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ زیان به‌ جه‌رگی گه‌یشتووه‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆناش رزگاری بووه‌، به‌ڵام هه‌ر ده‌كۆكێك. به‌هۆی كۆكینه‌وه‌ خوێنی لێدێت.

پێشتر بردبوویان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی لوتفی كردار. پزیشكه‌كانی ئه‌وێ دوای ئه‌وه‌ی پشكنینیان بۆ براكه‌م كردبوو، ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی حکومەتیان كردبووه. له‌ نه‌خۆشخانه‌ پێویست بوو چاره‌سه‌ریان بۆ بكردایه‌، به‌ڵام بۆ دابه‌زاندنی تای له‌شی ترشی و لیمۆ و سیر و... هتدیان پێداوه‌".

بینگۆل وتیشی براكه‌ی به‌ ته‌له‌فون وتویه‌تی، "من و زیندانیانی دیكه‌ی نه‌خۆش چارەسەر ناكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ نه‌به‌ن بۆ نه‌خۆشخانه‌ هه‌موو فرتوفێڵێك ده‌كه‌ن. جنێومان پێده‌ده‌ن، گوشاری ده‌روونیمان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر. چه‌ندین رۆژ چاوه‌ڕی ده‌بین تا ئێمه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌. كاتێكیش ده‌مانبه‌نه‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ باشی چاره‌سه‌رمان بۆ بكرێت، به‌ بێ شیكاری و پشکنینی تاقیگە، هه‌ر به‌ سه‌ر پێوه‌ پشكنینیمان بۆ ده‌كه‌ن و ده‌مانگه‌ڕێننه‌وه‌".

بینگۆل جه‌ختیشی كرده‌وه‌ له‌وه‌ی براكه‌ی زۆر نه‌خۆشه‌، چونکە ٥ جار نه‌شته‌رگه‌ریی بۆ كراوه‌ و وتی، "براكه‌م دوو جار نه‌شته‌رگه‌ریی جگه‌ری بۆكراوه‌، دوو له‌سه‌ر سێی جه‌رگی له‌ده‌ستداوه‌. هه‌روه‌ها دڵیشی گه‌وره‌ ده‌بێت، نه‌خۆشیی شه‌كره‌ و رۆماتیزمه‌ هه‌یه‌، له‌شی تووشی ئاوسان ده‌بێت و شین و مۆر هه‌ڵده‌گه‌ڕێت و زه‌رداو ده‌رده‌دات. براكه‌م ئه‌وه‌نده‌ نه‌خۆشه‌، کە پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ ئازاد بكرێت، چونکە تادێت دۆخی ته‌ندروستی زیاتر دژوار ده‌بێت. به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ری بۆ بكرێت و ئازاد بكرێت".

ژ.ت