دێرسیمییەکان زەوتکردنی ئیرادەیان قەبوڵ ناکەن

دێرسیمییەکان رایانگەیاند، کە دیاریکردنی قەیوم قەبوڵ ناکەن و لە دژی ئەوە بڕیاریان داوە و درێژە بە بەرخودان دەدەن.

ناڕەزایەتی لە دژی زەوتکردنی شارەوانی دێرسیم بەردەوامە. دانیشتوانی شارەکە وتیان، دێرسیم هەرگیز سەری دانەنەواندووە، هەرگیزیش سەر دانانەوێنێت.

دانیشتوانی شارەکە ناڕەزایەتیان بەرامبەر بە دانانی قەیوم دەربڕی. هەبوون ئاسلان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا و ئەویە خستەڕوو کە رژێمی قەیوم و دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە قەبوڵ ناکەن و وتی، "خەڵکی دێرسیم هەرگیز سەری نەوی نەکردووە. لە دژی سیاسەتی قەیومیش سەرنەوی ناکات. تا گەیشتن بە ئەنجام ئێمە لە گۆڕەپانەکان دەبین. ئێمە پشتی ئیرادەی خۆمان بەرنادەین. خەڵکی دێرسیم لەسەر پێیە".

ناتوانن دەست بەسەر ئیرادەماندا بگرن

عیسمەت یەڵدرم ئەوەی دەستنیشان کرد، کە ئەو کەسانە قەبوڵ ناکەن کە دەستیان بەسەر ئیرادەی گەلدا گرتووە و جەختی کردەوە، "نابێت دەست بەسەر ئیرادەی گەلدا بگیرێت، ئێمە شارەوانییەکانی خۆمان دەوێتەوە".

نە دیموکراسییە و نە یاسایی

زەینەب دەمیر باسی لەوەکرد کە دەیانزانی کە قەیوم بۆ دێرسیم دادەنرێت و وتی، "دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە چەندین ساڵە لە دێرسیم نە کورسی پەرلەمان و نە شارەوانی بەدەست نەهێناوە. ئەو دۆخەش بۆ دەسەڵاتداری ئاکەپە دۆڕان و شکستێکی گەورەیە. بە گوشار و ستەم هەوڵ دەدەن ئیرادەی ئێمە بە نەبوو دابنێن. دەستوری هەمیشەیی بە هیچ جۆرێک کاری پێناکرێت. لە تورکیا ئیتر شتێک بە ناوی دیموکراسی و ئازادی بوونی نییە. لە تورکیا دەبێت ئیتر هەمووان برژێنە گۆڕەپانەکان".

دێرسیم هەرگیز سەری نەوی نەکردووە

نازلی چەلیکۆز رایگەیاند، کە خەڵکی دێرسیم لە دژی قەیومەکان ئیرادە و بەرخودانیان نیشانداوە و وتی، "نەوەکانی سەید رەزا و رێبوارانی نەریتی ٣٨ەکەان یاسای قەیوم قەبوڵ ناکەن. دێرسیم هەرگیز سەری شۆڕ نەکردووە. هەمووان باش ئەوە دەزانن. 'گەشت بۆ دێرسیم دەبێت، بەڵام سەرکەوتن نابێت'. ئێمە بەو بنەمایەوە دەجوڵێینەوە. وەک رۆڵەکانی دێرسیم درێژە بە تێکۆشان و بەرخودانمان دەدەین".

ئۆزگور کاراچ کودەتای سەر ئیرادەی گەلی شەرمەزار کرد و وتی، "زۆر ئازاربەخشە کە هەوڵ دەدەن بە قامچی یاسا هەندێک ست بگۆڕن. بە داخەوە ئەو لێدوانانەی لەبارەی ئاشتییەوە لە دەمی دەسەڵاتدارانەوە دێنە دەرەوە راست نین".