دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای بەسەر دوو هاوسەری کورددا سەپاند
دادگای شۆڕشی سەر بە دەوڵەتی ئێران، بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی وڵات" و "بانگەشە دژی دەسەڵات" دوو ھاوسەری کوردی سزا دا.
دادگای شۆڕشی سەر بە دەوڵەتی ئێران، بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی وڵات" و "بانگەشە دژی دەسەڵات" دوو ھاوسەری کوردی سزا دا.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، دادگای شۆڕشی شاری پیرانشار، سزای ٢ ساڵ چاودێری بە کۆت و بەندی ئەلیکترۆنی بەسەر "مەھوەش تەوەسۆلی" و ٣ ساڵ زیندان بەسەر ھاوسەرەکەی "جوتیار ئەشرەفزادە" سەپاندووە، کە لە کاتی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' دەستبەسەر کرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە بۆ ماوەی کاتی ئازادکرابوون.
ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، دادگای شۆڕش سزای ٢ ساڵ چاودێری بە کۆت و بەندی ئەلیکترۆنی، بە تۆمەتی "بانگەشە دژی دەسەڵات" بەسەر مەھوەش تەوەسۆلی و ٣ ساڵ زیندان بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی وڵات" بەسەر ھاوسەرەکەی "جوتیار ئەشرەفزادە" سەپاندووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ژێر گوشاری ئیتلاعاتی پیرانشار، داواکاری گشتی ئەو شارە تانەی لە بڕیارەکەی دادگا داوە و داوایکردووە قورسترین سزا بەسەر ئەو دوو چالاکوانە بسەپێنرێت.
مەهوەش تەوەسۆلی و جوتیار ئەشرەفزادە، ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە کاتی سەرھەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە شاری پیرانشار لەلایەن ھێزەکانی سەر بە دەسەڵات دەستبەسەر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.
جێی ئاماژەیە، لە مانگەکانی ڕابردوودا سەرکوتکاری و بەردوامی گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر چالاکوانان، ژنان و بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سەرھەڵدانی 'ژن ژیان ئازادی'، بە ئامانجی مانەوە لە دەسەڵات و سەرکوتکردنی دەنگی شەقام زیادی کردووە و ئەوەش لەکاتێکدایە کە یەکەمین ساڵیادی ئەو سەرھەڵدانە لە نزیکبوونەوەدایە.
ژ.ن