دەستووری قۆناغی ڕاگوزەر لە سوریا واژۆکرا

سەرۆکی هەتەشە ئەحمەد شەڕع کە سەرۆکایەتی ئیدارەی کاتی دیمەشق دەکات، ڕەشنووسی دەستووری قۆناغێ ڕاگوزەری واژۆکرد.

بەگوێرەی وتەبێژی کۆمیتەی نووسینەوە، لە ڕەشنووسەکەدا دەسەڵاتەکان جیاکراونەتەوە، ئازادی ڕادەربڕین و مافی "سیاسی و ئابووری" ژنان مسۆگەرکراوە. هێشتا نازانرێت لە پراکتیکدا ئەمە چۆن جێبەجێ دەکرێت.

لە ڕەشنووسەکەدا ناوی سوریا وەک "کۆماری عەرەبی سوریا" ماوەتەوە و ئایینی ئیسلام وەک سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان قبووڵکراوە.

خاڵەکانی نێو دەستوورەکە بەم جۆرەیە:

١. ناوی فەرمی

- ناوی فەرمی سوریا بە 'کۆماری عەرەبی سوریا' دەمێنێتەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لەم ناوەدا ناکرێت.

٢. ئایین و یاسا                                           

- ئایینی ئیسلامی وەک سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان لە سوریا قبوڵ دەکرێت.

٣. مافی هاووڵاتیان

- هیچ جیاوازییەک لە نێوان هاوڵاتیانی سوریادا ناکرێت؛ پێویستە هەمووان ماف و بەرپرسیارێتی یەکسانیان هەبێت.

٤. دابەشکردنی ئەرکەکان

- 'ئەرکی یاسادانان' هی پەرلەمان دەبێت.

- 'ئەرکی جێبەجێکردن' هی سەرۆککۆمار دەبێت.

5. ئەرکەکانی سەرۆککۆمار

- سەرۆککۆمار دەتوانێت بەپێی پێویست باری لەناکاو ڕابگەیەنێت.

- وەزیرەکان دەتوانن ڕاستەوخۆ بگەنەلای سەرۆککۆمار.

٦. سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری

- دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ دەبێت و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت دەستوەردان لە دەسەڵاتی دادوەریدا بکات.

٧. ئەرکەکانی پەرلەمان

- پەرلەمان دەتوانێت سەرۆککۆمار لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.

- دەتوانێت لێبوردنی گشتی ڕابگەیەنێت.

٨. قۆناغی ڕاگوزەر

- قۆناغی ڕاگوزەر'٥ ساڵ' دەخایەنێت.

- لەم کاتەدا کۆمیسیۆنێکی تایبەت بۆ داڕشتنی دەستوورێکی نوێ دادەمەزرێت.

٩. ئازادی و یاسای نێودەوڵەتی

- ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین پارێزراو دەبێت.

- سوریا ڕێز لە یاسا نێونەتەوەییەکان دەگرێت.