دەربارەی کۆمەڵکوژی سەر عەلەوییەکان بانگەواز لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا

کۆمەڵکوژی سەر عەلەوییەکانی سوریا لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان شەرمەزارکرا، بانگەواز لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، هەنگاوی پێویست بنێت بۆ دابینکردنی سەلامەتی ژیانی خەڵکی سڤیل.

کۆمەڵکوژی سەر عەلەوییەکان لە سوریا لەلایەن هێزەکانی هەتەشەوە، بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوە عەلەوییەکان لە سوریا، پێکهاتەکانی یەکێتی هێزە دیموکراتیکەکانی ئەوروپا، ڕێکخراوە دیموکراتیکەکانی سویسریی و کوردستانی و تورکییەکان لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ شەرمەزارکرا.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن، مەراسیمەکە بە درووشمی "هەتەشەی قڕکەر، ئاکەپەی هاوکار" دەستی پێ کرد.

پاشان پیر عەلی چالهان ڕایگەیاند هەتەشە بە پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی ئەوروپا هاتەسەر دەسەڵات، ئەمڕۆ گەلی عەلەوی قڕدەکات.

دەقی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکە لەلایەن سۆنگول ئاسڵان خوێنرایەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەواز لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا کۆمەڵکوژی سەر عەلەوییەکان بوەستێنێت، ئاماژە بەوە کرا هەتەشە بە پشتیوانی هێزە نێونەتەوەییەکان و بەتایبەت تورکیا دەسەڵاتی گرتەدەست و لە سەرانسەری وڵات شەپۆلی توندوتیژی دەست پێ کردووە. تێیدا هاتووە: "ئامانجی سەرەکی ئەردۆغان، دامەزراندنی دەوڵەتێکی تیۆکراتییە کە دوژمنایەتی باوەڕ و جیاوازییەکانی سوریا دەکات".  

جەختکرایەوە دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان دەستوەردان بکات، گوترا: "دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوی پێویست بنێت بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژییەکان و پاراستنی سەلامەتی گەلی سڤیل".

بانگەواز لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا لێکۆڵینەوە بکات و تاوانەکانی جەنگی هەتەشە و هاوکارەکانی بەدیکۆمێنێت بکات، وە نابێت پشتگیری تورکیا و ئەردۆغان بۆ هەتەشە پشتگوێ بخرێت، هەموو پێکهاتەکانی سوریا بپارێزرێن، گوترا: "داوا دەکەین بەرپرسانی کۆمەڵکوژییەکە لەبەردەم دادگایەکی نێونەتەوەیی دادگایی بکرێن و تاوانباران سزا بدرێن".

پاشان سەرۆکی شارەوانی پێشووی ژنێڤ و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی پارتی سەوز، ئەلفۆنسۆ گۆمێز ڕایگەیاند تیرۆریستانی پێشوو ئێستە دەسەڵاتی سوریایان بەدەستە و ڕێز لە باوەڕ و ناسنامەکان ناگرن و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن. پشتیوانی خۆی بۆ پێکهاتەکانی سوریا دەربڕی.

پاشان ئەندامی پارتی سەوز ویلیام ماکۆسۆ و سەرۆکی شارەوانی پێشووی ژنێڤ ڕیمو پاگانی قسەیان کرد، بانگەوازیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کۆمەڵکوژییەکان ڕابگرێت.