ماوەی چەند ڕۆژێکە شاندێکی ئیتاڵی، کە پێکهاتبوون لە پزیشک و کەسایەتی خێرخواز، بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئاوارەکانی مەخموور و شەنگال، سەردانی عێراقیان کرد. بەڵام لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە ڕێگرییان لێکرا، دەستەی تەندرووستی شەنگال لەو بارەیەوە کاردانەوەی نیشاندا.
شاندەکە دوای ئەوەی لە مەخموور ڕێگرییان لێکرا، کاتێک ویستیان بچنە شەنگالیش لە تەلەعفەرەوە گەڕێندرانەوە و لە موسڵ دەستبەسەر کران، دوای هەموو هەوڵێک شاندەکە کە خۆیان گەیاندە شەنگال، جارێکیتر ٢٥ـی ئایار لە سنوونێ لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە ڕێگرییان لێکرا.
لە دژی ڕێگرییەکانی سوپای عێراق لە شاندەکە، ئەمڕۆ دەستەی تەندرووستی شەنگال، بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانییان بڵاو کردەوە و وێڕای ئیدانەکردنی ڕێگرییەکانی عێراق، داوایان لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد لەوبارەوە هەڵوێستیان هەبێت.
هەروەها لەبەیاننامەکەدا، هەڵوێستی هێزەکانی عێراق لە شەنگال و تەلعەفەر بەرامبەر بە شاندی تەندروستی و هاوکاری ئیتاڵی ئیدانە کرا. شایانی باسە ڕێکخراوەکە لە بوارەکانی پەروەردە و تەندرووستیدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە خزمەتکردنی هاوڵاتییانی ناوچەکە و ئەوانەی لە کامپەکاندا ئاوارەبوون و گەڕاونەتەوە.