سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی تورک بۆ "کۆبوونەوەی ئاسایشی شار" سەردانی مێردینی کرد. جێگری وەزیری ناوخۆ، فەرماندەی گشتیی جەندرمە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش، پارێزگاری مێردین و ئامەد و قائیمقامەکانی قەزاکان ئامادەیی کۆبوونەوەکە بوون. دوای کۆبوونەوەکە، سۆیلو چوو بۆ کەربۆران و ویستی سەردانی ناو بازاڕ و کاسبکاران و دووکاندارەکان بکات.
ڕێگاکانی ئەو قەزایە، کە سۆیلو پێیدا تێدەپەڕی لەلایەن قەیومە داسەپێنراوەکەی ئاکەپەوە شۆردران و ڕێگا خراپەکانیش بە خێرایی چاککرانەوە. سۆیلو بە هەلیکۆپتەری سەربازی ڕۆیشت بۆ ناوچەى کەربۆران و لە بەیانی زووشەوە رێگا بە هیچ ئۆتۆمبێلێک نەدرا، کە بەو رێگایانەدا هاتوچۆ بکەن، یان ڕابوەستن، کە سۆیلو پیاندا تێدەپەڕی. سۆیلو بە کاروانی دەیان ئۆتۆمبێلەوە بەرەو ناو بازاڕ ڕۆیشت و خواستی سەردانی دووکانداران و کاسبکاران بکات.
دوکاندارەکان دوکانەکانیان داخست
بەڵام سەردانەکەى سۆیلو بە کاردانەوە لە ناوچەکەدا پێشوازیی لێکرا. دووکاندارەکان سەرلەبەیانی دووکانەکانیان کردەوە، دوای ئەوەی زانیان سۆیلو دەڕوات سەردانیان دەکات دوکانەکانیان داخست. سۆیلو لە دوای گەڕان بەدوای چەند دوکانێکی کراوەدا هیچ دەستنەکەوت و سەردانەکەی بە نیوەناچڵی لە ناو بازاڕدا کۆتایی پێهێنا. دواتر چوو بۆ پارکی ئازادی، کە تیایدا "دیداری گەنجان" بەڕێوەدەچێت.
ڕاگەیەندراوە، سەدان خوێندکاری شار و ناوچەکان و گوندەکانیان بۆ کۆبوونەوەی گەنجان و بۆ بەشداریکردن لەو پڕۆگرامەدا گواسترابوونەوە بۆ پارکەکە.
ژ.ت