کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە لە ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایار لە دوو گۆڕەپانی جیاوازی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەشێوەیی هاوکات سەرکەوتووانە ئەنجام درا و تێیدا بڕیاری کۆتایهێنان بە هەموو ئەو کار و خەباتەنە درا کە لەسەر ناوی پەکەکە ئەنجام دراون.
لە کۆتایی کۆنگرەکەدا لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوران کاڵکان ئەم وتارێکی ورد و کاریگەری پێشکەش کرد.
وتارەکەی دوران کاڵکان بەم شێوەیە:
"لەنێو ئەم سێ ڕۆژەدا، لە چوارچێوەی دیدگا و داخوازییەکانی ڕێبەر ئاپۆدا، گفتوگۆیەکی گرنگمان کرد و بڕیاری مێژووییمان دا. بێگومان ئەگەر ئەم بڕیارە لە ئاستی باڵادا جێبەجێ بکرێت، پرۆسەیەی نوێ دەست پێ دەکات. لەسەر بناغەی تێکۆشانی ئازادی کوردستان، بۆ دیموکراتیکبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشڤەچوونی ژیانی دیموکراتیکی مرۆڤایەتی پرۆسەیەکی گرنگ دەست پی دەکات. ئێمە باوەڕمان بەمەیە. بەم کۆنگرەیە ئێمە بە ئاشکرا پلانسازی و پێناسەمان بۆ ئەم پرۆسەیە نەکرد. بەڵام ئێمە تا کۆتایی ڕێگامان بۆ خۆش کرد. ئێمە بە ڕوونی باسمان لەوە کرد کە چی پێویستە، چی پێویستە بگۆڕدرێت و چ شتێک لەسەر ئەم بنەمایە بەجێبهێڵرێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئەنجامێکە. لەسەر بنەمای ئەم ڕێخۆشکەرییە، ئێمە لە دڵەوە باوەڕمان وایە کە لەسەر هێڵی ئاپۆیی هەنگاوی پێشکەوتنی نوێ دەنرێت. هیوای سەرکەوتن دەخوازین بۆ ئەو تێکۆشان و هەوڵانەی لەسەر ئەم بناغەیە ئەنجام دەدرێن. بەهیواین ئەمە بۆ گەلی کورد و ژنان و گەنجان و گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی مرۆڤایەتی، ئازادی و یەکسانی و خێر و دادپەروەری و پێشکەوتنی گرنگ بەدوای خۆیدا بهێنێت. بەهیواین ئەم بڕیارانەی ئێمە، ببێتە مایەی هەموو جۆرە پێشکەوتنێکی ئازادیخوازانە. گفتوگۆکانمان لەسەر ڕەشنووسی بڕیارەکان، بە بەشدارییەکی گشتی و ڕەوشێکی قووڵ و شەفافدا بەڕێوەچوو. باش و واتادار بوو. بڕوامان وایە، بە سەرکەوتن دەگاتە ئەنجام.
دواجار دەتوانرێت چ بگوترێت؟ ئەم کۆتاییە ڕێخۆشکەری نوێ دەگرێتەخۆ. بۆیە وەک هاوڕێیان پێشتر قسەیان کردووە و وتوویانە، جێگەی جۆش و کەیفخۆشییە. بە مانای لەناوچوون، تەواوبوون، کۆتاییهێنان، شیبوونەوە، مردن نییە. بەپێچەوانەوە بە مانای ژیانەوەیەکی بەهێزتر و کاریگەرتر و ڕاستەقینەتر دێت، ڕێگەخۆشکەرییە بۆ هەموو ئەمانە. بۆیە دەتوانین هەندێک شت بڵێین. ئەگەر بەم شێوەیە نەبوایە نەماندەتوانی هیچ بڵێین. بۆیە ڕەنگە بەسوود بێت سەرنج بۆ هەندێک شتی تایبەت ڕابکێشین. ئەمە دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکەیە. جگە لە کۆنگرەی چوارەم لە هەموو کۆنگرەکانی پەکەکە بەشداریم کردووە. بۆیە من لە هەڤاڵە بەشانسەکانم، لەو کەسانەم کە پارتەکەمان دەرفەتی پێ بەخشیووە. لە سایەی دووربینی ڕێبەر ئاپۆ و هێزی بەڕێوەبردنەکەی و ڕەنج و هەوڵەکانی، پەکەکە لەناونەچوو. بەم دواییانە وتی من مەسیح نیم، چەند جارێک دووبارەی کردەوە. ویستی بڵێت، من هەموو شتێک بە ڕەنج، بە هەوڵدان دەئافرێنم، ٢٤ کاتژمێر لەگەڵ ئەم پرسانەدا دەژیم، لێیان ورد و قووڵ دەبمەوە. ئەو پرۆسەیەی کە تێپەڕیوە بەم شێوەیە بوو. گەر بە مانایەکی تەسک بڕوانن، دەڵێن پەکەکە سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا. بەڵام بەراورد بەو شتەی کە بە سەرکەوتن ناودەبرێت، چەندین قات و سەدان قات سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پێشکەوتنی ئافراند. لەماوەی تێکۆشانی ٤٧ ساڵەدا، هەندێک دەپرسن و دەڵێن "فڵان چی ئافراند، پەکەکە چی ئافراند"، مرۆڤ دەتوانێت وەڵامی پرسیاری "ئێمە چیمان ئافراند؟" بداتەوە. مێژووییەکی ئاوەژۆ کردەوە. بۆ کورد و کوردستان ئەمە پێکهات، ئەگەر هەنگاوەکەی ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی ٤٧ ساڵەی پەکەکە نەبوایە، شتێک بە ناوی کوردێتییەوە نەدەما. دەبێت هەڤاڵانیش بەڕاستی ئەمە بزانن. ژیانمان شاهیدی ئەمەیە. ئەمە وەسف و پەسندان نییە، ستایشی پەکەکە نییە. بۆیە باسی ژیانەوە کورد دەکرێت. بەڵێ، سەرلەنوێ هەبوون، هەستکردن بە خۆ، چوونەوە سەر رێگەی ئازادی، ئافراندنی ئیرادە و هۆشیاریی ئازادی، ئەمانە هەمووی لەڕێگەی پەکەکەوە بەدیهاتن. ڕاستە، کاتێک پەکەکە دامەزرا، بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیست لە تورکیا چەندین گرووپیان پێکهێنا، هەریەکەیان بەهێز بوون. هێزی پەکەکە هێندەی نیوەی هێزی بەشێک لەو ڕێکخستنانە نەبوو. ڕێبەر ئاپۆ دەیگوت "ڕێکخستنە چەپەکانی تورکیا بەهێزبوون، لە تورکیا کاریان دەکرد، ئێمە ڕوومانکردە کوردستان تاوەکو کوردستان بگەیەنین بەو ئاستە". گوتی "ئاستی هۆشیاری و ڕێکخستن لە کوردستان پاشکەوتوو بوو". بۆیە ڕوویکردە کوردستان. ئەنجام چی بوو؟ پاش کودەتای ١٢ ی ئەیلوول، ئەو ئەتمۆسفیر و هەلومەرجە نەما. ئەگەر پەکەکە نەبووایە، هەندێک لەو گرووپ و ڕێکخستنانەی بانگەشەی جۆراوجۆر دەکەن و هەوڵدەدەن بەشێوەیەکی وشک و نەگۆڕ بژین، نەدەمانەوە؛ هەبوونی ئەوان بەرئەنجامی تێکۆشانی پەکەکەیە. ئەگەر لە تورکیا هیوایەکی دیموکراتیکبوون هەبێت، باسی شۆڕش و برایەتی و ئازادی دەکرێت، ئەمە هەمووی لەسایەی پەکەکەیە.
کاریگەرییەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە هەمان شێوە دەتوانرێت هەڵسەنگێندرێت. کاتێک پەکەکە هەنگاوی نا بەرەو تێکۆشانی سیاسی کاریگەر، شەڕێکی دەستپێکرد، ئەوکاتە سۆسیالیزمی بنیاتنراو لە ساڵی ١٩٨٠ داڕمابوو، ڕێبەر ئاپۆ بە ڕوونی لە کۆنگرەی ٣ ئەمەی ڕاگەیاند. پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەتیش هەر لەو ساڵەدا کۆنگرەی بەست. هەروەها هەڵسەنگاندنەکانی گۆرباچۆڤ هەبوون. ڕەخنەی لە هەموو شتێک گرت. تەنانەت ئەو کاتەش وتی، "هیچ ئایندەیەک لەگەڵ ئەم سیاسەتانەدا نییە، بەم زووانە دەڕووخێت، ئەم سیاسەتە کۆتایی پێ دەهێنێت. چۆن دەتوانن لە بەرامبەر ئەو سیستەمەی کە ئەمریکا پێشەنگایەتی دەکات؟، چۆن دەتوانین بمێنینەوە"، بەڕاستی ٤ ساڵی نەبرد سیستەمەکەیان هەڵوەشایەوە. جارێک ڕێبەرێتی پرسی "ئەگەر ئیسلامەتی لە مەککە تەسفیە ببێت، لە کوێی جیهان دەمێنێتەوە؟". مەبەستی ئەوە بوو "ئەگەر سۆسیالیزم لە مۆسکۆ تەسفیە ببێت، ئیتر لەکوێ دەتوانێت بمێنێتەوە، لەکوێ دەتوانێت خۆی ڕابگرێت. لەوێ دەستی پێ کرد، ئەگەر لەوێ لەناوبچێت، لەکوێ دەمێنێتەوە؟". ئێستە ئەگەر لە جیهاندا هیوا و باوەڕ بە سۆسیالیزم هەیە، ئیرادە هەیە، هەوڵ و گەڕانێک هەیە، بیرمەندی نوێ دەرکەوتوون، ڕێکخستنی نوێ دامەزراون، بەتایبەت هاوشانی بزووتنەوەکانی ڕەنج و کرێکاران بزووتنەوەی ئازادیی ژنان دەرکەوتوون، بزووتنەوەی ئیکۆلۆژی وەک هێزی نوێی کاریگەر پێشدەکەون، ئەمە هەمووی لەسایەی فیکر و هەڵسەنگاندنی ڕێبەر ئاپۆیە، ئەنجامی پارادایمی شارستانییەتی دیموکراتیکە. ئێستە مرۆڤەکان خاوەنداری لەم فیکرە دەکەن. هێزی فیکری و چالاکی و ڕێکخستنی تێدا دەبیننەوە. هەرکەس باوەڕی بە ئازادی و یەکسانی و ژیانی کۆمیناڵ هەبێت، پاس ڕووخانی سۆسیالیزمی بنیاتنراوە، باوەڕی خۆیان بۆ بەدیهێنانی ئەمە لە فیکری ڕێبەر ئاپۆوە وەردەگرن. ڕێبەر ئاپۆش بە ڕێکخستن و تەڤگەری پەکەکە ئەم فیکرەی ئافراند. سات بە سات خستییە بواری پراکتیکەوە، لێیانی کۆڵییەوە، لەوێوە فیکری تیۆری ئافراند، ئەمەی گۆڕی بۆ تیۆرێک، بە ئاوێتەکردنی تیۆر و پراکتیک ئەمەی ئافراند. ڕاستییەکی وەها ڕوون هەیە. بۆیە چەوساوەکان و گەل و مرۆڤایەتی، بەتایبەت ژنان و گەنجان خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن. بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، هەڵمەتێکی زۆر گرنگ و کاریگەرییان دەست پێ کرد. ئەمە ئاسان نەبوو، هەمووی بەرئەنجامی فیکر و هەوڵی ڕێبەر ئاپۆ بوو. ئەم تێکۆشانە کاریگەری لەسەر کوردستان هەبوو، ڕەنگە تێکۆشانی ئازادیمان لەڕووی جێبەجێکردنی ئەم هێڵەوە کێماسی هەبووبێت، بەڵام بە هێز وەرگرتن لە فیکری ڕێبەرێتی ئەم شتانەی بەدیهێنا. کورد پێشەنگایەتی مرۆڤایەتی دەکات، مرۆڤایەتی هێز و جۆش و خرۆش لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان وەردەگرێت. بەتایبەت ئەو هێڵی ئازادی ژنەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کرد. ئەمە بۆ هۆشیاریی ئیکۆلۆژییش ڕاستە. دووەمین لەدایکبوونەوەی سرووشت، پێشکەوتنی کۆمەڵگە گرێدراوە بە ئازادی ژنەوە. پێشکەوتنی هێڵی ئازادیی ژنان لەسەر ئەم بناغەیە مێژووی ئاوەژۆ کردەوە، سیستەم و زیهنیەت و سیاسەتی پیاوسالار لەڕووی مێژوویی و لەئاستی تیۆرییدا ڕەخنەکرد، لەڕووی پراکتیکیشەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرد و ڕەخنەی کرد، لەبەرامبەر ئەمەدا هێزی بەکۆمەڵگەبوونی مرۆڤ کە پشتئەستوورە بە ئازادی ژنان، نیشاندرا. ئەم زیهنیەتە نوێیە مێژووی ئافراند و نوێنەرایەتی شارستانییەتی دیموکراتیک دەکات. پێناسەیەکی نوێی بۆ کۆمەڵگە خستەڕوو، لە بەڕێوەبردنی ژیانی ئازاد و دیموکراتیکدا نوێبوونەوەی سازدا کە خاوەن ناوەڕۆکی پارادایمی بوون. ئەمە گۆڕا بۆ تێکۆشان و ڕێگە بۆ پێشکەوتن کرایەوە. هەمووان چاویان لەسەر ئەمەیە. بەڵێ، بووە ئاسۆیەک بۆ گەلان، بووە لەدایکبوونەوەیەک بۆ کورد، کوردی خستەسەر ڕێگەی ئازادی و هۆشیار و ڕێکخراوی کرد، دیموکراسی لە تورکیا ئافراند، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پێشەنگایەتیەکی مەزن دەکات بۆ پێشکەوتنی دیموکراسی، خزمەت دەکات، هاوکات لە سیاسەتی ئەم دەسەڵات و دەوڵەتەشدا جێیەکی گرنگی هیە. زۆر لایەن خاوەنداری لەم دیوە دەکەن. لە تورکیا چەندین مرۆڤ کە لە لێواری کۆتاییهاتن بوون، هاتنەوە هۆشی خۆیان، بوونە سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار و سەرۆکی چی و چی، بوونە دەسەڵاتدار. هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجامی تێکۆشانی پەکەکە کرد. ئەم تێکۆشانە دەرفەتی لەم جۆرەی خستەبەردەم کەسانێکی بەرژەوەندیخواز. بۆچی؟ چونکە سیستەم لە کوردستان بەم جۆرە بنیاتنرا. نکۆڵی و پاکتاوی سەر کوردستان، دابەشکردنی کوردستان، سیستەمی قڕکەری داگیرکەر لەسەر ئەم بناغەیە دامەزرا. ئەمە سیستەمی شەڕ بوو، پەکەکە ئەم شەڕەی لە تەواوی کوردستان بڵاوکردەوە و هێندە درێژەی پێ دا، هەمووان ویستیان قازانجی سیاسی لە تێکۆشانی پەکەکە بکەن. ئەمە ڕاستییەکە. بەرهەمەکانی پەکەکە، ئاستی کاریگەرییەکەی، بەم جۆرەیە. بێگومان بۆ ئەوە تێنەکۆشا کە سوودی لێ وەربگرن، دژی ئەوان تێکۆشا. بەڵام ڕەوشێکی وەها هەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پێی دەگوت "تەڵەی کورد"، کاتێک بەرامبەر زاڵمترین دوژمن تێدەکۆشا، ئەویتر، ئەوەی نەیار و ناکۆکە لەگەڵیدا، هەوڵدەدات سوودی لێ وەربگرێت. ئەم سیستەمی دەوڵەت و دەسەڵاتە بەم جۆرە دامەزراوە. بونیادەکەی بەم جۆرەیە. بۆیە دەبێت بەتەواوەتی نەمێنێت. مرۆڤ دەتوانێت ئەمە دووپات بکاتەوە.
بەردەوامی هەیە...