عەلی بۆزان، پەرلەمانتار و مافناس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فورات (ANF) ڕایگەیاند، "گۆشەگیری نەتەنیا کێشەی کوردە، بەڵکوو کاریگەری لەسەر هەموو گەلانی ئەم جوگرافیایە هەیە. ھەربۆیە نەتەنیا کورد، پێویستە هەموو گەلان لە دژی گۆشەگیری بوەستنەوە".
ئەو پەلەمانتارەی پارتی چەپی سەوزی لە بازنەی مێرسین ئاماژەی بەوەشکرد، دوای پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕ کەم نەبووەتەوە و وتی: "ئەمە بەڕێکەوت نییە، پیلانگێڕییەکە بەشێک لە پڕۆژەی بەیەکدادانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە".
دەبێت گۆشەگیری ھەڵبگیرێت
بۆزان بەبیری هێنایەوە ئەو گۆشەگیرییە ٢٤ ساڵەی بەسەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالاندا سەپێندراوە، ماوەی ٣١ مانگە گەیشتووەتە ئاستێکی جیاواز و وتی: "دەبینرێت شەڕ دژوارتر دەبێت. کاتێک مرۆڤ سەرنجی تێچووی بودجە شەڕی تورکیا دەدات، ئەوکات دەبینێت شەڕ یەکێکە لە هۆکارەکانی قەیرانی ئابووری لە وڵاتەکە، واتە گۆشەگیری و قەیرانی ئابووری لە یەکتر جیا نین. ئەگەر داواکاری چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیکەوە دەکرێت، دەبێت گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان ھەڵبگیرێت، دەبێت دەوڵەت دەستبەجێ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان وەک بەردەنگ دابنێت و دیداری لەگەڵ ئەنجام بدات".
گەل عەبدوڵا ئۆجالان لەبیر ناکەن
ئەو پارلەمانتارەی پارتی چەپی سەوز ھێمای بۆ ئەوەشکرد، دەوڵەت دەیەوێت عەبدوڵا ئۆجالان لەبیر گەلی کورد و هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بباتەوە. بەڵام کاتێک سەرنجی ناڕەزایەتییەکان دژی گۆشەگیرکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەدەین، دەبینین کە گەلی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست عەبدوڵا ئۆجالانیان لەبیر نەکردووە. پارادیگمای عەبدوڵا ئۆجەلان لەبیر ناکەن و بۆ جێبەجێکردنی پارادیگماکەی خەبات دەکەن.
دەبێت هەمووان دژی گۆشەگیری بوەستنەوە
بۆزان لە کۆتایشدا وتی: گۆشەگیری تەنیا وەک ئەوەی کاریگەری لەسەر ژیانی کوردان دادەنێت ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، کە ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، ئەو شەڕ و قەیرانانەی بەهۆی گۆشەگیرییەوە دێنە ئاراوە، نە تەنیا کاریگەری لەسەر کوردان دادەنێن، بەڵکوو کاریگەری لەسەر ھەموو گەلانی ئەم جوگرافیایە هەیە، هەر بۆیە گۆشەگیری تەنیا کێشەی کورد نییە و دەبێت هەموو گەلانی ئەم جوگرافیایە دژی گۆشەگیری بوەستنەوە."