دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستانی بۆردمان کرد

فڕۆکەی شەڕی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، لە یەک کاتدا سنووری شارباژێڕ، باڵەکایەتی، بناری قەندیل و دەڤەری ڕاپەڕین-یان بە چڕیی بۆردوومان کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆژنیوز، درەنگانێکی شەوی ڕابردوو فڕۆکەی شەڕی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، بە نزمی بە ئاسمانی هەریەک لە سنوورەکانی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سلێمانی و بناری قەندیل و دەڤەری ڕاپەڕین و باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێر سوڕاونەتەوە و بە چڕیی بۆردومانی ئەو ناوچانەیان کردووە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە گوندی گەڵاڵەی سەر بە شارباژێڕ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە گوێرەی زانیاری سەرچاوە خۆجێیەکان، ١٠ جار لەسەر یەک فڕۆکەی شەڕی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆردوومانی کردووە. هەروەها لە بۆڵێ و دۆڵی شاورێ لە بناری قەندیل دەنگی فڕۆکە و بۆردومان بیستراوە.

هاوکات شارەدێی ئیسێوەی سەر بە دەڤەری ڕاپەڕینیش بۆردوومان کراوە و بەهۆیەوە پەنجەرەی بەشێک لە ماڵەکان شکاوە و چیای قەندیلیش بە چڕی بۆردومان کراوە.

لە دەڤەری باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێریش، فڕۆکەی شەڕی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر زۆر بە نزمی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە و دەنگی بۆردومان بیستراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، فڕۆکەی چاودێریی و شەڕی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر زۆر بە نزمی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاونەتەوە  و ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتوانی ئەو ناوچانە دروست کردووە.

ژ.ن