دوو گەنجی ئێزدی لە دهۆکەوە بەرەو شەنگال ڕێپێوانیان کرد

دوو گەنجی ئێزدی بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی ٩یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی کۆچو، لە کەمپی شاریا لە دهۆکەوە بەرەو شەنگال ڕێپێوانیان کرد.

دوو گەنجی ئێزدی، بە ناوەکانی زێدان عەلی حەسەن و عەدنان جردۆ ئیبراهیم، کە خەڵکی ناوچەی سۆلاخ و کۆمەڵگەی گرزەرکن و ئێستا لە کەمپی شاریای دهۆک دەژین، بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی ٩یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی کۆچو، بۆ ماوەی سێ ڕۆژە بە پێ ڕێدەکەن.

مەودای نێوان کەمپی شاریا و گوندی کۆچۆ، نزیکەی ٢٠٠ کیلۆمەترە.

دوێنێ شەو، ئەو دوو گەنجە، گەیشتنە ناوچەی سنونێ و لەلایەن زنار فەقیر، لە فەرماندەیی ئاسایشی ئێزیدخان و سەدان ھاوڵاتی سنونێ پێشوازییان لێکرا.

فەقیر لەکاتی پێشوازیکردن لەو گەنجانە وتی: ئێوە ورەیەکی گەورەتان پێبەخشین. بە ھاتنتان لە کەمپی شاریاوە بۆ سنونێ شانازیتان پێوەدەکەین، هەر هەنگاوێک کە دەینێن بۆ ئێمەی ئاسایشی ئێزیدخان جێگەی شانازییە.

فەقیر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گەنجانی ناوچەکە بۆ ئەوەی ئەو دوو گەنجە بتوانن لەکاتی خۆیدا بگەنە مەراسیمی ٩یەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی کۆچۆ، یاوەریان دەکەن.

ژ.ن