'دوژمن لە زۆر هەرێم گیری خواردووە'

گەریلاکان رایدەگەیەنن کە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بەرخودانێکی بێ هاوتا بەڕێوەدەچێت و بەهۆیەوە دوژمن لە زۆر شوێن ئاسێ بووە.

گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی سوپای تورک لە هەرێمەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین بەرخودانی گەورە بەڕێوەدەبەن. ئەو گەریلایانەی بەشدارییان لەو بەرخودانەدا کرد، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان و باسی ئەو بەرخودانەیان کرد.

گەریلای هەپەگە ئامەد ئازادی باسی لەوەکرد کە لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا شەڕێکی دژوار بەڕێوەدەبەن و وتی، "ئەو شەڕەی لە هەرێمەکانی پاراستنی مەتینا بەڕێوەدەچێت شەڕێکی یەکجار گەورەیە، دوژمن بە هەموو هێزیەوە هێرش دەکات. ئێمە بە دەرفەتی کەم و چەکی دەستمان بێ پسانەوە بەرپەرچی ئەو هێرشانە دەدەینەوە. لەو کاتەوەی سوپای تورک دەستی بە هێرش کردووە ئێمە لە هەرێمی مەتینا شەڕ دەکەین. بەرخودانی زەندورا بۆ ئێمە یەکەم شەڕ بوو. لە مێژووی کوردستاندا بۆ یەکەم جارە کە داستانێکی بەو جۆرە بنوسرێتەوە. شەش هەڤاڵ ماوەی ٥١ رۆژ لە دژی چەکی کیمیایی و هەموو جۆرە تەکنەلۆژیایەک بەرخودانی گەورەیان کرد. ئەو بەرخودانە دەریخست کە دەبێت ئێمەش چۆن تێبکۆشین.

شەڕ بەزۆر ناوچەدا بڵاوبووەتەوە، بەڵام دوژمن لە هەرێمە داگیرکراوەکان ئاسێ بووە و گیری خواردووە. ناتوانێت هەنگاوێک بێتە پێشەوە. ئەو سوپایە ئەوەندە لە ئەخلاق داماڵدراوە کە تەرمی سەربازەکانی خۆیشی دەسوتێنێت، بۆ ئەوەی زیانەکانی لە رای گشتی بشارێتەوە، بەڵام گەریلا ئەو شتانە ئاشکرا دەکات کە سوپای تورک تیایدا ژیاوە. هەڵبەت لەم شەڕەدا زۆر هاوڕێی قارەمانمان شەهید بوون وەک هاوڕێیانی گیانبازمان رۆژهات، جەسور و پڵنگ کە پێشەنگایەتی ئەم بەرخودانەیان دەکرد.رۆحی بەرخودانی ئەو شەهیدانە دەمانگەیەنێتە سەرکەوتن و ئێمە بە دڵنیایەوە دوژمن لە کوردستان دەردەکەین و سێبەرەکەشیان ناهێڵین. ئەمە بەڵێنی ئێمەیەوە بەردەوام لەسەر ئەو بەڵێنە دەبین.

گەریلای یەژاستار بەهار گۆیی کە لە شەر لە هەرێمی مەتینادا بەشدارە وتی، "لە سەرەتاوە لە ناو بەرخوداندا بەشداربووم. ئێمە لە هەلومەرجی دژواردا لە دژی دوژمن زۆر چالاکیمان ئەنجامدا. منیش بەشداریم لە چاکی کاریگەردا کرد. گەورەترین سەرکەوتن بۆ ئێمە پاراستنی خاکەکەمانە لە بەرامبەر دوژمن. ئێمە وەک هێزەکانی گەریلا بۆ ئەوەی سەرکەوتنی گەورەتر بەدەستبهێنین تێدەکۆشین".

گەریلایەکی دیکە بە ناوی دەنیز داڵامپەڕ باسی لەوەکرد کە هەموو رۆژێک لە دژی سوپای تورک چالاکی ئەنجام دەدەن و وتی، "گەلەکەمان چەندین ساڵە لە دژی ستەم و زۆرداری دوژمن خۆڕاگری دەکات. گەریلا ئەو بەرخودانە لە چیاکانی کوردستان درێژە پێدەدات. لەبەرامبەردا دوژمن دەیەوێت پێچەوانەی ئەوە نیشان بدات و پرۆپاگەندەی درۆ دەکات کە کۆتایی بە گەریلا دەهێنێت. بەڵام هەموو رۆژێک لە راگەیاندنەکانەوە چالاکی هاوڕێیانمان دەبینین. دوژمن چەندەش شەڕی تایبەت بەڕێوەببات، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە چالاکی رۆژانەی خۆیان ئەو پڕۆپاگەندانە پوچەڵ دەکەنەوە. دوژمنمان لە زۆر ناوچە ئاسێ ماون. ئێستا چەقی شەڕەکە لە زاپە، بەڵام لە چوار پارچەی کوردستان شەڕ هەیە.

ئەوەش دەری دەخات کە شەڕ لە ئیمراڵی چەندە دژوار بووە. ئەگەر ئێستا لە چیا و لە شارەکان شەڕ بەردەوامە ئەوە پەیوەند بە گۆشەگیری لەسەر رێبەرایەتی هەیە. نزیکەی ٢٥ ساڵە لە سەر رێبەرایەتیمان گۆشەگیریەکی دژوار بەڕێوەدەچێت. گەلەکەمان لە کەسایەتی رێبەرایەتیمان گۆشەگیری دەکرێت. دوژمن دەیەوێت پەیوەندی گەلەکامن و رێبەرایەتیمان بپچڕێنێت. دوژمن دەزانێت کە بە تەکنەلۆژیا ناتوانێت گەریلا شکست بدات. لەبەر ئەوەش هێرشەکانی زیاتر دەکات. رۆڵەکانی ئەم گەلە هەرگیز رێگە نادەن دوژمن سەربکەوێت. وەک رۆڵەی ئەم گەلە ئەرک و بەرپرسیارێتیمان لە پاراستنی ئەم خاک و وڵاتە بەجێدەگەیەنین. دەبێت گەلەکەمان بزانن کە گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار هەرگیز خۆیان بەدەستەوە نادەن. ئێستا لە مەتینام، مەتیناش گۆڕەپانی بەرخودانە و چەندین ساڵە ئەوە بەردەوامە. ئەمڕۆش دوژمن هێرش دەکات، لە دژی ئەو هێرشانە لە هەرێمی زاپ شەڕی دەستەو یەخە لەگەڵ دوژمن دەکەین. ئێمە میراتی بەرخودانی شەهیدان دەپارێزین".

هـ . ب