نیوەڕۆی ئەمرۆ یەک-شەممە لە نووسینگەی کەرکوکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دیلان غەفور پەلەمانتاری کوردی شاری کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەران، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد لەبارەی نادادپەروەری بەرامبەر کورد و تورکمانی شارەکە لە دامەزراندی پۆلیسی کەرکوک پێشێلکردنی ماف و پشکی کورد و تورکمان لە پارێزگاکە، هەروەها قۆرغکردنەوەی پرۆسەی دامەزراندن لە کەرکوک بۆ نەتەوەی عەرەب و هێنانی عەرەبی پارێزگاکانی دیکە و دامەزراندنیان لە پشکی کەرکوک لە شوێنێکی هەستیاری وەکو پۆلیسی شارەکە، قسەی کرد.
ئەم نادادپەروەرییە لە شارەکە بەرامبەر کورد و پێکهاتەکانی دیکە دەکرێت لە چوارچێوەی پرۆسەی بە عەرەب کردنی شارەیەکە کە لەسایەی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک و ئیدارەکەی، لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ برۆسەیەکی بەفراوانی بە عەرەب کردن لە شارەکە بەڕێوەدەچێت.
لە کەرکوک غەدری گەورە لە کورد و تورکمان دەکرێت
دیلان غەفور پەرلەمانتاری کوردی کەرکوک لە فراکسیۆنی یەنەکە، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و ڕایگەیاند: "لەبارەی دۆسیەی دامەزراندن لە پارێزگای کەرکوک، لەدوای بەدواداچوون و ئەو زانیارییانەی کە پێمان گەیشت، وردبینیمان لەو ناوناوانە کرد کە بڕیارە بەگرێبەست لە پۆلیسی کەرکوک دابمەزرێن بۆمان دەرکەوت کە غەدری گەورە لە کورد و تورکمان دەکرێت و زۆر بەتوندی دژی دەوستینەوە".
پێشڵکردنێکی ڕوون و مەترسیداری مافی پێکهاتەکانە
سەبارەت بە ئامارەکان، ئەو ژنە پەرلەمانتارە ڕایگەیاند: "لە کۆی ٢هەزار و ٥٥٠ گرێبەست تەنها ٣٠٠ بۆ کورد و ٣٠٠ بۆ تورکمان تەرخان کراوە ئەوانەی دیکە سەرجەمیان بە عەرەب دەدرێن، ئەمە پشتگوێ خستن و پێشڵکردنێکی ڕوون و مەترسیداری مافی پێکهاتەکانە لە پارێزگایەکی گرنگ و هەستیاری فرە پێکهاتەی وەک کەرکوک، هۆشداری دەدەین کە ئەم جۆرە مامەلە و پێشەڵکارییە ناسەقامگیر و ئاژاوەی لێ دەکەوێتەوە و هەرەشەیە بۆسەر ئاشتی و پێکەوەژیان لە شارەکەمان".
مایەی سەرسورمانە عەرەبی شارەکانی دیکە لە کەرکوک دادەمەزرێن
لە کۆتایدا دیلان غەفور پەلەمانتاری کوردی شاری کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ووتی: "ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئەمە قەبوول ناکەین و داوا دەکەین بەڕێز محەمەد شیاع سودان سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەزووترین کات ئەم پرۆسەی دامەزراندنە لە پۆلیسی کەرکوک ڕابگرێت هەتا گەرانەوەی هاوسەنگی نێوان پێکهاتەکان و پاراستنی پشکی کورد و تورکمان، ئەوەی جێگای سەرنجە لەم پرۆسەیەدا بەشێک لەو عەرەبانەی کە ىڕیارە گرێبەستیان بۆ بکرێ، خەڵکی پارێزگاکانی دیکەن و لەپشکی کەرکوک دادەمەزرێن، ئەمەش مایەی سەرسورمانە و بە هەموو شێوەیەک لە دژی دەوەستینەوە و فشاری توندی پەرلەمانی و مەدەنی دەستپێدەکەین بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو دۆخە نالەبارە تا ڕادەی هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندان لە ئەگەری بەدەمەوە نەهاتنی داواکانمان، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە بەهیچ شێوەیەک دەستبەردار مافەکانمان نابین".
ژ.ن