فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی هێرشبەری دەوڵەتی تورک بە ئاسمانی مەخموردا دەسوڕێتەوە

لە ئێستادا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەسەر ئاسمانی کامپی پەنابەرانی مەخمووردا دەسووڕێتەوە و بە ئاسانی بە چاو دەبینرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان و ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لە جۆری “بەیرەقداری تی بی٢”ـی هێرشبەری دەوڵەتی تورکە. فڕۆکەکە هێندە بە نزمی دەسووڕێتەوە بە ئاسانی بە چاو دەبینرێت.

پێشتر لە ڕۆژەکانی ١٠ و ١٦ـی ئەیلوولی ئەمساڵ بۆردوومانی ناوەندی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) کرد، بە هۆیەوە سێ دایک برینداربوون، ئەمە لە کاتێکدابوو کە شاندی نەتەوەیەکگرتووەکان و سوپای عێراق لە کامپەکەدا سەرژمێری دانیشتوانیان دەکرد.

شایەنی باسە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەردەوام بە ئاسمانی کامپی مەخمووردا نەسووڕێتەوە و جار جارەش بۆردوومان دەکات و هاوڵاتییانی مەدەنی شەهید دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە مەخموور دەیان کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورە و حکومەتی عێراق بەرامبەر بەو پێشێلکاریانە بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ هەڵوێستێکی لە دژی نەنواندووە.