فراکسیۆنی گۆڕان: پێویستە حزبەکان و دامەزراوەکانی هەرێم لەدژی شەڕ هەڵوێستیان هەبێت

فراکسیۆنى گۆڕان لەبارەى هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورکەوە یاداشتێکى ئاراستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان کرد و وتی، " پێویستە حزبەکان و دامەزراوەکانی هەرێم لەدژی شەڕ هەڵوێستیان هەبێت."

فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،چەندین جارە فڕۆکەکانى تورکیا سەروەرى هەرێم و عێراق دەبەزێنێ، بەتۆپبارانکردنى ناوچەکانى هەرێمى کوردستان و وێرانکردنى گوندەکان و زیانگەیاندن بە ئابورى کشتوکاڵى دێهاتەکان.

فراکسیۆنی گۆڕان ئەوەی خستەڕوو کە شەڕ چارەسەرى کێشەکان ناکات و وتی، "دەبێت لە هەرێمى کوردستان و عێراق هەڵوێستى دامەزراوە شەرعییەکان ئاشکراو ڕوون بێت و مامەڵەى حیزبیانە لەگەڵ ئەو کێشەیە نەکرێت، چونکە ئەمە پرسێکى نیشتمانى و نەتەوەیى و سەروەرییە."

فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان باسی ئەوەشی کردووە، دامەرزراوە شەرعییەکانى هەرێمى کوردستان، وەک دژایەتى بۆشەڕ و بەدیهێنانى ئاشتى و سەقامگیرى بۆ ناوچەکە و ڕێزدانان بۆ مافى مرۆڤ و مافى میللەتان، هەڵوێستیان هەبێت.

ف.ق