فرات کۆچەر فەرماندەی گەریلا: ئێمە داگیرکەران لەبەر یەک هەڵدەوەشێنین

فرات کۆچەر فەرماندەی هەپەگە ڕایگەیاند، هێزەکانی گەریلا ڕێبازەکانی شەڕی سەردەم بەکاردەهێنن و داگیرکەران تێکدەشکێنن. کۆچەر ڕاشیگەیاند: "بانگەشەکەمان ئەوەیە، کە داگیرکەران لەبەریەک هەڵوەشێنین".

سوپای تورک لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢٢ بە گرتنەبەری هەموو ڕێگایەکی شەڕی پیس هێرشی داگیرکاریی لە دژی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەستپێکرد. ئەم هێرشانە دەچنە حەتەمین مانگەوە. فرات کۆچەر یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە لە بەرەی پێشەوە شەڕ قسەی بۆ کردین و ڕایگەیاند، لە زاپ گورزێکی مێژوویی  لە سوپای داگیرکەر دەدەن.

فرات کۆچەر یەکێک لە فەرماندەکانی گەریلا وتی، قۆناغی یەکەمی شەڕەکەیان کۆتایی پێهێناوە و لە قۆناغی دووەمیشدا هێزە داگیرکەرەکان بەتەواوی تێکدەشکێنن و وتیشی: "بەشداربوون، ورە و موراڵ، جۆش و خرۆش و پەرۆشیی هەموو هەڤاڵان لەسەر ئەم  بنەمایەیە. بانگەشەی ئێمە ئەوەیە، داگیرکەران لە بەریەک هەڵوەشێنین و لە ناویان ببەین".

ناتوانن جارێکی تر هێرش بکەنە سەر زاپ

یەکێک لە فەرماندەکانی گەریلا کۆچەر ئاماژەی بەوەکرد، زاپ هەم لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیی کورد و هەم لە مێژووی گەلی کورددا خاوەنی شوێن و پێگەیەکی تایبەتە، فەرماندە کۆچەر لە بەرەی پێشەوەی شەڕ وتی: "زاپ بووەتە گۆڕستانێک بۆ دوژمن و جارێکی دیکەش دەبێتەوە بە گۆڕستانیان. ئێمە بە شێوەیەک شکستیان پێ دەهێنین، کە چیتر نەتوانن هێرشی داگیرکاری بکەنە سەر زاپ. بۆ ئەمەش هەم بزووتنەوەکەمان و هەم گەلەکەمان خاوەنی هێز و توانای گەورە و کاریگەرن".

ئێمە ناهێڵێن چەکی هەڤاڵانمان لەسەر زەوی بمێنێتەوە

فرات کۆچەر یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە ئەوەشی ڕایگەیاند، هێزەکانی گەریلا بە شێوازی شەڕی سەردەم و بە تایبەتی شێوازی شەڕی تونێلەکان داگیرکەران تێکدەشکێنن و وتی: "وەک پێویستییەکی دڵسۆزی بۆ هەموو هەڤاڵە شەهیدەکانمان، ئێمە هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانمان جێبەجێ دەکەین. چونکە هەڤاڵانمان، کە ئێمە باش دەیانناسین، لەم قۆناغ و پرۆسەیەدا شەهید بوون، بە دڵنیاییەوە ناهێڵێن چەکەکانیان لەسەر زەوی بمێنێتەوە".

فرات کۆچەر فەرماندی گەریلا لە کۆتایی وتەکانیدا ڕایگەیاند، بۆ ئازادیی جەستەیی گەلی کورد و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەجەنگن و بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٢ ببێتە ساڵی شکستی دەوڵەتی تورک تا دواهەناسە تێدەکۆشین و بەرەنگاری دەکەین. لە کۆتایشدا سڵاو لە گەریلاکانی بەرەکانی شەڕی زاپ و ئاڤاشین و هەموو گەریلاکان دەکەم.

ژ.ت