ئارمانج رایگەیاند، ئەرداڵ لە ناو گەریلادا وەک "فەرماندەی دەم بە پێکەنین" دەناسرا و وتی، "لە ژیانی شۆڕشگێری خۆیدا رێبەر و سەرکردەیەکە کە رەنجی گەورەی لەپێناو وڵات، گەل و مرۆڤایەتیدا کێشاوە. فەرماندەیەکە لە بە راستگۆیی و خاکەڕایی و لەخۆبوردەیی خۆیەوە بووە خۆشەویستی هەمووان".
ئارمانج ئەوەی خستەڕوو، کە وەک هاورێ و شەڕڤانی ئەو خاوەنداری لەو میراتە گەورەیە دەکەن کە لە ئەرداڵەوە بۆیان ماوەتەوە و شایەنی یادی ئەو دەبن.
لە فەرماندەکانی بڕیارگەی ناوەندی هەپەگە حەقی ئارمانج، بە بۆنەی ٢٠ەمین ساڵیادی شەهیدبوونی فەرماندە ئەرداڵ (ئەنگین سینجەر) قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
یەکەم جار، کەی و لەکوێ و چۆن شەهید ئەرداڵتان ناسی؟ ئێوە لە کام هەرێمانە پێکەوە مانەوە؟
هاوڕێ ئەرداڵ لە پازارجکی مەرەش لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا لەدایکببوو. هەرچەندە لە منداڵیەوە تا ئەو کاتەی هاتە ناو ریزەکانی پەکەکە لە ئەڵمانیا ژیابوو، دەیزانی چۆن خۆشەویستی خۆی بۆ وڵات و نیشتمانپەروەری بپارێزێت. لە تەمەنی گەنجییەوە بەشێوەیەکی کارا و پێشەنگانە بەشدار لە چالاکییە جیاجیاکانی بزوتنەوەی ئازادیدا کرد. لە ساڵی ١٩٩٢ هات بۆ ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز و رێبەر ئاپۆی ناسی. دوا ئەوەی لە ئەکادیمیای مەعسوم کۆرکماز پەروەردەی بینی، بەرەو بۆتان ئەرکدار کرابوو، هاتە هەرێمی هەفتانین. ساڵی ١٩٩٣ بە خۆشەویستی عەگید و مستەفا یەندەم کە ناسناوی خۆی لەوانەوە وەرگرتبوو، بە دڵخۆشی و سەربەرزیەوە خۆی گەیاندە بۆتان کە فەرماندەکانمان چەندین ساڵ لەوە خەباتیان کردبوو. لە هەموو ناوچەکانی بۆتان مایەوە و لە هەموو خەباتەکاندا کە بەشداری تێداکردن، پێرفۆرمانسێکی سەرکەوتووی نیشاندا.
بەر لەوەی ئەرداڵ بناسین و یەکتر ببینین، بیستبوومان کە ئەو لە راگەیاندن و هەندێک چالاکی دیکەدا لە گەڵ فەرماندەیی هەرێمی بۆتان بەشداربووە و فەرماندەیەکی گەنجە کە لەناو لە یەکینە گەڕۆکەکاندا بەشێوەیەکی کارا بەشداری شەڕی کردووە. ئەو هاوڕێیانەی کەلەگەڵ ئەو خەباتیان کردبوو بەردەوام باسی ئەوەیان بۆ دەکردین کە ئەو کەسێکی زیندوو و پڕوزە، دەم بە پێکەنین و ئازایە.
من لە تشرینی دووەمی ١٩٩٦ ئەرداڵم لە دۆڵی باسرەتی گابار ناسی. کاتێک لەگەڵ هاوڕێمان فەرماندەی ئەیالەتی بۆتان جەمال قسەمان دەکرد، بینیم کە دوو سێ هاوڕێ لەو لاوە بەرەو ئێمە دێن. بەر لەوە کەس پێمان بڵێ کە کێیە لە پێشەوە رێدەکات، من زانیم کە ئەوە هاوڕێ ئەرداڵە. لەبەر ئەوەی پێشتر هاوڕێیان ئەوەندە باسی کەسایەتی ئەرداڵیان کردبوو کە کاتێک هاتە بەردەممان بە ئاسانی ناسیمانەوە.
زانیمان کە یەکینەکەی ژێر فەرماندەیی هاوری ئەرداڵ لە ناوچەی فندک چالاکییەکی سەرکەوتوانەیان ئەنجامداوە و دواتر هاتوونەتە لای ئێمە. دوای چەند خولەک هەواڵپرسین. ئەو بە وردی باسی لە پلاندان و ئەنجامدانی چالاکییەکە کرد. دوای سێ چوار رۆژ مانەوە لەوێ، بە گوێرەی پلان لە یەکتر دابڕاین. لەو چەند رۆژەدا کە پێکەوە بووین، زانیم کە هەرچیم لەبارەیەوە بیستووە و زانیومە راستە، تەنانەت وتم کە کەمیشیان لەبارەوە وتووە.
لەگابار بە دەیان چالاکی سەرکەوتووانەی ئەنجامدا
دووەم دیدارمان لە مانگی کانونی یەکەمی ١٩٩٧دا بوو، ئەمجارە لە نزیک گوندی سپیڤیانی گابار بوو. ئێمە لەوێ بۆ پەروەردەی تاکتیک کە لەلایەن فەرماندەیی ئەیالەتی بۆتانەوە رێکخرابوو، دەچووینە بەستا. ئەرداڵ و چەند هاوڕێمان لە ئێوارەیەکی باراناویدا روویان کردبووە بەستا. لەبەرەبەیاندا ئمە گەیشتینە ناوچەی روسۆری هەرێمی شەریبان. لە رێگەی تەکمیلەوە کە لە بێتەلەوە دەدرا زانیمان کە لە گابار ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان دەستی پێکردووە و لە زۆر شوێن پێکدادانی دژوار هاتووەتە ئاراوە. لەو نێوەدا هاورێ ئەرداڵ هەوڵی دەدا لە رێگەی ئامێری بێتەلی بچوکەوە پەیوەندی بە هەڤاڵانەوە بکات بۆ ئەوەی بزانێت دوژمن لە کوێوە هاتووە، لە چ هێڵێکە، پێکدادان لە کوێ روودەدات و رێنمایی دەدایە هاوڕێیان. لەبەر ئەوەی هاورێ ئەردآڵ دوو ساڵ بوو لە فەرماندەیی گاباردا بوو، هەموو ناوچەکەی خۆی بە باشی دەناسی. هێشتا نەگەیشتبووینە بەستا زانیمان کە هاورێیانمان لە دژی ئەو هێزانەی ئۆپراسیۆنیان کردووە چالاکی کاریگەریان ئەنجامداوە و بە سزادانی دەیان سەرباز، ژمارەیەکی زۆر چەکیان بە دەستهێناوە.
ئەو دیالۆگ و رێنماییانەی کە ئەردال لەماوەیەکی کەمدا لەگەڵ هاوڕێیان کەلە ناو ئۆپراسیۆندا بوو، سازی کرد، یارمەتیمانیدا تێبگەین کە ئەو چەندە فەرماندەیەکی شەڕکەر و لێهاتووە. کاتێک گەیشتینە ناوچەیەکی بەستا بە ناوی چالان، ئێمە زانیمان کە بە تایبەتی هەڤاڵ جەمال فەرماندەی ئەیالەتی بۆتان و هاوڕێیانی ئاستی فەرماندەیی سەرتاسەرتی بۆتان ئامادەن و ئامادەکاری دەستپێکردنی پەروەردەی کۆتایی دەکەن. لەوە بە درێژایی زستان لە بەڕێوەبردنی پەروەردەدا خەباتمان کرد. لە پەروەردەکەدا زۆر فەرماندەی بەنرخ وەک ئەشرەف باشکالە، قاسم ئەنگین، کورتای فەراشین ئامادەبوون، بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات. هاوڕێ ئەرداڵ سەرەتا بەرپرسیاری هاوڕێیانی بەشدار لەو پەروەردەدابوو. بە شێوەیەکی کارا بەشداری لە هەموو وانەکاندا دەکرد و لە بواری بیردۆزی و رێکخستنی و سەربازیدا هاوکاری یارمەتی هاوڕێیانی دەدا.
دوای ئەوەی پەروەردە تەوابوو کۆنفڕانسی بۆتان سازکرا، لە بەهاری ١٩٩٨دا لەگەڵ گروپێکی گەورەی هاوڕێیانمان بە پێشەنگایەتی هاوڕێ ئەرداڵ جارێکیتر چووینەوە بۆ گابار. هاوری ئەرداڵ هەم لە فەرماندەیی گاباردا بوو هەمیش وەل فەرماندەیەکی یەکینە گەڕۆکەکان لە ناو چالاکیدابوو. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧-١٩٩٨ بە فەرماندەیی هاوڕێ ئەرداڵ لە گابار بە تاکتیکی دەوڵەمەند بە دەیان چالاکی سەرکەوتوو ئەنجامدران و گورزی گەورە لە دوژمن وەشێنران و ژماریەکی زۆر چەک لە سەر دوژمن هەڵگیرانەوە. دواتر ئەو چووە هەرێمی جودی و فەرمانەدەیی ئاستی یەکەمی وەرگرت.
لە شەشەم کۆنگرەی پەکەکەدا هاورێ ئەرداڵ وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و وەک بەرپرسی ئستی یەکەمی ئەیالەتی گابار-مێردین کە ئەو کاتە تازە دامەزرابوو دەستنیشان کرا. لە ئاداری ١٩٩٩ لە گابار کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی ئەیالەتەکان بە بەشداری هاوڕی حسێن ماهیر کە تازە لە باشوورەوە هاتبوو سازکرا. دوای کۆبوونەوەکە کە بە پێشەنگایەتی هاورێ ئەرداڵ سازکرا، لە چوارچێوەی پلان و پەیڕەوی نوێدا لەسەر بنەمای تێکۆشانی کاریگەر لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا هاوڕێیان خرانە ئامادەباشییەوە.
من و ئەرداڵ ساڵی ١٩٩٩ بەردەوام لە گابار پێکەوە بووین. وەک نوێنەری کۆنگرەی حەوتەم هاتینە لای یەک، تاساڵی ٢٠٠٠ کە چووە ئەوروپا ئێمە بەردەوام پێکەوە بووین.
ئێوەدەتوانن شێوازی فەرماندەیی بیردۆزی، رێکخستنی و سەربازی ئەو ساڵانەی کە پێکەە لەگەڵ ئەرداڵ بوون، هەڵبسەنگێنن؟
هاورێ ئەرداڵ لە بنەماڵەیەکی کورد، وڵاتپارێز و عەلەوی بوو. هاوڕێیەک کە لە منداڵیەوە شایەتی هێرش و کردەوەکانی دەوڵەتی تورک بوو بەرامبەر بە گەلی کوردی-وڵاتپارێز-عەلەویمان. لە ساڵی ١٩٧٨ لە مەرەش کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورک لە دژی عەلەوییە کوردە وڵاتپارێزەکان ئەنجامدرا، ئازاری کۆمەڵکوژی مەرەشی هەستکردبوو. ئەو کاتەی فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای پەکەکەی ناسی، یاستێکی رێکخراوتری بەدەستهێنابوو. واتە هاوڕێ ئەرداڵ لە تەمەنێکی گەنجیدا بەشدار ببوو و بەوەی زانیبو لە بزوتنەوەی ئاپۆیی راستگۆترین بزوتنەوەی ئازادی کورد و کوردستانە. بە پەروەردەکردنی لەلایەن رێبەر ئاپۆوە بووە گەریلا و فەرماندە.
بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە فەرماندەیی ئەیالەتی بۆتاندا مایەوە و بەشداری زۆر چالاکی و شەڕی کرد، خاوەنی ئەزمونێکی گەورەی سەربازیبوو. لەهەموو شوێنێک کە تیایدابوو بۆ چەندین ساڵ بە خوڵقاندنی سیستمی پەروەردەی بیردۆزی، رێکخستی و سەربازی گەریلاکانی پەروەردەکرد و بەرەوپێسی بردن. بە کەسایەتی دەم بەپێکەنی و پڕ جۆش و خرۆشی، بەردەوام لەلایەن سەرجەم هاوڕێیانەوە رێزی دەگیرا. کاتێک پێویست بوایە فەرماندەیەکی لێهاتوو بوو، کاتێکیش پێویست بوایە شەڕڤان و هەرکاتیس پێویست بوایە خزمەتکارێکی وەفادار بوو بۆ هاوڕێیانی. بە ژیان و بەشداربوونی خۆی بووە خاوەن هەڵوێستی ئاپۆیی کە هەموو کات بۆ فەرماندە و شەڕڤانەکان بووە نمونە.
لایەنێکی دیکەی شێوازی فەرماندەیی ئەرداڵ ئەوەیە کە بە باشی چاودێری دوژمنی دەکرد، هەوڵی دەدا تێبگات، چ لایەنێکیان لاواز و چ لایەنێکیان بەهێزە و بە گوێرەی ئەو پلان و تاکتیکی وردبینانەی دادەڕشت. ئەو دەیزانی کە چالاکی و شەڕی سەرکەوتوو لە زانیاری و وردەکارییەکاندایە. بەردەوام لەسەر زانیارییەکان راوەستەی دەکرد و لەگەڵ هاوڕێیانی دەوروبەری هابەشی پێدەکرد. فەرماندەیەکی بەو جۆرە بوو کە گرنگی بە زانیاری و وردەکارییەکانی شەڕ دەدا.
مامەڵەکردنی ئەو لەگەڵ تێکۆشانی ئازادی ژن و ئەو ژنانەی کە لەگەڵیدا خەباتیان دەکرد چۆن بوو؟
لە بەرامبەر ئەو رۆڵ و ئەرکەی رێبەر ئاپۆ بە ژنانی بەخشیبوو، هەندێک کەموکوڕیمان هەبوو. هاوڕێ ئەردال بەردەوام لە بەرامبەر ئەو کەموکوڕییانە تێدەکۆشا. لە رێگەی گفتوگۆی تایبەت لەگەڵ هاوڕێیانی پیاو هەوڵ دەدات ئەو کەموکوڕیانە بخاتە بەرباس. لەگەڵ ئەو ژنانەی کە خەباتیان لەگەڵ دەکرد، توانیبووی هاوئاهەنگییەک سازبکات و توانیبووی رۆحێکی کاری پێکەوەیی بخوڵقنێت. رەخنەی لە کەموکوڕییەکان دەگرت. بەڵام هاوڕێیەک بوو کە بەردەوام بڕوای دەبەخشی و گرنگی بە خەباتی هاوڕێیانی دەدا.
هاوڕێ ئەرداڵ لە رێگەی ئەو پەروەردەیەی لە رێبەر ئاپۆ و پەکەکەوە وەریگرتبوو، هەروەها بەهۆی کولتوریک کە بەدەستیهێنابوو، ئاگاداری گرنگی بزوتنەوەی ئازادی ژنان بوو. لە هەرشوێنێک دەمایەوە، هەم لەگەڵ هاووڕێیانی ژن و هەمیش لەگەڵ هاوڕێیانی پیاو گفتوگۆی دەکرد و شێوازێکی دەگرتەبەر کە هاووڕێیان بەرەوپێش ببات. خۆی لە خۆیدا لەو ساڵانەدا رگەی لەبەردەم هاوڕێیانی ژن دەکردەوە بۆ ئەوەی لە چالاکییەکان و خەباتدا خاوەن دەستپێشخەری بن. هەڤاڵ ئەرداڵ هەرچەندە خاوەنی هەڵوێستێکی رەخنەگرانەش بووبێت، نەمانبینی کە هیج هەڤاڵێکی ژن لە هەڤاڵ ئەرداڵ زویر بێت یاخود لێی دووربکەونەوە. لەلای هاوڕێیانی ژنیشەوە خۆشەویستبوو، شێوازی فەرماندەییەکەی مایەی قەبوڵکردن بوو.
ئەگر دۆخی ئێستا لەبەر چاوبگرین و هەڵیبسەنگێنین؛ شەهید ئەرداڵ لە شەڕدا کام تاکتیکی چالاکی و بە چ شێوەیەک بەکاری دەهێنا؟ بۆ ئەوەی بۆ چالاکییەکانی ئەم رۆژانە ببێتە نمونە ئێوە دەتوانن چی بڵێن لەو بارەوە؟
ئەگەر گەریلایەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی پسپۆرانە کە لەمرۆدا لە رۆژەڤماندایە هەڵبسەنگێنین؛ کاتێک لێکۆڵینەوە لە پراتیکی ١٩٩٧-١٩٩٩ی گابار بە فەرماندەیی هەڤاڵ ئەردال دەکرێت، دەبینین کە لەو رۆژگارەدا پراتیکی بەو جۆرەی هەبوو. لەو قۆناغەدا هەڤاڵ ئەردال زیاتر لە سەر بەرەوپێشبردنی چالاکی کاریگەر وردبوونەوەی کردبوو و بە شێوەیەکی بە ئەنجام بەرگی کرداری بەبەردا کردبوو. شێوازێکی فەرماندەیی هەبوو کە بە تاکتیکەکانی بۆسە، چوونە ناوەوە و سابۆتاژ، لەو شوێنانەی کە دوژمن پێسبینی نەدەکرد کەی و بە چ شێوەیەک، بە چالاکی سوپرایز و شۆکهینەر گورزی قورسی لەدەوەشاند. لە ئەنجامی پلانەکەیدا، بە بێ ئەوەی بە هێزێکی کەم لێبدرێت و لە چەند خولەکدا ئەنجام بەدەست بهێنێت و بە کشانەوە چالاکی سەرکەوتووانە سازبکات. ئو چالاکیانەی بە فەرماندەیی هەڤاڵ ئەرداڵ ئەنجام دران، دوژمنی خستە ترس و شڵەژانەوە.
لەو قۆناغەدا تاکتیکی سابۆتاژ زۆر لەناوماندا باو نەبوو، هەڤاڵ ئەرداڵ بە هەوڵ و ماندووببوونی خۆی لە بواری سابۆتاژدا بووە پسپۆر. دوژمن بەردەوام ئەو گولـلەتۆپ، کاتیشا و هاوەنانەی کە نەدەتەقینەوە فڕێی دەدان لە شوێنی جیاجیا. هەڤاڵ ئەرداڵ کۆیدەکردنەوە و تەقەمەنی لەوانە دروست دەکرد، هەوڵی دەدا لە بەرامبەر دوژمن بە کاریان بهێنێتەوە. لەوبارەوە دەمەوێت بیرەوەرییەک بگێڕمەوە.
رۆژێکیان بۆ راو لەگەڵ هەڤاڵ ئەرداڵ چووینە دەوروبەری گوندی خورسێی گابار. دوای ئەوەی هەندێک لەو ناوچەیە گەڕاین، هەڤاڵ ئەرداڵ لە شوێنێک کە هەندێک لە ئێمەوە دوور بوو بانگی کردین کە نێچیرێکی گرتووە. هەڤاڵ ئەرداڵ فیشەکی نەتەقاندبوو، ئێمەش بیرمان دەکردەوە کە جۆن راوی کردووە و گرتوویەتی و چووینە لای. کاتێک چووینە لای، بینیمان گولـلە کاتیوشایەکی ٤٥ کیلۆیی پێیە. سەیری کردین و پێکەنی و وتی: "ئەوەتا نێچیرەکەمان! دەبێت ئەمڕۆ ئەم گولـلە ببەینەوە بۆ شوێنی خۆمان، لەوێ بیبرینەوە تی ئێن تیەکەی دەربهێنین، بیکەی بە بۆمب و دەبێت لە دژی دوژمن چالاکی پێبکەین". جانتا یاخو شتێکمان پێنەبوو کە ئەو کاتیوشایەی پێهەڵبگرین. کاتێک کە وتمان دەگڕێنەوە بۆ بنکە و جانتا یاخود شتێک دەهێنین، بە پێداگرییەوە وتی نا، درەنگ دەبێت. چی دەبێت با ببێت، دەبێت ئەم کاتیوشایە بگەیەنینە بنکە". تا گەیشتینەوە بنکەکەمان هەر جارە و یەکێکمان ئەو گولـلە کاتیوشایەی هەڵگرت. وزەمان تێدا نەمابوو. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەبوو، لە شێوازی هەڤاڵ ئەرداڵدا ئەوە هەبوو کە کاری ئەمڕۆی نەدەخستە سبەینێ. ئەوەی بە بنەما دەگرت کە کارەکە لە کاتی خۆیدا جێبەجێ بکات و بیگەیەنێتە کۆتایی.
دەمەوێت یەک لە چالاکییە سەرکەوتووەکان کە هەڤاڵ ئەرداڵ بە تاکتیکی سابۆتاژ ئەنجامی دابوو، وەک نمونە باس بکەم. ئەو کاتە لە ناوچەی بانێ عەزیزای گابار شوێنێک کە دوژمن بە رۆژ لێی دەمایەوە و بە شەو چۆڵی ەکرد هەبوو. بە گشتی لەسەر خاکی بانێ عەزیزا ئەنجامدای چالاکی لە رۆژ زۆر مەترسیدار بوو. هەڤاڵ ئەرداڵ بۆمبی لە هەموو ئەو سەنگەرانە دانا کە دوژمن بە رۆژ تیایاندابوو، بە شەویش جۆڵی دەکردن، دانا. وایەرەکەی تا خوارەوە راکێشا و چەند گروپی هێرشبەریش لە نزیک شاخەکە جێگیرکرد. دوای ئەوەی دوژمن چوونە ناو سەنگەرەکانەوە، هەڤاڵان لە سەرلەبەیانیدا بۆمبەکانیان تەقاندەوە، دەستیان بە هێرش کرد و چوونە سەر دوژمن. لەوێ زۆر چەکیان هەڵگرتەوە و بە بێ هیچ زیانێک بە سەلامەتی گەڕانەوە.
لەو کاتەدا لە گابار کێشەو گەورەی خۆراک هەبوو. هەڤاڵ ئەرداڵ بەر لە چالاکی، نانێکی بچووک بە هەر هەڤاڵێک دابوو کە بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردبوو، بەم جۆرەش قسەی بۆ کردبوون: "ئێوە نانەکە مەخۆن، دوای چالاکیەکە لە کاتی کشانەوەدا نانەکە بخۆن، ئەگەر رۆژی یەکەم دوژمن نەهات، نیوەی نانەکە بخۆن، نیوەکەی دیکە بۆ رۆژی دواتر و پاش چالاکیەکەی هەڵبگرن، بۆ ئەوەی وزەتان هەبێت لە کاتی کشانەوەدا بیخۆن". فەرماندەیەکی بەو جۆرە بوو زۆر ورد بیری دەکردەوە و پلانی دادەنا. هەڤاڵ ئەرداڵ خۆی ئەو چالاکییەی ئامادە کرد، پلانی بۆ دانا و لە نزیکەوە سەرپەرشتی کرد. هەڤاڵ ئەرداڵ زۆر چالاکی سەرکەوتوانەی وەک ئەوەی هەبوو.
لەکۆتاییدا سەبارەت بە شەهید ئەرداڵ هیچ شتێک هەیە کە بتانەوێت بیڵێن؟
دڵسۆزی و خۆشەویستی هەڤاڵ ئەرداڵ بۆ وڵاتەکەی یەکجار بەهێزبوو. بەردەوام حەزی لەوەبوو کە لە چیاکان گەریلایەتی بکات و پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد. بەتایبەتی زۆر حەزی لە گابار بوو. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠-٢٠٠٣دا لە قۆناغەکانی ئەوروپادا، بەردەوام لە رێگەی تەلەفونەوە پەیوەندی بە ئێمەوە لە گابار دەگرت. پەرەسەندنە گشتییەکانی پێڕادەگەیاندین. هەواڵی دار، میوە و دەوەنەکان و شتی لەو جۆرەی دەپرسی، هەوڵی دەدا دۆخی ئەوێ بزانێت. بەردەوام باسی لە تاسە و دڵتەنگی خۆی بۆ گابار دەکرد. واتە سەرباری ئەوەی لە ئەوروپا بوو، لە بۆتان و بە تایبەتی گابار دەژیا و بیری هەڤاڵانی خۆی دەکرد.
هاوڕێ ئەرداڵ بەردەوام باسی گاباری بۆ زۆر یەک لەو هەڤاڵانە دەکرد کە خۆی بە رێکستنی دەکردن و دەیهێنانە ناو ریزەکانی پارتییەوە. کاتێک ئەو هەڤاڵانە هاتن بۆ چیا، بەردەوام بۆ ئەوەی بجنە گابار پێسنیازیان دەکرد و هەوڵیان دەدا. یەک لەو هەڤاڵانە شەهید ئاڤاڕەش دێرسیم بوو. شەهید ئاڤاڕەش لەگەڵ ئەرداڵ لە ئەوروپا مابووەوە و زۆر کاریگەری ئەوی بەسەرەوە بوو. ئاواتی گابار کە هەڤاڵ ئەردال بۆ هەڤاڵ ئاڤاڕەشی سازکردبوو، کاتێک کە گەیشتە گابار هاتەدی. هەڤاڵ ئاڤاڕەش بۆ ماوەیەکی زۆر لە گابار مایەوە. وەک هەڤاڵ ئەرداڵ بە بەشداربوونی راستگۆیانەی و دروستی خۆی لەگەڵ سروشتی گاباردا یەکی گرت و وەک شەڕڤانێکی جەوهەری هەڤاڵ ئەرداڵ بەردەوام ببووە خاوەنی بەشداربوونێکی راستەقینە و راستگۆیانە.
هەڤاڵ ئەرداڵ لە نێو ئێمەدا وەک فەرماندەیەکی دەم بە پێکەنین دەناسرێت. لە ژیانی شۆڕشگێریدا فەرماندەیەکی پێشەنگبوو کە رەنجی زۆر گەورەی لەپێناو وڵات، گەل و مرۆڤایەتیدا کێشا. فەرماندەیەکی خاکەڕا، لەخۆبوردەبوو کە بە هۆی راستگۆیی خۆیەوە لەلای هەمو هەڤاڵان خۆشەویست بوو. شۆڕشگێڕێکی گەورەبوو کە لە پێناو هەمووماندا رەنجی زۆری کێشا و لە مێژووی شۆڕشگێڕیمان شوێنپێی بەو جۆرەی جێهێشت کە هەرگیز لەیاد ناکرێت. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە وەک شەڕڤان و هاوڕێی ئەو خاوەنداری لەو میراتە بکەین کە ئەو بۆی بەجێهێشتووین و هەوڵ دەدەین شایەنی ئەو بین.
هـ . ب