فشار و ستەمکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە جۆلەمێرگ زیادی کردووە

لەم دواییانەدا لە جۆلەمێرگ و ناوچەکانی، ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی، ئەشکەنجەدان، گرتن، داگیرکاری و تاڵانکردنی سروشت لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکەوە لە هەڵکشاندایە، ئەو کردەوانەش هیچی کەمتر لە جێبەجێکردنی باری نائاسایی نییە.

خەڵکی جۆلەمێرگ، کە لە مێژووی کوردستاندا سەریان بۆ هیچ هێزێکی باڵادەست دانەنواندووە، لە بەرامبەر کردەوەکانی دەوڵەتی تورک، لە کۆمەڵکوژییەوە بگرە تاکوو ئەشکەنجە و دەستبەسەرکردن خۆڕاگری دەکەن. دەوڵەتی تورک لە دوو مانگی ڕابردوودا هێرشەکانی بۆ سەر گەل و سروشتی جۆلەمێرگ زیاد کردووە. ڕۆژانە حاڵەتێکی تری کوشتن، ئەشکەنجەدان و دڕندەیی و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و لەناوبردنی سروشت، بۆ ئەم دۆخە زیاد دەبێت.

ئاژەڵداران و جوتیاران لە گوندەکان، هەروەها کاسبکارانی سەر سنوورەکان لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژێن. لە شاردا کە گەمارۆدان، کوشتنی خەڵک و پێشێلکردنی مافەکانیان هەرگیز کەم نابێتەوە، سیاسەتی قوتاربوون لە سزا بەردەوامە. بە هۆی پەیڕوکردنی ئەو سیاسەتەش کە لە ئەنجامیدا هێزەکانی سەر بە دەوڵەت لەسەپاندنی سزا قوتاریان دەبێت، حاڵەتەکانی کۆمەڵکوژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەڵکشاندایە.

گەڤەر گەمارۆ دراوە

لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەڕەکەکانی کشلا، ئۆرمان، ئەسەنتەپە و ناوەندی بازاڕی گەڤەر لەلایەن سەرباز و پۆلیسەکانەوە گەمارۆ دراون. لە ناوەندی شار و گەڕەکەکانی، هێزەکانی دەوڵەت بە ئارەزووی خۆیان، کۆنترۆڵی زانیاری گشتی و پشکنین بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن. ڕۆژی ١٥ی ئاب، لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگ و ناوچەکانی گەڤەر و چەل هەڵکوتراوەتە سەر زۆرێک لە ماڵان و نزیکەی ٣٠ کەس دەستگیرکران، کە دایکانی ئاشتی-شیان لە ناودایە.

هێرشکردنە سەر کۆلبەران

ڕۆژی ١٥ی ئاب، لە دەورووبەری گوندی گەناڤێی سەر بە گوندی گەلێشمی شەمزینان، بە هۆی هێرشی سەربازانی تورک، دوو کۆڵبەر بریندار بوون. دواتر ٣ کەسیش دەستگیر کران، کە ٢ کەسیان بریندار بوون. تا ئێستا نازانرێت ئەو کۆڵبەرانە کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، بۆ کوێ گواستراونەتەوە.

تاڵانکردنی سروشت

ئەو ئاگرەی ڕۆژی ١٠ی ئاب، لە دەورووبەری مارینوس دەستیپێکردبوو تادێت رووبەرێکی فراوانتر دەگرێتەوە. هەرچەندە ١٠ ڕۆژ بەسەر کەوتنەوەی ئاگرەکە تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لە زۆر ناوچەدا تەشەنە دەسێنێت و کۆنترۆڵ نەکراوە. هەزاران دار سووتاون و بەو جۆرەش سروشت تاڵان دەکرێت.

ئاو لەسەر ئاژەڵەکانیش دەگرنەوە

ئاوی ئەو ڕووبارەی دەچێتە گوندێکی ئیسیانی سەر بە گوندی بێروحی ناوچەی ڕووبارۆک، بەهۆی لێدانی کەناڵ لەلایەن سەربازەکانەوە، گیراوەتەوە. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی گوندنشینان نەتوانن ئاژەڵەکانیان ئاو بدەن و باخ و کێڵگەکانیان ئاودێری بکەن. بەهۆی ئەوەی پەڕینەوە لە کەناڵەکە و لەوەڕاندنی مەڕوماڵات لە دەورووبەری کەناڵەکە قەدەغە کراوە، گوندنشینان زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

گۆندنشینان ئەشکەنجە دەدرێن

ڕۆژی ٢٥ی تەمووز، لە دەڤەری ناوبەڕۆژانی سەر بە ناچەی ڕووبارۆک، سەبازەکان چەند گۆندنشینێکیان بە ناوەکانی سەرحەد، مەحموود سەرکان تاش و ئەرجان ئۆزمەن لەگەڵ (س)، لە کاتی شوانیدا ئەشکەنجە داوە و دواتر دەستگیریان کردوون. ئەو گەنجە دەستگیرکراوانە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەلایەن سەربازەکانەوە ئەشکەنجە دراون.

ڕۆژی ٦ی تەمووز، دایکێکی تەمەن ٦٥ ساڵ دەستگیرکرا. لە ناوەندی شاری گەڤەر و گوندی بلندباسان و بردکی ئەو شارە، هێزەکانی دەوڵەتی تورک، هەڵیانکوتایە سەر ماڵان و ٥ کەسییان دەستگیرکرد.

ژ.ن