'ڕێگای چارەسەری عەبدوڵا ئۆجالانە'

بەردان ئۆزتورک پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوز وتی، "ئەگەر ئێمە بە بەهێزی بچینە پەرلەمانەوە، ئەوا سیاسەتی ڕێگای سێیەم یەکلاکەرەوە دەبێت" و بۆ ڕێگای چارەسەریش ئاماژەی بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.

بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) و پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوز بۆ پەرلەمان لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

'هەڵبژاردنێکی مێژووییە، چونکە ڕێگای سێیەم دەتوانێت بڕیاردەر و یەکلاکەرەوە بێت'

بەردان ئۆزتورک ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە دەسەڵاتدایە، بە سیاسەتی گوشار و سەرکوتکردن و توندوتیژی کۆمەڵگای دیل کردوە، هەموو ڕێگا و ئامرازەکانی بەکارهێناوە بۆ شاردنەوەی هۆکاری قەیرانە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و وتی، "ئێمە لە پرۆسەیەکداین، کە چیتر دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە هێزیان نەماوە. بە دڵنیاییەوە لەمەدا کاریگەریی خەباتی دیموکراسی و ئازادی زۆر گەورە و گرنگە. پێش هەموو شتێک گەلی کورد، کە سیاسەتەکانی گوشار و زۆرداری و سەرکوتکردن بە چڕی لە دژیان بەڕێوەچوو، هێزە دیموکراسییەکان، سۆسیالیستی و چەپڕەوەکان پێکەوە تێکۆشانی هاوبەشیان بۆ شکستپێهێنانی دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کرد. ئەنجامی هه ڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ساڵی ٢٠١٩ یەکەم ئاماژەی سەرەتای ئەوەبوو".

بەردان ئۆزتورک ڕایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار دەرفەتێکە بۆ شکستپێهێنانی مێشک و عەقڵییەتی دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە، لە هەمان کاتدا پەیامێک بوو بۆ ئۆپۆزسیۆن و تی، "هەڵبژاردنێکە، کە سیاسەتی ڕێگای سێیەم یەکلاکەرەوە دەبێت و بۆ گەلان دەبێتە هیوا، بۆیە مێژووییە".

بەردان ئۆزتورک ڕاشیگەیاند، بە شکستی دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە، هیوای ئازادی، ئاشتی کۆمەڵایەتی و دیموکراسی گەشە دەکات  و هەناسە بەبەر کۆمەڵگەدا دێتەوە و وتی، بێگومان بۆ دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە سەرکەوتنی پارتی چەپی سەوز زۆر گرنگە.

هاوسەرۆکی کەجەدە ئاماژەی بەوەکرد، گەلی کورد لە ساڵانی ١٩٩٠دەکاندا لە ڕێگەی (هەپ)ەوە خۆی گەیاندە پەرلەمان و وتی: "ئەم پرۆسەی نوێنەرایەتیکردنە لە ڕێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەردەوامە. لەم پرۆسەیەدا بە گوشار، زیندانیکردن، داخستنی حیزبەکاندا، دانانی بەربەرستی لە سەدا ۱۰ی هەڵبژاردنەکان خواستیان گەلی کورد لە سیاسەت دوور بخەنەوە، بەڵام هەموو جارێک گەلی کورد خەباتی خۆیان بە شێوەیەکی بڕیاردەرانە و پێداگرانە زیاتر و بەهێزتر دەکرد. بە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار، ئێمە لە پەرلەمان لە نێوان ئەو هێزانەدا دادەنیشین، کە لەلایەکەوە دەیانویست هەدەپە دابخەن و لە لایەکی دیکەشەوە ئەوانەی تر، کە نەیاندەویست لەگەڵ هەدەپەدا ببینرێن. ئێمە داواکاریی هێزە دیموکراتییەکان و باوەڕەکان و ناسنامەی ئیتنیکیەکان، کە ساڵەهای ساڵ ڕەتدەکرانەوە، زۆر بە هێزی دەخەینەڕوو و باسیان دەکەین. بۆیە بە ژمارەی زۆری خۆمانەوە لە پەرلەماندا لە دژی سیاسەتەکانی جەنگ، ئەو سیاسەتانە، کە چارەسەری و ئاشتی بۆ خۆیان دەکەنە بنەما، واتە سیاسەتی ڕێگای سێیەم زۆر چالاکانەتر بەڕێوەدەبەین و دەبینە یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز. نوێنەرایەتییەکی بەهێزتر بۆ ئیرادەی گەلەکەمان هیوای بەدیهێنان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی گەلەکەمان گەورەتر و بەهێزتر دەبێت."

'نەک نوێنەر، بەڵکو دەبێت مێشک و عەقڵییەت بگۆڕدرێت'

بەردان ئۆزتورک وتی، بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی کێشەی کورد لە کەسایەتی عەبدوڵا ئۆجالان دا گەیشتە ئاستی نێونەتەوەیی و وتی، "پیلانگێڕییەکە بە گۆشەگیری بەردەوامە. عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە چەندین جار لە ڕێگەی ئاگربەستەوە ئەوەی نیشاندا، کە پشتیوانی لە چارەسەری دەکات، بەڵام هەموو جارێک ئەو هێزانە، کە خۆیان لەسەر سیاسەتی جەنگ دەژیەنن بە کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە هەوڵیان داوە ڕێگری لە چارەسەری بکەن. لە بارودۆخی ئێستادا، دەسەڵاتی ئاکەپە - مەهەپە بە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا، هەرێمی کوردستان و قوڵبوونەوەی گۆشەگیری پێداگری لەسەر بەردەوامیدان بە سیاسەتی جەنگ و شەڕانگێزی دەکات. لەلایەکی دیکەشەوە ئۆپۆزسیۆن بە بێدەنگی دژی ئەم سیاسەتە دوژمنکارییانە بەرامبەر بە کوردەکان لە لە تەنیشت دەسەڵات دا ڕاوەستا. بۆیە بۆ پێکهێنانی چارەسەری پێویستی بەو نوێنەرانە نییە، کە مێشک و عەقڵیەتی نکۆڵیکردنی سەد ساڵەیان هەیە، بەڵکو پێویستی بە گۆڕینی ئەو مێشک و عەقڵیەتە هەیە. ناونیشانی چارەسەریش بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە، کە چەندین ساڵە لەژێر گۆشەگیرییەکی تونددایە".

 بەردان ئۆزتورک ئەوەشی ڕاگەیاند، لە گۆڕینی دەسەڵات دا ئەگەر هێز نوێ دەسەڵات نەیەوێت لەژێر داروپەردوی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەدا بمێنێتەوە، ئەوا ناچارە، کە ڕوو لە دیالۆگ و دانوستان بکەن.

'پێویستە خۆمان بگەینینە هەموو کەسێک و لە ئامەد ئامانجمان هەر ١٢ پەرلەمانتارەکەیە'

بەردان ئۆزتورک سەبارەت بە کەش و هەوای هەڵبژاردنەکان لە ئامەد وتی، "خەڵکی ئامەد چاوەڕێی ١٤ی ئایار دەکەن تاوەکو ئەرکی مێژوویی خۆیان بەجێبهێن. وەڵامی گوشارەکان، توندوتیژییەکان، قەدەغەکارییەکان، تاڵانکردنی شوێنە مێژووییەکان و دەستبەسەرداگرتن و زەوتکردنەکان لە ڕێگەی قەیومەوە، لە ١٤ ئایاردا دەدرێتەوە. ئەو ڕۆژە ڕۆژی لێپرسینەوە دەبێت، بۆیە لە ئامەد کەشێکی زۆر پڕ لە پەرۆشی و پڕ لە جۆش و خرۆش هەیە. ئێمە هێز و ورە لەوەوە وەردەگرین و دەمانەوێت هەر ١٢ کورسیەکەی ئامەد لە پەرلەماندا بە دەستبهێنین".

ژ.ت