گازی کیمیایی و ژەهراویی 'بۆنخۆش'یان بەکارهێنا - بەشی دووەم -

ئەوە سەلمێنرا، کە سوپای تورک لە ٦ مانگی سەرەتای شەڕ لە مەتینا، ئاڤاشین و زاپ دا ٣٢٣ جار چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. سەربازانی تورک لە هەر شوێنێک نەیانتوانی ئەنجام بەدەستبهێنن، جۆر و رێژەی کیمیاییەکەیان دەگۆڕی. هەروەها گازی کیمیایی 'بۆنخۆش'یان بەکارهێنا.

دەوڵەتی تورک بە سەرۆکایەتیی ئاکەپە – مەهەپە - ئەرگەنەکۆن بۆ سەرکوتی تێکۆشانی گەریلا لە شەوی ٢٣-٢٤ی نیسانی ٢٠٢١دا دەستی بە هێرشێکی بەرفراوانی داگیرکاری بۆ سەر ئاڤاشین، زاپ و مەتینا کرد، کە چەندین مانگی خایاند. سوپای تورک بە قورسی و چڕی بە چەکی باو و ئاسایی لەگەڵ هێزی ئاسمانی دەستی بە شەڕ کرد، هەر لەو سەگانە، کە کامێرایان پێوە بەسترابوو تا هەر جۆرە گازێکی کیمیایی و سەرجەم ئەو چەکانەی بەدەستیەوەن بەکاریهێنا. سەرەڕای ئەوەش نەیتوانی بەرخۆدانەکە تێکبشکێنێت. لەو جێیەی، کە خۆی تیادا دابەزاند و دەیخواست دەست بە داگیرکارییەکی هەمیشەیی بکات، دەستی بە تاڵانکاری و پاکتاوکردنی سرووشت کرد.

تاکۆتایی مانگەکانی هاوین، سەرچاوەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لە ناوچەکە رایانگەیاند، دەوڵەتی تورک لە هێرشەکانیدا ٨٤ جار ئاگری لە ناوچەکە بەرداوە. هەروەها بە هۆی گوشارەکانی دەوڵەتی تورکەوە ٤٧ گوند لە باشوری کوردستان چۆڵکراون، لە دەوروبەری ٦٠ گوند دار بڕدرانەوە، هەزاران دۆنم زەویی کشتوکاڵی، باخ و دێبەر سوتێنراون و زیانیان پێگەیەنراوە. بە ملیۆنان بوونەوەر لەو دارستانانە بە بۆمبی فسفۆڕ و ماددەی سوتێنەر سوتاون. ئەو جیهانە لە بەرامبەر ئەو پەلامارانەدا بێدەنگ بوو، بێگومان لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییشدا هاوکاریی گەورەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەریان دەکرد.

هەپەگە لە ٢٤ ی تشرینی یەکەم ئاماری ٦ مانگ شەڕی لە مەتینا، ئاڤاشین و زاپ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سوپای تورک ٣٢٣ جار بە چەکی کیمیایی هێرشی ئەنجامداوە. سەربازانی تورک دوای هەر هێرشێک، کە نەیاندەتوانی ئەنجام بەدەستبهێنن، جۆر و رێژەی گازی کیمیاییشیان دەگۆڕی. ئەو گەریلایانەی هەپەگە و یەژاستار، کە لەو هێرشانەدا رزگاریان ببوو لە ١٦ی تشرینی یەکەمدا لە سەر هێرشەکان بە چەکی کیمیایی زانیاری گرنگیان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)دا.

 گازی کیمیایی بە تامی شەکر

سوپای تورک بە هەموو جۆر و هێزی خۆییەوە هێرشی کردە سەر شاخە سوور، بەڵام نەیتوانی هیچ ئەنجامێک بەدەستبهێنێت، بۆیە پەنای بردە بەر شێوە و شێوازی نامرۆڤانە. ٣ی ئەیلولی ٢٠٢١ بە جۆرێکی نوێی کیمیایی هێرشی ئەنجامدا. لەو هێرشەدا ٦ گەریلا شەهیدبوون. مزگین داڵاهۆ گەریلای یەژا ستار یەک لەو ٣ گەریلایە بوو، کە لەو هێرشە کیمیایانەدا رزگاری بوو و سەبارەت بە جۆری ئەو چەکە کیمیاییە نوێە بەم جۆرە دووا:

"سوپای تورک ئەو شەڕەی بە شێوەیەکی بەدەر لە ڕەوشت و ئەخلاقی شەڕ بەڕێوەدەبات. دەوڵەتی تورک هەموو ئەو شتانەی بەکارهێناوە، کە قەدەغەیە و لە شەڕدا لە دژمان بەکاری دەهێنا، کە سەرەکیترینیان بریتی بوون لە تەقەمەنی و گازی کیمیایی و گازی بیبەر، کە لە ڕێگەی ئەو تەقەمەنیانەوە بەکاری دەهێنان.

ئەم شەڕە پێچەوانەی هەموو جەنگێکی ترە، کە لە جیهاندا ئەنجام دەدرێت، چونکە کار و پەلاماری زۆر دوور لە ئەخلاقەکانی جەنگی تیادایە. زۆرێک لە هەڤاڵانمان بەو شێوازانە شەهید بوون. دوژمن هەرگیز یەک هەڤاڵی ئێمەیان بە فیشەک شەهید نەکردووە و هەرگیز لە هیچ شوێنێک شەڕی ڕووبەڕوو نەبووە. من خۆم لە تونێلەکانی جەنگدا بووم، دوژمن هەرگیز نەچووەتە ناو تونێلەکانی جەنگەوە، ئەو بوێریی ئەوەی تیادا نییە، کە ڕووبەڕووی ئێمە ببێتەوە. ئەوان زیاتر تەقەمەنی و گازی کیمیاییان بەکارهێناوە. دووکەڵ و بۆنی ئەو گازە کیمیاییانە جیاواز بوون. هەندێ جار گازی بیبەریان بەکارهێناوە، هەندێک جار گازی کیمیایی جیاوازیان بەکارهێناوە. یەکەم گاز کە بەکاریان هێنا سەوز بوو، تامی شەکری لە دەم دا بەجێ هێشت و بۆنەکەشی وەک شەکری سوتاو بوو. ئەم گازە بۆنێکی زۆر خۆشی هەبوو. جۆرە گازیکیان بەکارهێناوە، کە بۆن و تامێکی خۆش و جوانیان تیادا بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بەو بۆنە بێزار نەبین و خێرا کاردانەوەمان لە دژی نەبێت.

بۆنی گاز بووە هۆی شەهیدبوونی هەڤاڵ باز (گەریلای هەپەگە شەهید باز گەڤەر – فرات شاهین) وەک دەرمانی پاککەرەوە بوو. وردە و وردە و لە درێژخایەندا کاریگەریی لەسەر مرۆڤ دروست دەکرد، بۆیە هەڤاڵ باز لەو کاتەدا ڕاستەوخۆ شەهید نەبوو، بەڵکو ڕۆژێک دواتر شلە و کەفێکی زەرد رەنگ لە دەمی هەڤاڵ باز دەهاتە دەرەوە و دواتر شەهید بوو. جگە لەوەش گازی جۆراوجۆریان بەکارهێناوە، کە زۆربەی گازەکان ڕەنگی سپیی خۆڵەمێشیان هەبوو".

گازە قەدەغەکراوەکان کاریگەرییان لەسەر مێشک و سیستمی دەمار دادەنا

ئارمانج سمکۆ گەریلایەکی دیکەیە و باسی لەوەکرد کە ئەو گازانەی لەم دواییەدا بەکارهێنران لە ماوەیەکی کورتدا کاریگەریان دادەنا و بەم جۆرە دووا: "ئەو گازانە، کە بەکاری دەهێنن دوای ماوەیەکی کەم کاریگەرییان هەیە و هەر چۆن مرۆڤ هەڵیمژی بە خێرایی دەبورێتەوە و دەکەوێت. کاتێک زۆریش هەلیبمژێت دەبێتە هۆی شەهید بوونی. لە تونێلەکەدا ٦ هەڤاڵ بەو هۆیەوە شەهید بوون. منیش بە هۆی ئەوەى هەندێک گازم هەڵمژیبو بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر نەهاتمە هۆشی خۆم. ڕۆژی دواترم لە بیر نایەت. چۆن لە تونێلەکە چووینە دەرەوە، ئەوەم لەبیرە. بە بڕوای من ئەو گازەی بەکاری دەهێنن کاریگەری لەسەر سیستمی مێشک و دەمارەکان هەیە و مێشک لە کار دەخات. بۆ ئەوەیە مرۆڤ لە بیری دەچێت، کە چی روویداوە. ماوەی دوو مانگ تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا کاریگەریی لەسەر من هەیە، زۆر شت لەبیر دەکەم و هێشتا کۆنتڕۆڵی جوڵەى و کاردانەوەکانی جەستەمم بە باشی بۆ ناکرێت".

گەریلایەکی تر کە لە هێرشی چەکی کیمیاییدا رزگاری بوو تێکۆشین دەڤریم-ە ئەویش وتی، "لە ٣ی ئەیلولدا کاتێک ئەو گازەیان بەکارهێنا و بووە هۆی شەهیدبوونی هەڤاڵان، من ئێشکگر بووم. سەرباری ئەوەی تونێلەکە زۆر درێژیش بوو ئێمە هەستمان بە پەستانێکی قورس کرد. دوای چەند خولەکیش ناو تونێلەکە پڕ بوو لە گاز. هەرچەندە تونێلەکەمان زۆر درێژیش بوو، بەڵام ناوەوە پڕ بوو لە گاز. لەهەمان کاتدا ئەو گازە نەک وەک گازەکانی پێشوو بوو، بەڵکو بۆنێکی قورسی لێدەهات. من لە ناو تونێلەکەدا کەوتبووم و وامدەزانی دەخنکێم. هەڤاڵان هاتن و هەناسەیان پێدام و بەو جۆرە هاتمەوە هۆش. هەڤاڵان لە ناو تونێل و شوێنی حەوانە دا شەهید بوون. تەرمەکانیان سور و مۆر ببوەوە. دیاربوو ئەو هەڤاڵانە خنکاون".

سوپای تورک ٥ چەکی کیمیایی جیاوازی بەکارهێنا

وتەکانی گەریلاکانی کورد دەریدەخات، کە دەوڵەتی تورک لە شەڕ دژی تێکۆشانی ئازادیی کورددا هەموو جۆرە پێوانە نێونەتەوەییەکانی لە ساڵی ٢٠٢١ دا پێشێل کردووە و تاوانی جەنگی ئەنجامداوە. موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە ٢٧ی تشرینی دووەم لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لەوەکردبوو، کە خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورک، وتویەتی 'ئێمە تەنیا گازی بیبەر بەکار دەهێنین' درۆ دەکات. قەرەیلان باسی لەوەشکرد، سەلماندومانە، کە ٥ جۆر چەکی کیمیایی بەکارهێنراون و ئەو زانیارییانەی خستەڕوو:

* لەوانە یەکەمیان گازی دەمارە. واتە خانەکانی دەماری مرۆڤ سڕ دەکات. وادەکات مرۆڤ سست و بێ جوڵە بکات و دوای ماوەیەکی کورت مرۆڤ گیان لەدەست دەدات. بە ماددەی پێکهێنەری سەرەکیی ئەو گازە دەوترێت تابون. کاتێک ئەو چەکە بەکاردەهێنرێت بۆنی خەستی میوە بڵاو دەبێتەوە، بەڵام هەندێک جاریش هیچ بۆنێکی لێوەنایات.

* چەکی دووەم، کە بەکاریدەهێنن مرۆڤەکان دەخنکێنێت. ئەو چەکە گازی کلۆرۆپینی تێدایە، ئەو گازە گرین کروزیشی پێ دەوترێت. ئەڵمانییەکان لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیدا فۆرمولەکەیان دروست کرد. هەر لەو کاتەوە کەوتوەتە دەست تورکەکانیش. دوور نییە تورکەکان لەئێستادا هەر خۆیان ئەو گازە بەرهەم بهێنن، بەڵام رێی تێدەچێت لەگەڵ ئەڵمانییەکانیش بەرهەمی بهێنن. بەڵام سەرچاوەی سەرەکی ئەو چەکە ئەڵمانیایە. کاتێک ئەو چەکە لە گۆڕەپانەکان و لە هەر شوێنێکدا بەکاربهێنرێت مرۆڤەکان دەخنکێنێت.

* گازێکی دیکە گازێکی سوتێنەرە. ئەو گازە مرۆڤەکان دەستونێنێت و وشکیان دەکاتەوە. بۆ هەر شوێنێکی هەڵبدات ئەو شوێنە دەسوتێنێت. ناوی کیمیایی ئەو جۆرەیان سولفور موستانت-ە. ئەوەش لە لایەن ئەڵمانییەکانەوە دروست کراوە. ناوەکەی تری یەڵۆ کروزە. کاتێک ئەوە بەکاردەهێنرێت هەندێک جار رەنگەکەی سەوز دەبێت، بەڵام ئاگر لەو ناوچەیە بەردەدات و دەیسوتێنێت، کە تیایدا بەکاردەهێنرێت.

* گازێکی دیکە، کە بەکاری دەهێنن مرۆڤەکان تووشی داهێزران و سستی دەکات. مرۆڤ سڕ و بێ جوڵە دەکات، بۆ ماوەیەکی کاتی مرۆڤ لەپەلوپۆ دەخات و ئیفلیجی دەکات. وەک ئەوەی لە شاخی کارتاڵ کردیان، ئەو گازەیان لە زۆر ناوچەی دیکەدا بەکارهێناوە.

* پێنجەمیش گازی بیبەرە. واتە ئەو گازەی ئێستا لە خۆپیشاندانەکاندا بەکاردەهێنرێت. بێگومان کاتێک ئەو گازە لە شوێنێکی داخراو و بەرتەسک یان لە ناو تونێلێک دا بەکاربهێنرێت، ئەوکاتە هەلومەرجی ژیان ناهێڵێت و ژیان لە ناو دەبات. واتە ئەوەش لەو شێوەی بەکارهێنانەدا دەبێتە گازێک بۆ کوشتن و گازێکی کوشەندەیە.

سبەینێ:

- سەرباری بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی کیمیایی، گەریلاکان تا دوایی بەربەرەکانێ و بەرخۆدانیان کرد....

ژ.ت