جیهان بێدەنگ بوو، چەکی کیمیایی بووە ئامرازێکی سەرەکی شەڕی دەوڵەتی تورک – بەشی یەکەم-

ساڵی ٢٠٢١ ساڵێکە، کە دەوڵەتی تورک زۆر جار چەکی کیمیایی تیادا بەکارهێنا، تۆمارکرا. دەوڵەتی تورک بێدەنگی جیهانی وەک دەرفەت بینی، لە شوباتدا لە گارێ، دواتر لە مەتینا، ئاڤاشین و زاپ، گاز و چەکی کیمیایی لە هێرشی داگیرکەریدا، وەژ ئامرازی سەرەکی شەڕ بەکارهێنا.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕدا سوپای تورک ئەم ڕێبازە قێزەونەی کە لەدژی مرۆڤایەتیە بەکارهێناوە، بەڵام ساڵی ٢٠٢١ لە چوارچێوەی پیلانەکان، هەوڵیدا گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە گاز و چەکی کیمیایی کە جیهان قەدەغەی کردووە، لەناوببات. بەڵام دەوڵەتی تورک تووشی ئیرادەی پۆڵایینی گەریلاکانی کورد بووەوە.

رابردووی چەکی کیمیایی کە هێزە داگیرکەرەکان لە کورستان بەکاریانهێناوە، بە ئەندازەی تێکۆشانی ئازادی کورد، سەدان ساڵە کۆنە.  لە باشوری کوردستان سوپای داگیرکەری ئینگلیز لە ساڵی ١٩٢٠ گازی ژەهراوی بەکارهێنا و ٥ بۆ ١٠ هەزار کوردی کۆمەڵکوژ کرد. لە کۆمەڵکوژی دێرسمدا کە لە ساڵی ١٩٣٧ دەستیپێکردن و تاوەکو ١٩٣٨ بەردەوام بوو، گازی کیمیایی ئامرازی سەرەکی شەڕی سوپای تورک بوو. بێگۆمان سوپای تورک کە بە هاوکاری ناتۆ و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا شەڕ دەکات، لەم ساڵانەی دواییدا زۆر جار چەکی کیمیایی بەکارهێنا.

سوپای داگیرکەری تورک بە تایبەتی دوای تێکۆشانی چەکداری پەکەکە لە ١٥ی ئابی ١٩٨٤ دەستی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کرد، لە بەڵگە ناوخۆییەکاندا بە ئاشکرایی فەرمان دەکات کە لەدژی گەریلاکانی کورد ئەم ڕێبازەی شەڕە بەکاربهێنرێت. بۆ نمونە لە یاسایی گشتیدا کە لە ٢٥ی شوباتی ١٩٨٦دا لە راگەیەنراوەکانیشدا بڵاوکراییەوە، فەرماندەیی هێزە زەمینیەکانی سەر بە سەرۆک ئەرکان وتبووی 'ئەگەر پێویست بێت، بۆمبی چاوسووتێنەر و بۆمبێک کە دەبێتە هۆی ڕشانەوە بەکاربهێنن و تونێلەکان بە گازی ژەهراوی پڕ بکرێنەوە کە نەتوانن بەکاریان بهێنن.

دیلەکان لە هێرشی چەکی کیماییدا کوژران

دەوڵەتی تورک کە پەیمانەکانی ساڵەکانی ٩٠ و ٢٠٠٠ی ئیمزاکردووە، پەیمانەکانی پێشێل کرد و بە دەیان جار لە شەڕی کوردستاندا چەکی کیمیایی بەکارهێنا، لەبەرئەوەی هیچ هەڵوێستێک لەدژی پیشان نەدرا، ئەو ڕێبازەی کردە دۆخێکی سیستماتیک. لە هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا بە چەکی کیمیایی لە ساڵی ٢٠٢١دا، کە لەدژی کەمپی گەریلا لە ناوچەی سیانێ ئەنجامیدا، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک کە بەدیلگیرابوون کوژران.

ئەو هێرشەی کە لەبەرانبەر گارە ئەنجامدرا، تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک وتبووی، ' لە ماوەیەکی کورتدا مژدەی خۆشیتان پێ رادەگەیەنین، بەڵام دواتر  مژدەکەی ئەردۆغان بە کوشتنی ١٢ پۆلیس، سەرباز، میت و هاوڵاتیەکی باشور کۆتاییهات و بۆ بەرخۆدانێکی مێژوویی گۆڕا. یەکینەکانی دەوڵەتی تورک کە دەیانوێست لە هەرێمەکە جێگیر ببن، بەهۆی بەرخۆدانی گەریلاوە وەک ڕەشەبا کشانەوە. هەپەگە لە راگەیەنراوێکدا لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١دا بۆ ڕای گشتی ئاشکرای کرد کە لە کەمپەکە شوێنەواری چەکی کیمیایی هەیە، ناتوانن بچنە نێو کەمپەکە.

راگەیەنراوەکەی هەپەگە بەم شێوەیەیە بوو: "بۆ ئەوەی رووداوەکانی کەمپی دیلەکان لە ناوچەی سیانێی هەرێمی گارە بە باشی رۆن ببێتەوە، هێزەکانمان خۆیان گەیاندە کەمپەکە. لەگەڵ ئەوەی ٣ ڕۆژ بەسەر هێرشەکە تێدەپەڕێت بەڵام، بۆنێکی قورسی گازی ژەهراوی و کیمیایی لە کەمپەکە دێت. لەبەرئەوەی دەوڵەتی فاشیستی تورک چەکی کیمیایی کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان قەدەغەیە، بەکاریهێناوە، مرۆڤ ناتوانێت بچێتە نێو کەمپەکە. دوای ئەوەی بە پێی بەڵگەکان دیلەکان بە چەکی کیمیایی کوژراون، جارێکی دیکە گولەبارانکراون. زانیاریە بەراییەکان کە کەوتوونەتە دەستمان بەم شێوەیەیە."

خولوسی ئاکاری دانی بەوەدانا کە گازی کیمیایی بەکارهێنراوە

دوای هێرشەکە خولوسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورک لە قسەکانیدا لە پەرلەمانی تورک دانی بەوەدانا کە چەکی کیمیایی بەکارهێنراوە. ئاکار لەبیری کردبوو کە دەوڵەتی تورک پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لە ساڵی ١٩٩٧دا ئیمزاکردووە کە نابێت هیچ جۆرە گاز و چەکێکی کیمیایی بە ئامانجی سەربازی لە ئەشکەوت و ناوچە داخراوەکان بەکار بهێنرێت.

بەپێی قسەکانی ئاکار، پێشبینی ئەوەکرا کە بۆمبی (جی سی ١٢٠ ئێم ئێم) بە بە (ئێم کەی ئی مۆد ٢٥١) ناسراوە بەکارهێنراوە کە لە ساڵەکانی ٩٠ تاوەکو ٢٠١٠ بەرهەم هێنراوە. لەگەڵ ئەوەی کە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە چەکە کیمیاییەی قەدەغە کردووە، بەڵام نەک ئەوەی سوپای تورک بەرهەمیهێناوە، بەڵکو بە دەیان جار لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکاندا نمایشیشی کرد. رێگە دەدرێت ئەم جۆرە چەکە لە چالاکی کۆمەڵایەتیدا بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بەکاربهێنرێت، بەڵام لە ئەشکەوت و تونێل و شوێنە داخراوەکاندا مرۆڤ دەکوژێت، گەدە خاوە دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ڕشانەوە و لە شوێنە داخراوەکاندا هەناسە لە مرۆڤ دەبڕێت و مرۆڤ دەکوژێت.

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە هەمان رۆژ لە ستێرک تی ڤی رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە گارێ چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، بانگەوازی لە چاودێرانی نێودەوڵەتی کرد کە سەردانی هەرێمەکە بکەن بۆ لێکۆلینەوە. قەرەیلان لە هەمان چاوپێکەوتندا باسی ئەوەی کرد کە سوپی تورک لە گاری تەنگەتاو بووە و کشاوەتەوە و چەکی کیمیایی بەکارهێناوە، دوای ئەوەی گەریلاکانی هەپەگە جارێکی دیکە ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر ماسکی دژی گازی سوپای تورکیان دۆزیوەتەوە.

لە جموجووڵی داگیرکەری بۆ سەر هەرێمی گارێدا کە ١٠ شوبات دەستیپێکرد و ١٣ شوبات کۆتایی هات و ٣٧ سەربازی تورک کوژران و سوپای تورک هەڵهات، ١٥ گەریلای ئازادی کوردستان شەهید بوون. جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ریسپۆنسیپڵ ستاتکرافت ئاماژەی بەوەکرد، " بە ٥٠ فڕۆکە، ٤ ڕۆژ ئەو کەمپەی کە دیلەکانی لێبوون، بۆردومانکراوە. بە بۆمبی نەپاڵم جۆگرافیایان گۆڕی. لە کەمپەکە هەم دیلەکان و هەم ئەو گەریلایانەی کە دیلەکانیان دەپاراست، گیانیان لەدەستدا. لەسەر لاشەی نیوەی ئەو گەریلایانەی کە دیلەکانیان دەپاراست، شوێنی گولە نەبوو. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک چەکی کیمایی بەکارهێناوە."

قۆناغی دوای ٢٣ی نیسان

دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە کە دەوڵەتی تورک لە دەستی ئەواندایە، لە چوارچێوەی 'پلانی چۆکدادان' کە لە ساڵی ٢٠١٤ ئامادەیان کرد لەدژی گەلی کورد و گەریلاکانی ئازادی کوردستان، هەوڵیاندا لە ئاستێکی نوێدا جێبەجێ بکەن. سوپای تورک پلانی ئەوەی دانابوو کە وەک رژێمی سریلانکا کە چۆن لەدژی گەلی تامیل و شەڕڤانانی تامیل لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئەنجامیدا، لەدژی گەریلا بە درێژایی ساڵ بۆردومان ئەنجام بدات، سروشتی کوردستان لەناوببات، دەست بە هێرشی قڕکردن بکات، خەڵکی مەدەنی لە گۆڕەپانەکانی گەریلا دەربکات و دواتر چەکی کیمیایی بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووە بەکاربهێنێت.

لە ئەنجامی پلانەکەدا لە ٢٤ی نیساندا یەکینەکانی سوپای تورک لەدژی هەرێمەکانی پاراستنی میدیای کە لەژێر کۆنتڕۆڵی گەریلاکانی ئازادی کوردستاندایە، دەستی بە هێرشێکی فراوان کرد. هێزەکانی سوپای تورک کە ئامانجیان داگیرکردکی کوردستان بوو و بۆ ئەوەی تێکۆشانی ئازادی کوردستان سەرکوت بکەن، لە مەتینا، ئاڤاشین و زاپ لە رێگەی هەلیکۆپتەرەکانەوە سەربازیان جێگیر کرد و ویستیان هەرێمەکە داگیر بکەن. گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بەناوی جەنگی خابور و بازەکانی زاگرۆس دەستیان بە هەڵمەت کرد، لە ١٠ رۆژی سەرەتای شەڕەکەدا ئاشکرابوو کە سەربازانی تورک لانیکەم ٩ جار چەکی کیمیایی و گازیان بەکارهێناوە.

جیهان خۆی کەڕ و ڵاڵ کرد و چەکی کیمیایی بووە گرنگترین چەکیان

لەبەرچاوی جیهان بەهۆی بێهەڵوێستی دەوڵەتی تورک ڕێبازی قێزەونی خۆی هەمیشەیی کرد کە چەکی کیمیایی چەکێکی قەدەغەکراوە، بەڵام لە مەتینا، زاپ و ئاڤاشین، گەریلاکانی هەپەگە/یەژاستار بە دەرفەتی کەم لەدژی چەکی کیمیایی و ژەهراوی بەرخۆدانێکی گەورەیان پیشاندا. بەپێی ئاماری ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ماوەی ٣ مانگدا ٦٧ جار چەکی کیمیایی و ژەهراوی بەکارهێنراوە.

لە نێو مانگی تەمموزدا موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، " دەوڵەتی تورک لەو هەرێمانەی کە ناتوانێت بەرخۆدانی گەریلا بشکێنێت، چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. لەگەڵ ئەوەی ئەو دۆخەمان بڵاوکردەوە بۆ ڕای گشتی، بەڵام جیهان خۆی کەڕ و ڵاڵ کرد." قەرەیلان هەروەها لە چاوپیکەوتنەکەیدا لەبارەی هەنگاوی ١٥تەباخ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی، " ٤ مانگە لەو هەرێمانەی دوژمن دەستی بە ئۆپەڕاسیۆن کردووە، شەڕێکی قورس هەیە. هەرچەندە دوژمن لە هەندێک جێگا جێگیربووە، بەڵام ناتوانێت لەو شوێنانەی کە تۆنێل هەیە پێشڕەوی بکات. لە هەرێمی ئاڤاشین بە دروستکردنی ڕێڕەوێک هەوڵیاندا هەڤالان گەمارۆ بدەن. بەڵام رووبەرووی بەرخۆدانێکی دژوار بوونەوە و بە ناچاری کشانەوە. لەو شوێنانەی کە تۆنێل دروستکراون، بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییش ناتوانن پێشڕەوی بکەن."

شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنیش بە چەکی کمیایی بۆردومان کران

کۆتایی هاوین بە تایبەتی لە وەرخەلێ و گردی سوری کە شوێنی بەرخۆدانی گەریلا بوون، سوپای تورک کە لەبەرانبەر بەرخۆدانی گەریلا بێچارە ببوو، هەوڵی پێشکەوتنی دەدا. لە بۆردومانی هەرێمی بەرواری باڵای سەر بە دهۆکدا سوپای تورک چەکی کیمیایی بەکارهێنا. بە هۆیەوە چەکی کیمیایی کاریگەری لەسەر ٣ گوندنشینی گوندنی هرسوسێی بەرواری باڵا کرد. هەرچەندە گەریلاکان لەو هەرێمە دووریش بوون، بەڵام کاریگەری دروست کرد و گوندنشینیان بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە.

گروپی ئاشتی کریستیان دەستپێکی مانگی تشرینی دووەم سەردانی گوندنشینانی هەمان گوندنیان کرد و رایگەیاند، ژنێک بە ناوی هەدیە هروس ئیفلج بووە و  ناتوانێت دەست و قاچەکانی بجوڵێنێت. هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە دۆخی ئەندامانی دیکەی خێزانەکەش باش نییە، لە کاتی هێرشەکەدا دووکەڵێکی سپی بینراوە، گوندنشینان دواتر ڕشاونەتەوە و سەریان گێژ بووە و چاو و لەشیان سووتاوەتەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا هاوسەرۆکایەتی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، "دەوڵەتی تورک پێنج مانگە لەدژی گەریلا چەکی کیمیایی و ژەهراوی بەکار دەهێنێت، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوروپا و ئەمریکا بێدەنگن و ئەوەش هاوکاری تاوانەکەیە. هەمان رۆژ  ناوەندی پاراستنی گەل وتی، " سوپای تورک بە تایبەتی لە ١٥ رۆژی دواییدا جورێکی نوێی چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. بە تەئکیدی ئەو جۆرە چەکە لەلایەن یەکێک لەو دەوڵەتانەوە بۆ دەوڵەتی تورک دابین دەکرێت " و داوای کرد هەموو کەسێک لەدژی تاوانی جەنگ بوەستێتەوە.

لە وەرخەلێ گازی کیمیای بە ئاشکرایی بینرا

بەڵام لەگەڵ بانگەوازەکانی بەرەی کورد، دەوڵەتی تورک بەهۆی بێدەنگی جیهان بەردەوامی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاییدا. ئامارگی ئارهات با پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی فورات لە ٥ی تشرینی یەکەمدا هەواڵێکی لەبارەی بەرەی شەڕ  بڵاوکردەوە و  لە هەندێک دیمەندا دەرکەوت کە ٢ی ئەیلولی ٢٠٠٢١ چەکی کیمیایی بەکارهێنراوە و  ئەم زانیاریانەی بڵاوکردەوە:

"سەرلەبەیانی ٢ی ئەیلول سوپای داگیرکەری تورک لەدژی گەریلاکان لە تونێلەکانی شەڕی وەرخەلێ دەستی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کرد و ٧ جار گازی ژەهراوی و کیمیایی بەکارهێنا. دوای هەر هەوڵێک کە نەیتوانی پێشڕەوی بکات، جۆرەکانی چەکی کیمیایی گۆڕی. لە ٩٠مین رۆژی بەرخۆداندا لەدژی گەریلاکان لە گۆڕەپانی بەرخۆداندا سەرنەکەوتن. تابلوی دوو ڕۆژی شەڕ بەم شێوەیە بوو: سەرەتا هێرشی قورس لەسەر تونێلەکانی شەڕ لە وەرخەلێ ئەنجامدرا. دوای هێرشەکە بە ئۆبۆس و هاوەن لە بارەگاکانی سەر سنورەوە و دواتر بە فڕۆکە تونەلان بۆردومان کران. ئێوارەش هەلیکۆپتەرەکان دەستیان پێکرد . بەڵام لەبەر ئەوەی نزم دەفڕین هێزەکان گەریلا لە هەلیکۆپتەرەکانیاندا. بۆیەش جموجووڵیان پەکخرا. واتە کاتێک هێزەکانی گەریلا لە هەلیکۆپتەرەکانیاندا ناچار بوون کە بکشێنەوە. هێرشەکە تا سەرلەبەیانی بەردەوام بوو. سەرلەبەیانیش بە تەقەمەنی هێرشەکان بەردەوام بوو و دواتر بە چەکی ناوین ناوچەکە گولەبارانکرا. دواتر چەکی کیمیایی بەکارهێنران. جلی تایبەت و ماسکیان پوشی و روویان لە سەنگەرەکانی شەڕ کرد. دواتر تەقەکردنیان وەستاند و دەستیان بە چەکی کیمایی کردەوە. زۆر جار هێزەکانی گەریلا گازی کیمیاییان بەرەو لای سەربازەکان دەهاویشتەوە. گەریلاکان بە ڕێوشوێنی جیاواز خۆیان دەپاراست. وەک ئەوەی لە دیمەنەکاندا دیارە، سەربازانی داگیرکەری تورک لە بەرانبەر تونێلەکانی لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلێ جیهازێکی سووتاندنیان بەکارهێنا. دواتر بە جیهاز گازی ژەهراویان دەکردە ناو تونێلەکان. ماوەیەکی کەمی پێدەچوو هێزەکانی گەریلا لە تونێلەکانەوە بەرخۆدانیان دەکرد. سەربازانی تورک کاتێک گازەکە لە تونێلەکان دەهاتە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەی ماسکیان پێبوو، بەڵام هەڵدەهاتن.

٣ی ئەیلولی ٢٠٢١ گەریلاکانی یەژاستار لە هەرێمی ئاڤاشین لە دوولاوە لە سەربازانیاندا و هەڵیانکوتایە سەر داگیرکەران. لە چالاکیەکەدا ٥ سەرباز کوژران. سەربازانی تورک دوای ڕۆژێک بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژراوەکانیان بکەنەوە هێرشی کردە سەر گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلێ. ٤ی ئەیلول ١٧ جار هێرشیان کردە سەر گۆڕەپانی بەرخۆدانی وەرخەلێ. دوای ئەوەی هێرشەکان لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە تێکشکێنران، دەوڵەتی تورک دیسانەوە گەڕایەوە سەر کردەوەی دژە مرۆیی و دەستیکردەوە بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە شێوەیەکی فراوان و چڕ."

ف.ق