غەریب حەسۆ: دەبێت عێراق لیژنەیەک بۆ دۆزینەوەی ئێزدییە بێسەروشوێنکراوەکان پێکبهێنێت

هاوسەرۆکی پەیەدە غەریب حەسۆ رایگەیاند، کە دۆخی ناروونی سوریا کاریگەری دەکاتە سەر عێراقیش. باسی لەوەکرد، کە دەبێت حکومەتی عێراق کۆتایی بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک بهێنێت و بۆهەنگاو بۆ بەفەرمی ناسینی ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدی هەڵبگرێت".

هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) غەریب حەسۆ، سەبارەت بە کاریگەری دۆخی سوریا لەسەر شەنگال و ئێزدییەکان، رەوشی ژنان و منداڵانی بێسەروشوێنکروی ئێزدی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.

'هاوسەنگییەکانی پێشوو هەڵوەشایەوە بەڵام ئەوانەی ئێستا نیگەرانی درووستەکەن'

هاوسەرۆکی پەیەدە غەریب حەسۆ، دیاریکرد لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سووریا هاوسەنگییەکانی پێشوو هەڵوەشاونەتەوە و پەیوەست بەم بابەتە ئەمەی وت: "لە ناو مانگێکدا چەندین ڕووداوی کاریگەر ڕووویاندا و هاوسەنگییەکانی پێشووی گۆڕان و هاوسەنگی نوێ درووستەکرێت. هەمووکەسێک بۆ داهاتووی سووریا لە نیگەرانیدایە و بۆ بونیادنانی سووریایەکی نوێ هەوڵدانی بەرفراوان لە ئارادایە. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەتەشە هاتە سەر دەسەڵات. بە هۆکاری خراپەکارییەکانی ئیدلب و بوونیان لە لیستی تیرۆردا هەموو کەسێک سەبارەت بە هەتەشە لە نیگەرانییدایە و بوون بە مەترسی لەسەر هەموو پێكهاتەکانی سووریا. دوای وەرگرتنی دەسەڵاتیش هیچ ئارامییەکیان نەڕەخساندووە و دیاریش نییە داخۆ دەتوانن ئەوە بکەن یا نا.  هەمووان دەیانەوێت لە  دۆخی سووریا تێبگەن. بەم هۆکارە چەندین سەردان لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و هەرێمی لە سووریادا ئەنجام دەدرێت. هەمووان دەیانەوێت لەم گۆڕانکارییانە تێبگەن. ڕاستە گۆڕانکاری لە شێوە و ڕواڵەتییاندا ڕوویداوە، بەڵام هێشتا گۆڕانکاریی لە کردارییاندا نەبینراوە."

'عێراقیش لەژێر هەڕەشەی مەترسییەکی گەورەدایە'

حەسۆ دەسنیشانیکرد گۆڕانکارییەکانی سووریا کاریگەری لەسەر هەموو وڵاتانی درواسێ دادەنێت و وتی:"لەوباوەڕەداین حکومەتی عێراقیش ناڕازییە لەم دۆخەی ئێستا. بۆیە عێراقیش لەژێر هەڕەشەی مەترسییەکی گەورەدایە. زیاتر لە ٢٠ ساڵە عێراق لە نێو ناکۆکی و دۆخێکی خراپدایە.  لە ساڵی ٢٠١٤دا داعش هێرشێکی گەورەی ئەنجامدابوو. ئەو هێزانەی لە شەنگال بوون پارێزگارییان لە شەنگال نەکرد و ئەو دۆخە بەسەر شەنگالدا هات. لەکاتی هێرشی داعشدا شەنگالیان بۆ ئەو چەتانە جێهێشت. کۆمەڵگەی ئێزدی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکی گەورە بوویەوە. هێشتاش چارەنووسی چەندین ژن و گەنجی ئێزدی کە بە دیلی کەوتنە دەستی ئەو چەتانە نادیارە و بەشێکی زۆری ئەوانە لە ئیدلبن لەو هەرێمانەدان لەژێر دەسەڵاتی هەتەشەدان."

'بۆ دۆزینەوەی ئێزیدییە دیلەکان دەبێت کۆمیتەیەک درووستبکرێت'

حەسۆ پەیوەست بە کەمتەرخەمی حکومەتی عێراق دەربارەی هەوڵنەدانیان بۆ دۆزینەوەی ئێزدییە دیلەکان ناڕەزایەتی خۆی نیشاندا و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "بەرپرسانی عێراقی دێنە دیمەشق سۆراغی هاوڵاتییەکانی خۆیان لە هەتەشە دەکەن، بەڵام بەهیچ جۆرێک پەرۆشی ئێزدییە دیلەکان نین و سۆراغیان ناکەن. بۆ مەگەر ئێزدی هاوڵاتی عێراقی نین؟ بەڕاستی ئەمە جێگەی داخە. چەندین ژنی ئێزدی بێسەروشوێنن و زۆرینەیان لە ئیدلب و دەرووبەریدان. حکومەتی عێراقی ئەرکی خۆی ناگێڕێت لەو ڕووەوە. دەبێت حکومەتی عێراق بۆ دۆزینەوەی ئێزدییە دیلەکان کۆمیتەیەک درووستکات و لە ئیدلیب و ئەو هەرێمانەی پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هەتەشدا بوون سۆرا‌غی ئەو دیل و بێسەروشوێنە ئیزدییانە بکات و بیاندۆزێتەوە. گەر عێراق کارێکی لەم شێوەیە بکات، ئەوا کارێکی درووستە. گەر نەیکات کەواتا ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات. گەر شەنگال ئازاد نەبێت، ئەوا موسڵیش ئازاد نابێت. بۆ بونیادنانی عێراقێکی ئارام دەبێت لەهەوڵدانی لەم شێوەیەدا بێت. هەتا دامەزراوە ئێزدییەکانیش دەبێت لەم بابەتەدا بکەونە ناو هەڵدانەوە و دامەزراوە نێونەتەوییەکان بخنە جوڵەوە. هەموو کەسێک لە هەوڵداندایە بۆ سۆراغی بێ سەروشوێنەکان و زیندانیەکانی کە لە گرتووخانەکانی ڕژێمی بەعسدا بوون، بەڵام بۆ ئێزدییەکان هیچ هەوڵدانێک نەکراوە. گەر ئەم  هەوڵدانانە نەکرێت، ئەوا مەترسییەکان لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی بەردەوام دەبێت."

'دەبێت زیاتر پاریزگاری لە شەنگال بکرێت'

حەسۆ سەرنجی خستەسەر ئەو مەترسیانەی لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی لە ئارادایە و ئەمەی گوت: "دەبێت پاراستی شەنگال بەهێزتر بکرێت. داهاتووی سووریا نادیارە، داهاتووی هەرێمەکەیش وابەستەی دۆخی سووریایە. گەر دەستوەردانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر سووریا بەردەوام بێت، ئەوا هیچ ئارامییەک لە سووریادا درووست نابێت. دەوڵەتی تورک لە دژی دیموکراتیکبوونی سووریایە. لە دژی ئیرادەی گەلی کورد و ئیرادەی گەلانی هەرێمەکە و کۆمەڵگەی ئیزدییە. بۆ ئارامی سووریا پێویستە سووریایەکی دیموکراتیک بونیادبنرێت. ئێمەیش بەو هیوا و باوەڕەوە تێدەکۆشین."

"پێویستە عێراق کۆتایی بە هاوکارییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بهێنێت"

غەریب حەسو سەبارەت بە هاوکارییەکانی نێوان عێراق و دەوڵەتی تورک هۆشداری داو و ڕایگەیاند: "کاتێک ڕژێمی ئەسەد لە دەسەڵاتدا بوو، هەموو وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵیدا لە پەیوەندیدا بوون. عێراق لەگەڵ ڕژێم ئێران و تورکیاش ڕێککەوتنی هەیە. ئامانج لەم هاوکاریانە چی بوو؟ سەبارەت بە دۆخی سوریا بوو. ئەو ڕێککەوتنانەی کە لە نێوان دەوڵەتی تورک و عێراقدا کرا، لەسەر بنەمای دۆخی سوریا بوو. بەڵام ڕژێم ڕووخێنرا، پێویستە هەموو ئەو ڕێککەوتنانەی کە سەبارەت بە سوریا کرابوون هەڵبوەشێنرێنەوە. پێویستە عێراق چیتر پابەندی ئەو ڕێککەوتنانە نەبێت کە لەگەڵ ڕژێمی سوریا واژۆی کردبوو. هەروەها پێویستە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەڵبوەشێنێنەوە. ئەگەر عێراق درێژە بەو ڕێککەوتنانە بدات، لاواز دەبێت. لە تورکیا گەل باجی ئەم کارە دەدەن، ئەگەر ڕێککەوتنەکان بەردەوام بێت، عێراقیش باجی ئەو کارە دەدات. بەڵام ئەگەر ئەم ڕێکەوتنانە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا ڕزگاری دەبێت."

غەریب حەسو، هاوسەرۆکی پەیەدە ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر عێراق دان بە ئیرادەی گەلی عێراق و بەتایبەت کۆمەڵگەی ئێزیدیدا بنێت، ئەوا دەتوانێت خۆی لە دۆخێکی مەترسیدار ڕزگار بکات و بەم شێوەیە درێژە بە قسەکانیدا: "بەڵام ئەگەر مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراق لەبەر چاوان بگیردرێت و هەروەها دان بە کۆمەڵگەی ئێزیدی و شنگاڵدا بنرێت، دەوڵەتی تورکیا چیتر ناتوانێت دەستوەردان لە عێراقدا بکات. ئێستا عێراق لاوازە و هیچ هێزێکی سەربازیی نییە. بەرگری ئاسمانی و فڕۆکەی جەنگی نییە. ئەمەش بۆ ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیاش دەگەڕێتەوە. حکومەتی تورکیا، دەزانێت عێراق حکومەتێکی لاواز و بێ بەرگرییە. ئەوەی بەرامبەر عێراقیان کردیان، ئێستا هەمان کردەوەیان بەسەر سوریا هێنا. هەموو چەکە ئاسمانییەکانیان لەناوچوون. هەموو مووشەکەکانی بەرگری ئاسمانی سوریا بۆردومان کران. کێ ئەمەی دەوێت؟ بێگومان دەوڵەتی تورکیا. بەم شێوەیە مامەڵە دەکەن بۆ ئەوەی ئەم حکومەتانە نەتوانن خۆیان بپارێزن و بتوانن بەکاریان بهێنن. ئێستا لە سوریا تەنها کڵاشینکۆف وەک چەک ماوەتەوە. ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بێت، ئاژاوە و تەنانەت شەڕی ناوخۆیی لە سوریا ڕوودەدات. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوونەدات، پێویستە ئەم ڕێککەوتنانە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هەڵبوەشێنرێنەوە. ئەگەر عێراق بیەوێت بەهێز بێت، نابێت پابەند بەو ڕێککەوتنانە بێت، بەڵکو دەبێت بەرژوەندی کۆمەڵگاکەی خۆی بەبنەما وەربگرێت. ئەم ڕێککەوتنانە لە ڕاستیدا سیاسەتی کۆمەڵکوژی و تاڵانکردن و دەستێوەردانی ناوخۆییە. هەروەها هەرێمی کوردستانیش نابێ چیتر بە پێی ئەم ڕێککەوتنانە بەردەوام بێت. چونکە پلانەکانی سەدەی ڕابردوو کۆتاییان پێ دەهێنرێت و نەخشەی سەدەی نوێ دادەڕێژرێتەوە. پەیماننامەکانی پێشوو لەسەر بنەمای شەڕ و کۆمەڵکوژی بوون. بۆیە پێویستە لاپەڕەیەکی نوێ بکرێتەوە و ئەمەش بە یەکپارچەبوونی گەلان بنیات دەنرێت."

غەریب حەسو، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی نادیاری ناوچەکە کرد و داوای لە عێراق کرد دۆخی ئێزیدییەکان ڕوون بکاتەوە و وتی: "هەرچەندە دۆخێکی ئارامیش هەبێت، بەڵام دیار نییە داهاتوو چۆن دەبێت. بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق بەدواداچوون بۆ دۆخی ئێزیدیەکانی شەنگال بکات و چارەسەری کێشەکان بکات. نابێت بە چاوی سووک سەیری ئێزیدییەکان بکرێت. دەبێت دان بە ماف و پێگەی ئێزیدییەکاندا بنرێت. ڕاستە شنگاڵ وەک بەشێک لە عێراق هەژمار دەکرێت، بەڵام ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی خۆی و تایبەتمەندی باوەڕمەندانە و نەتەوەیی خۆی هەیە. عێراق لە شنگاڵ هێزی سەربازی جێگیر کردووە و سەرەنجی خستووەتە سەری. بەمەش دەیانەوێت ئێزیدییەکان بترسێنن. بەڵکوو ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە بۆ داهاتووی ئێزیدییەکان پێشبینیەکی تاریک لە ئارادایە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنانەی لەگەڵ حکومەتی تورکیادا هەیە. ئەگەر ئەم ڕێککەوتنانە هەڵبوەشێنرێنەوە، ئەوا دەبێت پێداچوونەوە بە دۆخی ئێزیدییەکان بکەن و کۆمەڵگەی ئێزیدی وەک کۆمەڵگا، باوەڕ، نەتەوە و کولتوورێکی زۆر کۆنی ناوچەکە دانی پێدا بنێن.