هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ باشوری کوردستان بەردەوامی هەیە و خەڵکی وڵاتپارێز ناڕەزایەتی و هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن و پێیانوایە کە تورکیا دەیەوێ درێژە بە خەون و سیاسەتی عوسمانییەکان بدات و باشوری کوردستانیشی خستۆتە خزمەتی پڕۆژەکانی، پێشیان وایە ئەم داگیرکارییە بە چاوساغی لایەنێکی دەسەڵات، کە پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە یە بەڕێوەدەچێت.
لەمبارەیەوە کارزان قادر، شانۆکار و ڕۆژنامەنووس، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و وتی: "ئەوەی دەوڵەتی فاشیستی تورک لە ناوچە سنورییەکان دەیکات، جارێکی تر دووبارەبوونەوەی ئەنفالە بەرامبەر بە گەلی کورد، هەر وەک چۆن لە پێشتردا حیزبی بەعس، بەتایبەتی لە ناوچەی گەرمیان ئەنجامیدا، ئێستا تورکیاش لە خاڵە سنورییەکان ئەنجامیدەدا و خەڵکی گوندەکان ناچار بە بەجێهێشتنی شوێنەکانی خۆیان دەکات، ئەم سیاسەتەش کە جێبەجێی دەکەن هەر دووبارەبوونەوەی هەمان خەون و سیاسەتی عوسمانییەکانە و زیندووکردنەوەی میساقی میلییە."
'هەر دەسەڵاتێک لەگەڵ گەلی خۆیدا نەبێت، دواجار شکست دەهێنێت'
سەبارەت بە بێدەنگی پارت و لایەنە کوردییەکان و حکومەتی عێراقی و خیانەتی پەدەکە، کارزان قادر، پێیوابوو کە هەر لایەنێکی دەسەڵات لەگەڵ گەلی خۆیدا نەبێت، دواجار شکست دەهێنێت و وتیشی: "لە ئێستادا زۆرێک لە لایەنە کوردییەکان و تەنانەت حکومەتی عێراقیش بەرامبەر بە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک بێدەنگییان هەڵبژاردووە، ئەگەر دەنگیشیان هەبێ، بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکە، کە لەم دۆخەدا ئەوە نابێتە هەڵوێست وەرگرتن، دەوڵەتی تورکیا بەشێکی زۆری خاکی پارێزگای دهۆکی داگیرکردووە، هەروەها ناوچەی ئامێدی کە مێژوو شایەتە سەر بە خاکی باشوری کوردستانە، وەک بەشێک لە تورکیا دەناسێنێت، هەموو ئەمانش بە چاوساغی لایەنێکی دەسەڵات، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە (پەدەکە) دەکات، بەڵام دەبێ هەمووان ئەو ڕاستییە بزانن، هەر لایەنێکی دەسەڵات، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی گەلی خۆیدا نەبێت دواجار شکست دەهێنێت و خیانەتی بۆ ناچێتە سەر."
'گەریلاکانی ئازادی، ڕووبەڕووی تێکدانی ژینگەی کوردستان دەبنەوە'
کارزان قادر، ڕۆژنامەنوس و شانۆکار، سەبارەت بە بەرخۆدانی بێوێنەی گەریلاکانی ئازادی دژ بە داگیرکارییەکان و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک وتی: "لەڕاستیدا ئەوەی کە هێزەکانی پاراستنی گەریلا-هەپەگە دەیکەن کەموێنەیە و دەبێت گەل ئەوە بزانێت، کە یەکگرتن و هاوخەباتی لەگەڵ گەریلاکانی ئازادی، دەتوانێ کۆتایی بە داگیرکاریی بهێنێت، گەل و گەریلا هەمیشە تەواوکاری یەکترن بۆ سەرکەوتن بەسەر داگیرکاریدا، چونکە دەوڵەتی تورک هیچ کاتێک دان بە کوردستاندا نانێت و نایەوێت باشوری کوردستان بوونی هەبێت، بۆیە دەبێ هەمووان دژی داگیرکارییەکانی بووەستنەوە، ئەوەشمان بیرنەچێت، ئەوەی تورکیا لەباشوری کوردستان دەیکات بەشێکی تریشی تێکدانی ژینگەی کوردستانە، بە سووتاندنی باخ و دارەکانمان ژینگەکەمان وێران دەکات، ئەوەی ڕووبەڕووی ئەم تێکدانە ژینگەییە دەوەستێتەوە گەریلاکانی ئازادییە."
لە کۆتایی دیدارەکەدا، کارزان قادر پەیامی بۆ هاوڵاتییان نارد وتی: "گرنگترین شت کە ئێمە بیکەین ئەوەیە کە نەبینە داردەستی داگیرکاری، ئەگەر تەنانەت هیچیشمان پێنەکرێ خۆ دەتوانین هەمووان بایکۆتی کاڵا تورکییەکان بکەین و لە ماڵەکانی خۆماندا بایکۆتی دراماکانیان بکەین و پشتگیری داگیرکاری نەبین."