گەلی کورد هێرشی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان شەرمەزار کرد

کوردان لە باکووری کوردستان هێرشەکانی داگیرکاری و قڕکردنی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان شەرمەزار کرد.

هێرشەکانی قڕکردن شەرمەزار کران

هێرشەکانی داگیرکاری و قڕکردنی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باکووری کوردستان شەرمەزار کرا.

ئامەد

لە ئامەد بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە ئامادەبوونی جەماوەر، لە پارکی ڕۆژئاوا لە ناوچەی پەیاس، ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی ئامەد عەباس شاهین ڕایگەیاند گەلی شەهبا و تەل ڕەفعەت و حەلەب لەژێر هەڕەشەیەکی جدین و گوتی: "بانگەواز لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دەکەین لە تێکۆشانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئاشتی و بەها مرۆڤایەتییەکان، پشتیوانی ڕۆژئاوا بکەن".

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورک ئۆغلو ڕایگەیاند دەوڵەت نەتەوەکان و هێزە ئیمپریالیستەکان هێرش دەکەنە سەر ئەو ژیانە نوێیەی لە ڕۆژئاوا بەدی هاتووە و پێکەوەژیانی گەلانیان ناوێت، بانگەوازی کرد بۆ یەکگرتن دژی شەڕ و سیاسەتی قڕکردن.

جولەمێرگ

ڕێکخستنی دەم پارتی گەڤەر دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان و هێرشی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای شەرمەزار کرد. جەماوەر پێش ڕاگەیاندراوەکە لە بینای ناوچەکەوە تا ناوەندی بازاڕ بە بەرزکردنەوەی درووشم ڕێپێوانیان کرد.

بەڕێوەبەری دەم پارتی ڕەسول تەمەل ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە ڕایگەیاند هێرشی چەتەکان بە سەرپەرشتی دەوڵەتی تورک ئەنجام دەدرێت، جەختی کردەوە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی دوژمنایەتی کوردان دەکات و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکاتە ئامانج دەوەستنەوە.

شەرناخ

تەژەئا و دەبەپە و دەم پارتی شەرناخ، لەبەردەم بینای دەم پارتی لە ناوچەی سلۆپی ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، چالاکوانان و پەرلەمانتاران و ئەندامانی پارتەکان و جەماوەر بەشداربوون.

هاوسەرۆکی دەم پارتی شەرناخ، نورجان ئاڵتورک ڕایگەیاند لە هێرشەکاندا، دەسکەوتەکانی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکرێتە ئامانج، گوتی: "پاراستنی ڕۆژئاوا تەنها ئەرکی گەلی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی هەموو جیهانە. پێویستە دژی ئەم هێرشانە هاوپەیمانی ببەستین و دەست بخەینە دەستی یەکتر".

"ڕۆژئاوا تەنها نییە"

پەرلەمانتاری دەم پارتی نەورۆز ئویساڵ ئەسڵان ڕایگەیاند ئەم چەتانە درێژەپێدەری داعشن، ئەوەی ئێستە دەقەومێت گرێدراوی جەنگی جیهانیی سێیەمە، ئامانج لە شەڕەکە سەرکوتکردنی گەلانە، ئەوانەی دژی ئەم شەڕەن هاوشێوەی ڕۆژئاوا دەکرێنە ئامانج، گوتی: "پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنسەی ئەوروپا بەرامبەر ئەم قەیرانە بێدەنگ نەبن. پێویستە گەلی کورد بزانن کە حەلەب هەر ئامەدە. پاراستنی دەسکەوتەکانی کوردان، ئەرکی هەموو کوردێکە. بە ڕۆحی کۆبانێ لە ڕۆژئاوا سەفەربەری ڕاگەیاندرا. پێویستە کوردان لە هەموو جێیەک پشتگیری لە یەکێتیی خۆیان و ڕۆژئاوا بکەن. خاوەنداری لە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکەین. شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشی گەلانە. پاراستنی ئەرکی تەواوی مرۆڤایەتییە. بە ڕۆحی "ژن ژیان ئازادی" شۆڕشی ڕۆژئاوا بووە نموونە لە جیهاندا. ئەوانەی دەیانەوێت ئەم نموونەیە لەناوببەن. بزانن ڕۆژئاوا تەنها نییە. گەلی کورد تەنها نییە. ئێمە دەسکەوتەکانی ڕۆژئاوا لە هەموو جێیەک دەپارێزین".

ڕاگەیاندراوەکە بە چەپڵە و درووشم کۆتایی هات.

وان

پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی وان لە شەقامی هونەر کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەست. پەرلەمانتاری دەم پارتی گوڵجان کاچماز سایگیت و سەرۆکی گشتی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە) سینان چیفتیورەک و زۆر کەس بەشداربوون.

لەسەر ناوی پلاتفۆرمەکە ئەنگین ئیشک ڕاگەیاندراوی خوێندەوە و تیشکی خستەسەر کودەتای قەیوم.

سەرۆکی گشتی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (کەکەپە) سینان چیفتیورەک تیشکی خستەسەر هێرشەکان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گوتی: "بانگەواز لە کوردستانیان و گەلانی جیهان دەکەین دژی ئەم هێرشانە هەڵوێست بنوێنن".