گەلی کورد لە ١٤ ی ئایار وەڵامێکی شیاوی حکومەتی ئاکەپە دەدەنەوە

دوو کاندیدی پەرلەمانی پارتی چەپی سەوز لە شاری ئامەد، بێزاریی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی قڕکردنی سیاسی لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپەوە، ڕایدەگەیەنن گەلی کورد لە ١٤ ی ئایار وەڵامێکی شیاوی پارتی ئاکەپە دەداتەوە.

ناڕەزایەتییە گشتییەکان بەردەوامە دژی ئۆپەراسیۆنی قڕکردنی سیاسی لەلایەن دەوڵەتی تورکی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و پارێزەران و سەندیکا کوردییەکان، بەتایبەت لە شاری ئامەد و ئەنقەرە و ئەنستەنبوڵ، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئۆپەراسیۆنی سیاسی کە حکومەتی ئاکەپەی دەسەڵاتخواز دەستی داوەتێ، تێیدا سەدان کەس دەستگیرکران کە زۆربەیان ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدارن، دەیان کەسی دیکەش زیندانی کراون.

لەم بارەیەوە، هەردوو کاندیدی پارتی چەپی سەوز لە شاری وان، گوڵجان کاچماز سایگیت و هاڤین کیە، ڕایانگەیاند ئەم پێشێلکارییانە بێگومان بە قڕکردنی سیاسی دەژمێردرێن، گوتیان: «گەلی کورد لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ١٤ ی ئایار، وەڵامی ئەم پێشێلکارییە سەرکوتکەرانەی ئاکەپە دەدەنەوە».

کاندیدی پارتی چەپی سەوز، گوڵجان کاچماز، بێزاری خۆی دەربڕی دژی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەرانی پارت و ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و پارێزەران و نوێنەرانی دامەزراوە مەدەنییەکان؛ ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەڵمەتانە دژی دیموکراسی و یاسا و مافی مرۆڤن؛ هەروەها گوتی: «ئێمە دەزانین ئەم ئۆپەراسیۆنانە هەڵمەتی سیاسی و نایاسایین، ئامانجیان ترساندنی گەلی کوردە لەپێش هەڵبژاردنەکان و نەهێشتنی ئاسایشی هەڵبژاردن. لە ئەزموونەکانی پێشترەوە دەزانین، چەندین ئۆپەراسیۆنی لەم چەشنە هەبوون، بەڵام گەلی کوردی لە تێکۆشان لەپێناو دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی ساردنەکردۆتەوە، ئێمەش بەبێ وەستان خەباتی هەڵبژاردن دژی دەستگیرکردن و سیاسەتی تۆقاندن و زیندان درێژە پێ دەدەین؛ بە هەموو هێزمانەوە دژی ئەم کردەوە نادیموکراسییانە تێدەکۆشین، لە ١٤ ی ئایار وەڵامی گونجاو دەدەینە ئەم حکومەتە فاشیستە، نابێت کەس گومان لەم تێکۆشانەمان بکات».

هەروەها کاندیدی پارتی چەپی سەوز لە وان، هاڤین کەیە ڕایگەیاند، ڕووبەڕووی سەرکوتکردن و دەستگیرکردن و زیندان دەبنەوە لە گشت قۆناغەکانی هەڵبژاردندا، ڕوونی کردەوە، بەبڕوای ئەوان، ئەم دەستگیرکردنانە دەچنە خانەی قڕکردنی سیاسییەوە؛ گوتی: «کاتێک دەڕوانینە ئەو کەسانەی پێش هەڵبژاردن دەستگیر دەکرێن، دەبینین پێشێلکاریی هەیە بەرامبەر پارێزەران و ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و چالاکوانانی کۆمەڵگە، چونکە هەڵبژاردنەکان دەسکەوتێکی سیاسییە، ئیتر بۆچی ئەم کارانە دەکەن پێش هەڵبژاردن؟ بێگومان دەیانەوێت دووبارە گەل بتۆقێنن، بە گەل بڵێن دەتوانن چ بکەن، چەندێک بەرگری لە مافەکانتان بکەن، چەندێک کارە قێزەونەکانم ئاشکرا بکەن، هێشتا دەسەڵات و هێز هەر لای خۆمە. چەندین جار ئەم هەڵمەتانەمان بینی، چەندین جار دەستگیر کراین، بەڵام سەرکەوتین، ڕاستی سەرکەوت، ڕۆژنامەگەریی ئازاد سەرکەوت، هونەرمەندان سەرکەوتن. ئەم گوشارانە ئیرادەمان ناشکێنن، هەموو دەستگیرکراوەکان ئازاد دەکەین. ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایار کەمی ماوە، دەسەڵاتی پەنای بردۆتە بەر ئەم ئۆپەراسیۆن و چالاکییانە، چونکە دەزانێت شکست دەهێنێت و لەم شکستە دەتۆقێت، ترسێک گەورە نیشتۆتە دڵیان، لە ١٤ ی ئایار ئەم ترسەیان دەرخوارد دەدەین».

ف.ق