گەلی ئامەد بە بەرفراوانی ڕوودەکەنە میتینگ: بە بەرخۆدان سەردەکەوین
هەزاران کەس ڕوویان کردە میتینگی پارتی چەپی سەوز لە ئامەد، لە گۆڕەپانی میتینگەکە بەڵێنی بەرخۆدان دووپات کرایەوە.
هەزاران کەس ڕوویان کردە میتینگی پارتی چەپی سەوز لە ئامەد، لە گۆڕەپانی میتینگەکە بەڵێنی بەرخۆدان دووپات کرایەوە.
پارتی چەپی سەوز دوایین میتینگی گەورەی خۆی لە گۆڕەپانی (Îstasyon) لە ئامەد بەڕێوە دەبات، پێش میتینگەکە، گۆڕەپانەکە بە ئاڵای پارتەکە و لافیتەکان ڕازێنرایەوە. جەماوەر لە هەر سێ دەرگاوە هاتنە نێو میتینگەکە، هەروەها دەیان هەزار هاوڵاتی گەیشتنە گۆڕەپانەکە، گەلی ئامەد بە گەورە و مناڵەوە، بە ڕەنگ و جلوبەرگی فۆلکلۆری خۆیان بەشداری میتینگەکە بوون.
کاروانی کاندیدانی ئامەد لەبەردەم بارەگای هەدەپەوە و بەرەو گۆڕەپانەکە بەڕێکەوت، ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و سەدان کەس بەشداری کاروانەکە بوون تا گەیشتن بە گۆڕەپانەکە درووشمەکان دەگوترانەوە.
چەندین لافیتە بەرزکرانەوە بە درووشمی «لەژێر درەختەکە کۆدەبینەوە»، «خۆرمان بینی، ئیتر کاتی کوژاندنەوەی چراکانە»، «کۆشکی سپی دەکەوێت»، هەروەها داواکارییەکان بەرزکرانەوە بۆ فێربوونی زمانی دایک و ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان.
هەروەها گەنجان و ژنان و لاینەگرانی «Amed spor» بە لافیتەی خۆیانەوە بەشدرابوون.
چاودێرانی پۆلیس ئاستەنگیان دروستکرد بەرامبەر جلوبەرگە نەتەوەییەکان، هەروەها پێنووسەکانیان لێ زەوت کردن.
هەروەها لە گۆڕەپانەکەدا لافیتەکان بەرزکرانەوە، بە درووشمی: «بە گەنجانی ڕێکخراو، بەرەو ئایندەیەکی ئازاد»، جەماوەر بەردەوام درووشمەکانیان دەگوتەوە: «بژی سەرۆک ئاپۆ»، «ژن، ژیان، ئازادی»، «بژی بەرخۆدانی زیندان»، زایەڵەی دەنگی درووشمەکان گۆڕەپانەکەی تەنییەوە.
میتینگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی ئازادی دەستیپێکرد. وا بڕیارە پاش ئەوە، هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک و کاندیدی پەرلەمانی پارتی چەپی سەوز لە ئامەد، بەردان ئۆزتورک؛ وتەبێژی پارتی چەپی سەوز، ئیبراهیم ئەکین؛ هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پەرلەمانتاری ئامەد ساڵیحە ئایدەنیز؛ سەرۆکی گشتی پارتی ئازادی، ئایەتوڵا ئاشتی؛ سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، بایرام بۆزێل؛ جێگری هاوسەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی چەوساوەکان، بەیجان تاشکیران؛ نوێنەرانی کۆمەڵەی کوردی دیموکراتیک، لە میتینگەکەدا قسە بکەن.
هەروەها هونەرمەند شەهریبانی کوردی و گرووپی (Golgedekîler) بڕگەی گۆرانی پێشکەش دەکەن.
ف.ق