بە دیمەن

گەمارۆی سەر مەخموور بەردەوامە

هاووتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەمپی مەخموور، بێوار گوتی: "گەمارۆکانی حکومەتی عێراق و پەدەکە لەسەر کەمپی مەخموور بەردەوامە. عەرەب نەتەوەیەکی میواندۆستە، نابێت ڕێگە بە حکومەت بدەن ئەم ستەمە بەسەر میوانەکانیاندا بسەپێنێت."

گەمارۆی سەر مەخموور

بێوار ئەمینی هاووتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور) لە قسەکانیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕایگەیاند؛ لە ١٧ی تەممووزی ٢٠١٩ـەوە لەلایەن پەدەکەوە گەمارۆ خراوەتە سەر کەمپەکە و لە ١٠ی نیسانی ٢٠٢٥ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گەمارۆ دەستی پێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە.

'ڕێگرییەکان بەردەوامن'

بێوار ئەمین جەختی لەوە کردەوە کە گەمارۆدانەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر بارودۆخی ژیانی ڕۆژانەی کەمپەکە جێهێشتووە و گوتی: "لەلایەن پەدەکە و عێراقەوە گەمارۆ بەسەر کەمپەکەماندا سەپێنراوە، ناسنامەی خەڵک نوێ ناکرێتەوە و ڕێگە نادەن پێویستی بیناسازی بچێتە ناو کەمپەکەوە. بە هەمان شێوە کێشە لەبواری خوێندن و پەروەردەەوە هەیە؛ خوێندکارەکانمان ڕێگەیان پێنادرێت لە زانکۆکان بخوێنن. هەروەها پێداویستییەکانی پەروەردە، تەندروستی و شارنشینی لە کەمپەکەدا دابین ناکرێت، ئاستەنگی جۆراوجۆرمان بۆ دروست دەکرێت، کەسانێکی تووشبوو بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە کەمپەکەدان، بەڵام ڕێگرییان لێدەکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری ڕوو لە شارەکان بکەن و هەروەها ڕێگە نادرێت پێویستی بیناسازی بچێتە ناو کەمپەکەوە."

'ماوەی ٣٠ ساڵە پەنابەرین لە عێراق'

بێوار ئەمین لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "بە ئارەزووی خۆیان مافی خەڵکی ناو کەمپەکە پێشێل دەکرێن، خەڵکی ناو کەمپەکە پەنابەری نوێ نین، ئێمە ٣٠ساڵە لەم کەمپەدا دەژین، هەم نەتەوە یەکگرتووەکان و هەم حکومەتی عێراق ئاگاداری هەموو شتێکی ئێمەن. بەڵام ئێستا بە ئارەزووی خۆیان کێشە و گرفتمان بۆ دورست دەکەن. پرسی ناسنامە بەتایبەتی کێشەیەکی جددییە. چونکە هەر جۆرە هاتووچۆیەکمان ڕاگیراوە."

'ئەوە پێنج ساڵە خوێندکارانی مەخموور ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن'

بێوار ئەمین ئەوەشی ڕوونکردنەوە کە ماوەی ٥ساڵە خوێندکارانی زانکۆمان لە مافی خوێندن بێبەش کراون و وتی: "منداڵانی ئێرە بە هەوڵی دایک و باوکیان بۆ ماوەی ١٢ساڵ لێرە دەخوێنن ، بەڵام ئیتر ناتوانن زانکۆ بخوێنن لەبەر ئەوە ڕێگرییان لێدەکرێت. ئەم دۆخە کاریگەری زۆری لەسەر گەنجان هەیە. لە ئێستادا خوێندکارانی زانکۆ ناچارن لە بواری بیناسازیدا کار بکەن. هەروەها نەخۆشەکان و بەپێی یاسا پێویستە حکومەت چارەسەریان بکات یان نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیریان بکات بەڵام بەداخەوە جگە لە دروستکردنی بەربەست هیچ شتێکیان بۆ ناکرێ، هەموو ئەمانە بەشێکن لەو گەمارۆدانانەی کە لە دژی ئێمە جێبەجێ دەکرێت."

بێوار ئەمین لەکۆتاییدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد دەستبەرداری ئەو سیاسەتانە بێت و وتی: "ئەوە ماوەی ٣٠ساڵە ئاوارەی عێراق بووین، تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچ کێشەیەکمانی چارەسەر نەکردووە، گەلی عەرەب گەلێکی میواندۆستن، بەڵام دەبینین هەندێک لایەنی ناو حکومەت هۆکارن لە دروستبوونی کێشەکانمان. خەڵکی کەمپەکە کەسانێکی خۆڕاگرن و تا ئێستاش لەبەر دەم هیچ کەس سەریان دانەنواندووە، ئەگەر بەربەستەکان بەردەوام بن، مافە دیموکراتیکەکانیان بەکار دەهێنن و بەرگری لە مافەکانیان دەکەن، بۆیە داوا بەرپرسانی عێراق دەکەین دان بە مافە یاساییەکانی پەنابەرانی ناو کەمپەکە بنێین."