گەنجانی شەنگال ڕێپێوانیان کرد: بۆ بەشداربوون لە بەرخۆدان ئامادەین

بە پێشەنگایەتی یەکێتیی گەنجانی ئێزدی دژی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا، ڕێپێوانێک ئەنجامدرا. گەنجانی ئێزدی جەختیان کردەوە "ئێمەش بۆ بەشداربوون لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا ئامادەین".

لە شەنگال بە پێشەنگایەتی یەکێتیی گەنجانی ئێزدی و بە پێشەنگایەتی یەکێتیی ژنانی گەنجی شەنگال دژی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا ڕێپێوان ئەنجامدرا.

سەدان کەس لەبەردەم قوتابخانەی زەریفە ئۆسێ (قوتابخانەی سوور)ـی شەنگال تا چوارڕیانی یەرموک ڕێپێوانیان کرد. پۆستەری ڕێبەر ئاپۆ و ئاڵای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و بزووتنەوەی گەنجان هەڵگیرا.

لە چوارڕیانی یەرموک کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بەسترا. وتەبێژی یەکێتی گەنجانی ئێزیدخان سارا بۆتان سڵاوی لە بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و پشتیوانی گەنجان و گەلی شەنگالی بۆ بەرخۆدانەکە دەربڕی، جەختی کردەوە دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئیرادەی گەلی ڕۆژئاوا بشکێنێت، گوتی: "با دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی باش بزانن، هەرگیز ناتوانن ئەم ئیرادەیە بشکێنن. چونکە خاوەنی ڕێبەرێکی وەک ڕێبەر ئاپۆ و ئیرادەی هەزاران شەهیدین".

"ئێمەش بۆ بەشداربوون لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا ئامادەین"

سارا ڕایگەیاند لە فەرمانی ٢٠١٤ ڕۆژئاوای کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەرگاکانی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی کردەوە، گوتی: " ئێمەش وەک کۆمەڵگەی ئێزدی دەڵێین تا کۆتایی لەگەڵ گەلی ڕۆژئاوامان دەبین. کۆمەڵگای ئێزدیمان لە شەهبا کۆچبەرن، تا کۆتایی لەگەڵیانین. ئێمە وەک گەنجی ئێزدی ئامادەین بچین و بەشداربین لە پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان. چونکە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان هێرشن بۆ سەر شەنگالیش. ئێمە دەڵێین بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا، بژی بەرخۆدانی یەپەگە و یەپەژە. سەرکەوتن بۆ گەلی ڕۆژئاوا دەبێت. هەروەک چۆن کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٥ نەکەوت، ئەمڕۆش ڕۆژئاوا ناکەوێت".

هەروەها لەسەر ناوی دەستەی عەشیرەتەکانی شەنگال شێخ موراد پەیامێکی کورتی دا، گوتی: "هەمووان دەزانن ساڵی ٢٠١٤ چی بەسەر گەلی ئێزدی هات. هەمووان بینیان چۆن کچ و ژنانی ئێزدی لە بازاڕەکان دەفرۆشران. چۆن سەری ڕۆڵەکانمانیان بڕی. ئێستە دەیانەوێت هەمان شت بەسەر ڕۆژئاوا بێنن. ڕۆژئاوا شەنگال و شەنگال ڕۆژئاوایە".