'گەر عێراق دان بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا بنێت، ئەوا ئێزدیی خۆیان بە بەشێک لە عێراق دەبینن'

حسێن سادۆ جێگری هاوسەرۆکایەتی مەخەدەشە ئاشکرایکرد بۆ ئەوەی عێراق بە فەرمی جینۆسایدی ئێزدییەکان بناسێنێت هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ دەستپێدەکەن و وتی: "تاکو ئێستا دەوڵەتی عێراق بە فەرمی جینۆسایدی ئێزدییەکانی نەناساندووە."

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لە ١٣ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بۆ بە فەرمی ناساندنی جینۆسایدی سەر ئێزدییەکان هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆی ڕاگەیاند و تا جەژنی چوارشەممەی سور، کە دەکاتە نیسانی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت. ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی شەنگال، عێراق، کوردستان و جیهاندا بەڕێوەدەبرێت. واژۆکان بە شێوازی دەستی و دیجیتاڵێ کۆدەکرێنەوە. دەربارەی ئامانج و کارەکانی هەڵمەتەکە حسێن سادۆی جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال (مەخەدەشە) بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا مانگی داهاتوو دەست بە کۆکردنەوەی واژۆ دەکەن و لە چاوەڕوانی بەشداربوونی بەهێزی گەلدان.

'تا ئێستا عێراق جینۆسایدەکەی بە فەرمی نەناسیوە'

لە قسەکانیدا سادۆ ڕەخنەی لە سیاسەتی عێراق گرت دەربارەی جینۆسایدی سەر کۆمەڵگەی ئێزدییەکان و ئەمەی وت: "تاکو ئێستا عێراق دانی بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا نەناوە، لە ڕووی ئیداری و فەرمیاتەوە ئێزدییەکان گرێدراوی عێراقن، لەسەر خاکی عێراق دەژین، ئەوەی عێراق دەبارەی جینۆسایدەکە کردوویەتی تەنها قسەکردنە و نەبووە بە فەرمی." سادۆ دەربارەی هەڵمەتەکە ئاشکرایکرد دوابەداوی کۆکردنەوەی واژۆکان، دەرنجامەکە ئاڕاستەی سەرۆکایەتییەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق دەکەن.

'قبوڵکردنی جینۆسایدەکە عێراق بەهێز دەکات'

لە بەردەوامی قسەکانیدا سادۆ سەرنجی خستەسەر دۆخی ناوچەکە و وتی: "لە ئێستادا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی هەستیاردایە. گەر عێراق بەشێوەکی فەرمی دان بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا بنێت، ئەوا کۆمەڵگەی ئێزدی خۆی بە بەشێک لە عێراق دادەنێت."

'نیگەرانین لە حکومەتی عێراق'

لە کۆتایی قسەکانیدا حسێن سادۆ جێگری هاوسەرۆکایەتی مەخەدەشە ئاماژەی بە نیگەرانی کۆمەڵگەی ئێزیدیەکان کرد لە بەرانبەر عێراقدا و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "زۆر نیگەرانین لەوەی کە حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی دان بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا نانێت و هیچ مافێکی ئێزدییەکانی لەبەرچاونەگرتووە. گەر دان بە جینۆسایدی ئێزدییەکاندا بنێت ئەوا لە سودی عێراقیشە."