گردبوونەوەی ئازادی: گەل دژی بەربەستەکانی پۆلیس خۆڕاگری دەکەن

بەهەزاران کەس کە لە شارە جیاوازەکانەوە ڕوویانکردە ئامەد، ڕووبەڕووی ئاستەنگیەکانی پۆلیس بوونەوە. گەل بە بەرخۆدان دژی بەربەست و رێگرییەکانی پۆلیس دەوستنەوە.

ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان لە ئامەد بە دروشمی 'ئێمە دژی پیلانگێڕی بەرخۆدان دەکەین، لە ئامەد بۆ ئازادی کۆدەبینەوە' گردبوونەوە بەڕێوەدەچێت.

بەڵام بە بیانووی قەدەغەکردنی پارێزگارەوە، پۆلیس لە ناوچە جیاجیاکانی ئامەدەوە ڕێگریی لە هەزاران کەس کرد بچنە شوێنی گردبوونەوەکە. پاش ئاستەنگیەکان، لە زۆربەی شارەکان چالاکی مانگرتن دەستیپێکرد.

لە ئێلح چالاکی دانیشتن و بڕینی ڕێگاکان

بەسەدان کەس کە لە ئێلح ویستیان بگەنە ئامەد، پۆلیس ڕێگریی لێکردن. جەماوەر لەدژی ئاستەنگییەکان چالاکی دانیشتن و بە بڕینی ڕێگاکان چالاکیان ئەنجامدا. مستەفا مەسعوود تەکیک هاوسەرۆکی دەم پارتی ئێلح لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "بڕیاری پارێزگاری ئامەد بۆ ئێلح بەکار نایەت. مافی هاتووچۆمان ئاستەنگ دەکرێت."

لە شاری سێرت بە سەماکردن چالاکی ئیدانەکردن بەڕێوە چوو

ئەو گروپانەی لە سێرتەوە بەڕێکەوتن، لە کاتی چوونە دەرەوەیان لە شار لەلایەن پۆلیسەوە ڕێگرییان لێکرا. هەروەها هاوڵاتیان بەرامبەر ئاستەنگیەکان بە سەمای "ئازادی" دەستیان بە چالاکی کرد.

بەرخۆدان له ئامەد و دەوروبەری

هاوڵاتیانی ناوچەی ئەلکێی شرناخ سەر لە بەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە ئامەد و لە گۆڕەپانی شێخ سەعیدی ناوچەی سووری ئامەد کۆبوونەوە. پۆلیس بە زۆر گروپەکەی بە ئۆتۆمبێل بردووتە دەرەوەی شار. مەقبولە ئاشان لەو بارەیەوە وتی: "ئێمە خۆپیشاندانەکەمان ئەنجام دەدەین، کەس ناتوانێت ڕێگریمان لێ بکات. ئێمە ئەم ستەمە قبوڵ ناکەین. لەبەرامبەردا بەرخۆدان دەکەیەن. بژی کوردستان."

لە شاری وان چالاکی دانیشتن

بەسەدان کەس لە پارکی ئیپەکی وان کۆبوونەوە و دەستیان بە خۆپیشاندان دژی ڕێگریەکانی پۆلیس کرد و دروشمی "ئێمە بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "نا بۆ شەڕ، بەڵی بۆ ئاشتی" یان بەرزکردەوە. وەیسی دیلەکچی هاوسەرۆکی دەم پارتی وتی: "ئەم قەدەغەکردنانە دژایەتیکردنی ئاشتییە. تاوەکو گۆشەگیریی بەڕێز ئۆجالان هەڵنەگیرێت هیچ چارەسەریەک بەدی نایەت."

'هەموو شوێنێک ئامەد، هەموو شوێنێک بەرخۆدان'

پەرلەمانتاری دەم پارتی وان گوڵجان کاچماز سایگیتیش لەسەر ئاستەنگیەکان کاردانەوەی نیشاندا وتی: " کورد و دۆستانیان لە دژی ئێوە سەردانانوێنن. ئێوە خۆپیشاندانتان لە ئامەد قەدەغە کرد، بەڵام بۆ ئێمە هەموو شوێنێک ئامەدە و هەموو شوێنێک ناوەندی بەرخۆدانە."

له هەموو شارەکان چالاکی دژی ئاستەنگییەکان بە داوای ئاشتی و ئازادییەوە بەردەوامە.