لە چوارچێوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن، لە ناوچەی سەرحەد لە شارۆچکەی بەدلیس لە تەتوان، پارتی چەپی سەوز لەگەڵ گەلدا کۆبووییەوە. هەریەک لە وتەبێژی پارتی چەپی سەوز، چیدەم کلچگۆن ئوچار؛ هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی هەرێمەکان (دەبەپە) کەسکین بایندەر؛ لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) ئامادەی مەراسیمەکە بوون. هەروەها سەدان کەس بە درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی» و «بەدلیس دەبێتە گۆرستانی فاشیزم» ڕوویان کردە نووسینگەی هەڵبژاردن.
ڕێگەمان ڕێگەی سێیەمە
چیدەم کلچگۆن ئوچار، پاش ناساندنی کاندیدەکان قسەی کرد و باسی لە هەستیاریی قۆناغەکە کرد، بەو پێیەی هەڵبژاردنی ١٤ ی ئایار زۆر گرنگە بۆ گەلی کورد و سەرتاپای تورکیا، هەروەها ڕوونی کردەوە سیاسەت لەنێوان دوو لایەن بەڕێوە دەچێت، «یەکەمیان هاوپەیمانیی کۆمارە کە ناسراوە بە سیاسەتی دژە کورد و دژە ژن؛ دووەمیان، هاوپەیمانیی گەلە کە چارەسەری هەمیشەیی نادۆزێتەوە بۆ کێشە سەرەکییەکانی تورکیا؛ لەبەرامبەردا، هاوپەیمانییەکەی ئێمە هەیە، ڕێگەکەمان ناوی ڕێگەی سێیەمە و هاوپەیمانییەکەمان ناوی هاوپەیمانیی سێیەمە، بەڵام چەندین هێز لەنێو هاوپەیمانیی سێیەم هەن. ئێمە وەک هاوپەیمانیی ڕەنج و ئازادی لە گۆرەپانەکەین، ئێمە وەک هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسیی کوردی لە گۆڕەپانەکەین، بۆیە ئێمە لە هەمووان بەهێزتر بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین».
هەروەها ئوچار ئاماژەی بەوە کرد، ئێمە لە ئێستەوە براوەین، باسی لە ڕووداوی وێرانکردنی گۆڕستانی خەرزان و دەرهێنانی تەرمەکان کرد و گوتی: «شکستهێنان بەم دەسەڵاتەی کە ستەم لە مردووەکانیشمان دەکات، قەرزێکە لە گەردنمان».
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی تەتوان دەبێتە شوێنی کۆتاییهاتنی ئەم دەسەڵاتە، هەروەها گوتی: «کورد و هێزە کوردستانییەکان چارەنووسی هەڵبژاردن یەکلادەکەنەوە».
پاش پێشکەشکردنی وتارەکان، نووسینگەکە کرایەوە، بەم پرۆگرامە گەڕی پارتی چەپی سەوز لە سەرحەد کۆتاییهات.
ف.ق