هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادی: سلێمانی سەر بۆ هیچ داگیرکەرێک شۆڕ ناکات

دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادیی لەبارەی هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت رایگەیاند: "تاکە رێگەی خۆپاراستن یەکێتی و یەکڕیزییە" و جەختیشی کردووەتەوە، " سلێمانی سەر بۆ هیچ داگیرکەرێک شۆڕ ناکات".

لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و ھەڵوێستێکی دوژمنکارانە و ڕقاوییە لە بەرامبەر ئەو ھێزە تۆکمەیەی ھەرێمی کوردستان کە ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی ھەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و شەڕی دژ بە داعش لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان:.

باس لەوەشکراوە، "ھێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا و شنگال و پیلانگێڕییەکانی لەسەر باشووری کوردستان و بە تایبەت پارێزگای سلێمانیی دەبەستنەوە بە تۆڵەی ئەردۆغان لەو هێزانەی کە داعشیان تێکشکاند و تێیدا هاتووە، چەندین جار لەسەر زاری بەرپرسە باڵاکانیانەوە ھەڕەشەیان کردووە یان دەبێت مل بۆ پڕۆژە داگیرکارییەکەیان بدرێت و ببنە کەواسووری بەر لەشکر وەک ئەوەی ئێستا پارتی و بازانیی دەیکات یان شەڕ و گەمارۆدان و تیرۆر!".

باسیان لەوەشکردووە، داگیرکەرانی کوردستان ھێرش و پیلانگێڕییەکانیان چڕتر کردووەتەوە دوای شکستی یارییە قێزەونەکەیان لە کەرکووک کە لەلایەن بەرەی تورکمانیی و پەدەکە و تورکیاوە داڕێژرابوو، ئەم جارەیان پەلاماری ھێزی دژەتیرۆریان دا لە سلێمانیی، بەڵام دەبێت داگیرکەرانی کوردستان بزانن سلێمانی ھیچ کات سەری بۆ ھیچ ستەمکار و داگیرکەرێک شۆڕ نەکردووە و نایکات بەڵکو لە بەرامبەر پیلانگێڕیی و ھێرشەکاندا بە درێژایی مێژوو ھێڵی بەرخۆدان و نیشتیمانپەروەریی بەھێزتر کردووە".

جەختیشیان لەوە کردووەتەوە، تاکە ڕێگە و بژاردەمان تەنھا یەک ڕیزیی و پێکەوەبوون و بەرگریی لەخۆ کردنە، خۆسپاردنە سیاسەتی داگیرکەران کاری سیخوڕ و خۆفرۆشانە و ئەنجامەکەی پەرتەوازەیی و ڕیسوابوونە.

هاوکات بانگەوازیی دەکەن، حکومەتی عێراقی فیدراڵ، پەرلەمانتاران، دۆستەکانی گەلی کورد و ھاوپەیمانی نێونەتەوەیی، ئەرکی ئەخلاقیی و یاسایی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئەو کردەوە دوژمنکارانەیەی دەوڵەتانی داگیرکەر، بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ڕابگرن و بە شێوەیەکی ھەمیشەیی ھێرشی ئاسمانیی و زەمینیی قەدەغە بکرێت.

لە کۆتاییشدا تێیدا هاتووە، "ھەزاران سڵاو بۆ گیانی بەرزەفڕی، ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی دژەتیرۆر کە لە بۆردوومانەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت شەھیدبوون، ڕیسوایی و شەرمەزاریی بۆ خۆفرۆشان و داگیرکەرانی کوردستان."

هـ . ب