هاوسەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی توێژینەوەی کوردی بە شەش ساڵ زیندان سزادرا

ماوەی ٦ ساڵ و ٣ مانگ سزای زیندانیکردن بۆ ئەیوب سوباشی هاوسەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی توێژینەوەی زمان و کولتووری کوردی بڕایەوە.

لە چوارچێوەی سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی تورک لە دژی کولتوور و زمانی کوردیدا، سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیکردن بۆ ئەیوب سوباشی هاوسەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی توێژینەوەی زمان و کولتوری کوردی بڕایەوە. کۆمەڵەکە پەیوەست بەم بابەتەوە لەسەر هەژماری خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و سزادانەکەی بە سیاسەتی دژایەتیکردنی زمانی کوردی داناوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ساڵێک پێش ئێستا هاوسەرۆکی پێشووی کۆمەڵەکەمان مامۆستا ئەیوب سوباشی بە شێوەیەکی نایاسایی دەستگیرکرا، ئەمڕۆش دادگا لە دانیشتنی دووەمیدا بە شێوەیەکی نایاسایی ٦ ساڵ و ٣ مانگ سزای بۆ بڕییەوە."

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا کۆمەڵەی توێژینەوەی کوردی بانگەوازی لە ڕای گشتی دەکات بەرامبەر ئەم کردەوە نایاساییە بێدەنگ نەبن و هاتووە: "ئامانجی ئەم کارانە بۆ ئاستەنگکردن و ڕاوەستاندنی کار و خەباتەکانی زمانی کوردییە. بە هیچ شێوەیە ئەمە قبووڵ ناکەین. بە کاربەدەستان دەڵێین؛ دەست لە سزادانی زمانی کوردی و خەباتکارانی زمانی کوردی بەردەن.  ئەم سزا ناڕەوایە هەڵوەشێننەوە."