هەدەپە سەردانی خانەوادەی عەبدوڵلا ئۆجالانی کرد

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ و یاسایی هەدەپە سەردانی خانەوادەی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کرد کرد.

 

کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ و یاسایی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە چوارچێوەی ١٠ی کانونی یەکەم، هەفتەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا سەردانی خانەوادەی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کرد لە گەڕەکی ئامارای ناوچەی خەلفەتی روحا. شاندەکە بە سەرۆکایەتی ئومێد دەدە یاریدەدەری هاوسەرۆکی گشتی بۆ کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆب و یاسایی هەدەپە، لەلایەن محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵلا ئۆجالان پێشوازی لێکرا.

'گۆشەگیری ئیمڕالی سەرچاوەی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤە'

ئۆمێد دەدە پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەفتەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا لە زۆر شار و ناوچە سەردانی گەل و ئەو خانەوادانەیان کردووە کە رووبەرووی ناعەدالەتی هاتووە و بە تێکۆشانیان بوونەتە سمبوڵ. دەدە باسی ئەوەی کرد کە سەرچاوەی پێشێلکاریەکانی مافەکان لە تورکیا گۆشەگیری ئیمڕالیە و وتی، "گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵلا ئۆجالان ئێدی لە نێو هەموو کۆمەڵگا بڵاوبووەتەوە. ئەمڕۆ هەموو وڵات لەژێر گۆشەگیریدایە. گفتوگۆکردن لەسەر نایاساییبوونی گۆشەگیریش هیچ واتایەکی نییە. ئێمە ناتوانن سوود لە سەرەتاییترین مافی مرۆڤ وەربگرین. لەبەرئەوەی ناتوانین سوود لە مافەکان وەبگرین، زانیاریشمان لەسەر دۆخی بەڕێز ئۆجالان نییە. لە رووی یاساییەوە ئەمە گەورەترین پێشێلکاریە. بۆیەش سەردانی ئێرەمان کرد."

'پێویستیمان بە عەبدوڵلا ئۆجالانە'

دەدە لە بەردەوامی قسەکانیدا رایگەیاند کە ئەوەی لە ئیمڕالی روودەدات 'تاریکترین شێوی ناعەدالەتیە' و وتی، " ئیمڕالی کانگای ناعەدالەتیە. ماوەیەکی زۆرە خانەوادە و کۆمەڵگا زانیاریان بەدەست نەهێناوە. ئەمە لە رووی یاسایی و سیاسیەوە قبوڵ ناکرێت. سیستمی ئیمڕالی سیستمێکە کە لە دەرەوەی سیاسەتی تورکیادایە. کلیلی ئەو زریانەی کە وڵاتی گرتووەتەوە لە ئیمڕالیە. ٢٢ ساڵە گۆشەگیری بەردەوامە. بینیمان کاتێک گۆشەگیری کەمێک سووک دەکرێت، مرۆڤ چۆن ئاشتی دەبینێت. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یاساییەکان بۆ شکاندنی گۆشەگیری تێدەکۆشن. کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی وەزیران بۆ ئەوەی هەنگاوێک بنێت، کاتی بۆ تورکیا دیاری کرد. وەک پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ پێویستە لەدژی گۆشەگیری تێبکۆشین. بە راستی پێویستیمان بە بەڕێز ئۆجالان هەیە."

ناڕەزایی لەدژی ئۆپۆزسیۆن: پێویستە لەدژی گۆشەگیری بوەستنەوە

محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵلا ئۆجالان رەخنەی لە پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن گرت کە لەدژی گۆشەگیری بێدەنگن و وتی، "ئۆپۆزسیۆن هیچ کاتێک ناڕەزایی دەرنەبڕیوە. ئەم کێشەیە بە تەنها کێشەی کورد نییە. کێشەی هەموو گەلانە. ئەوانەی دەڵێن ئێمە لەگەڵ گەلی کوردداین، پێویستە رۆژێکیش بە باشی لە هۆکاری گۆشەگیری بپرسن. هەڵە دەکەن. ئەوانەی دەنگی کوردیان دەوێت، چارەسەری لە ئیمڕالیە. ئێمە نازانین ئەو ٤ کەسەی لە ئیمڕالیدان، ماون یان نە."

محەمەد ئۆجالان باسی ئەوەشی کرد کە پێویستە ئەم بابەتە زیاتر بورۆژێنرێت و وتی، "ئێمە لە هەفتەی مافەکانی مرۆڤداین، هیوادارین ئەوانەی بێدەنگیان هەڵبژاردووە لە ماوەیەکی کەمدا قسەی بکەن و مافی مرۆڤ بپارێزن. ئەم بابەتە پێکەوە بەستراوەتەوە. لە ئیمڕالی کێشەکە چارەسەر دەبێت. ئەمە کێشەی کەسێک نییە، کێشەی هەموو کەسێکە. هیوادارین هەدەپە ئەم بابەتە زیاتر بورۆژێنێت. بە دەنگێکی نزم ئەم کێشەیە چارەسەر نابێت. ئەگەر دەرگاکانی ئیمڕالی بکرێنەوە، لە ماوەی هەفتەیەکدا کێشەکە چارەسەر دەبێت."

ف.ق