جێگری هاوسەرۆکی گشتی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی زمان و کەلتوور و هونەری پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، عومەر ئۆجالان، ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بۆ ڕای گشتی کوردی بڵاوکردەوە، بەبۆنەی ١٥ ی ئایار، ڕۆژی زمانی کوردییەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:
«لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ و لە ١٥ ی ئایاری ١٩٣٢، لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، بە سەرپەرشتی جەلادەت بەدرخان، یەکەمین ژمارەی گۆڤاری «هاوار» بڵاوکرایەوە، هەڵبەت گۆڤاری «هاوار» ڕۆڵێکی مێژوویی مەزنی گێڕا لە پەرەپێدانی زمانی کوردی، لە ساڵی ٢٠٠٦ ەوە ڕۆژی ١٥ ی ئایار وەک ڕۆژی زمانی کوردی ناسێنراوە و ساڵانە یادی دەکرێتەوە.
لە سەدەی یەکەمی کۆمار، زمانی کوردی ڕووبەڕووی سیاسەتی قەدەغەکردن و سەرکوتی بەردەوام بۆتەوە. هەروەها لەم ساڵانەی دوایی، لەڕێگەی هێرشەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە و قەدەغەکردنییەوە، دەیانویست زمانی کوردی لەناوببەن. بەڵام بە تێکۆشانی گەلی کورد لە ماوەی سەدەیەکدا، سیاسەتی قێزەونی دەسەڵات شکستی هێنا. لەگەڵ ئەم تێکۆشانە بەردەوام و بێوێنەیەدا، زمانی کوردی تا ئەمڕۆ خۆڕاگری نواند، گەیشتە ئاستێکی بەهێز. ئێمە دڵنیایین ئەم ئەم تێکۆشانە ئەنجامی ئەرێنی دەبێت لە هەموو ڕەهەندەکانی سەدەی دووەمی کۆمار، زمانی کوردی دەبێتە زمانی فەرمی و زمانی فێرکردن. بە هێزی گەلەکەمان، بەبێ وچان و کەمتەرخەمی، تێکۆشان مەزنتر دەکەین لەپێناو زمانی کوردی، بێگومان سەردەکەوین.
بەم هەست و باوەڕەوە، بە ڕێز و شکۆوە یادی ئەو نوسەر و شاعیر و توێژەرە کوردییانە دەکەینەوە، کە لە قۆناغی دامەزراندن و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری «هاوار» هەوڵی گەورەیان داوە، ڕۆژی زمانی کوردی پیرۆز دەکەین لە هەموو عاشقان و ڕەنجدەرانی زمانی کوردی و هەموو گەلی کورد».
ف.ق